دۆسییەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەکوێ دەگات؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

لیژنەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەکانی کارەکانی تەواو کرد و هەموو بەڵگەکانیشی رەوانەی دادگا کردووە. سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت ”هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبارەکە، داواش لە دادگا دەکات بڕیاری دادپەروەرانە لەسەر دۆسیەکە بدات”.    

رۆژی 16-12-2018 سێوان قادر و سێ منداڵی له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌هۆى ئاگركه‌وتنه‌وه‌وە لە ماڵەکەیان سووتان و هەر ئەم شەوە سێ منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا و سێوانیش دوای هەشت رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سلێمانی گیانی لەدەستدا. بە تۆمەتی سووتاندنی سێوان و منداڵەکانی ئافرەتێک و هاوژینی سێوان دەستگیرکران، بەڵام ئافرەتەکە ئازادکرا، هاوژینی سێوانیش تائێستا لە زیندانە، بەڵام هێشتا سزا نەدراوە و دۆسیەکەی لە داداگا بەردوامە.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، عومەر ئەحمەد، گوتەبێژی دادگای سلێمانی، سەبارەت بە دۆسییەی سێوان قادر و منداڵەکانی، ڕایگەیاند “دادگایی کردن لەسەر دۆسییەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی هەموو قۆناغەکانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی”.       

گوتەبێژی دادگای سلێمانی، گوتیشی “بڕیارە 28-7-2020، دانیشتنی دادگای سلێمانی لەسەر دۆسییەکە ئەنجامبدرێت و یەکلایی بکرێتەوە، کە ڕەنگە ئەمەش کۆتا دانیشتنی دادگای سلێمانی بێت لەسەر دۆسییەکە. هەروەها دادگا هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بەڵگەکان دەکات، کە دێتە بەردەستی، قسەی کۆتاییش لای خودی دادگا خۆیەتی و هەموو بڕیارەکانی دادگاش قابیلی تەمیزن”.         

هەر لەبارەی دۆسییەی سێوان قادر و منداڵەکانییەوە، شادی نەوزاد، جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان، بە نوچەی، ڕاگەیاند: ئێمە وەک لیژنەی پەرلەمانی کوردستان داواکارین، هەموو ئەو بەڵگانەی، کە هەن لەسەر دۆسییەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی بەتەواوەتی و ڕاست و دروستی بخرێنەڕوو-و هیچ دەستێوەردانێکیش لە کاری دادگاکاندا نەکرێت، لەپێناوی ئەوەی، کە لایەنێک لەبەر خاتری لایەنێکی دیکە مەغدوور بێت.    

شادی نەوزاد، دەشڵێت “هیوادارین کە دادگا بتوانێت بەتەواوەتی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات و دۆسییەکە بگاتە ئەنجامی کۆتایی، چونکە ئەم دۆسییەکە کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیووە، بەڵگەکانیش بەڵگەی زۆر جیاواز و ڕوون لە بەردەستی دادگادایە، وەک پەرلەمانی کوردستان چاوەڕوانین، ناتوانین دەستوەردان لە کاری دادگاکان بکەین تا دەگاتە ئەنجامی کۆتایی، ئێمە دەتوانین تەنها چاودێر بین. بۆیە وەک ئەرکی پەرلەمانی خۆمان چاودێرین بەسەر دۆسییەکەوە و ئاگاداری هەنگاوەکانی داهاتووشیان دەبین”.    

لای خۆشیەوە، عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە، لەسەر دۆسییەی سێوان قادر، بەنوچەی، گوت “ئێمە وەک لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەوەی، کە پێویستە لەناو دۆسییەکەی سیوان قادر و منداڵەکانی، لەڕووی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دۆسییەکە، توانیومانە هەموو شتێک بکەین، بۆئەوەی بتوانین شتێک بخەینە بەردەمی دادگا، تا بتوانێت لەکاتی دادگاییکردنەکەدا سوودی لێوەر بگرێت”.   

سەرکەوت عومەر، گوتیشی “هەرکات ئەنجامی دادگاییەکە بڵاوکرایەوە بۆ ڕای گشتی، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی و لیژنەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە دۆسییەکە، ڕاو بۆچوونی خۆمان لەسەر دادگاییکردنە بڵاو دەکەینەوە، ئێمە بەشیوەیەکی یاسایی، هەموو ڕێکارێکی یاسایی و ئیداری دەگرینەبەر، بۆئەوەی بتوانین ئەوەی، کە پێویستە بیکەن لەپێناو چەسپاندنی داد پەروەری، هەرچەندە من گومانم لە دڵسۆزی و پەرۆشی ئەو دادوەرە بەڕیزانە نییە، کە ئێستا لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکادا بەشدارن، ئەوان کەسانی بە توانا و بە ئەزموونن”.                    

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان و خێزانی سلێمانی، ڕاشیگەیاند “ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی زۆر باش و هێنانەدی داد پەروەری تەواو لەدۆسیەکەدا دەکەین و چاوەڕوانی ئەنجامێکین، کە بەدڵی هەموو لایەک بێت، بۆیە ئێمە هیچ گومانێکمان لەوە نییە، کە دادوەرە بەڕێزەکان داد پەروەر نەبن لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا، بەڵام ئێمە لە هەر حاڵەتێکی نوێ، کە بێتە پێشەوە لە دۆسییەکە، قسەی خۆمان دەبێت”.  

وابڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 19-7-2020 دوایین دانیشتنی دادگا لە بارەی کەیسی سێوان قادر بەڕێوەبچێت، بەڵام لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبار دانیشتنەکە بۆ رۆژی 28-7-2020 دواخرا.

دەقی روونکردنەوەی سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەی سێوان قادر و منداڵەکانی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان:

کەیسی سێوان قادر و عەدالەت

ماوەیەکی زۆرە زۆربەی دەزگا میدیایی و راگەیاندنەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە چارەنووسی کەیسی خوالێخۆشبووان سێوان قادر و منداڵەکانی بە سیفەتی ئەوەی ئێمە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بووین لەم دۆسیەیەدا، بە پێویستی دەزانم دوایین قسە و سەرنجی خۆمان پێش دوا بڕیاری یەکلاکەرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینەڕوو.

1- لەگەڵ دەستبەکاربوونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵدا، هەموو رێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی روووداوەکە، لێکۆڵینەوە لە رووداوێکی لەم جۆرە نەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نییە و ماندووبونی زۆری ویست.

2- دووبارە ئەنجامدانەوەی هێڵکاری شوێنی رووداو گەران بەدوای فاکتەکاندا و سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگە و تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشت و مڕێکی زۆری نایەوە.

3- پاش گۆاستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ و رەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی، تا گەیشتە کۆتایی ماوەیەکی زۆر تێپەڕی بەسەریدا بەهۆی رەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان و چەند جارێک رەوانەکردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی.

4- ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لە لیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیرو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان راسپێردراین کە دەبێت شەو و رۆژ بخەینە سەر یەک بە مەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی رووداوەکەو دیاریکردنی تاوانبار و ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕ و دادوەری تایبەتمەند زۆر ماندوونەناسانە کاریان کرد تا ساتی رەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان و تەواوکردنی لێکۆڵینەوە.

ئێمە بەپێویستی دەزانین لێرەوە بە رای گشتی رابگەیێنین کە هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ بوونی تاوان و بکەری تاوان لە دۆسیەکەدا، هەروەها دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان

زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندووبوونی تیمی لێکۆڵینەوە بە زێدە ناڕوات و ئەنجامیش هەموومان لە بەردەم خوا و عەدالەتدا سەربڵند دەبین و دادگای تاوانەکانیش لە جێگەی ئەو وتەپیرۆزەدا دەبن کە دەفەرموێ (وآذا حكمتم بین الناس ان تحكم بالعدل).

عەمید سەرکەوت عومەر

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com