سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

0

سەرۆك مەسعود بارزانی، بەبۆنەی جەژنی قوربان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیھان دەكات و داوا لە لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكات لە ئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندابن.

لە پەیامەکەی سەرکدا هاتووە “لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو بارودۆخە سەختە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و كاری هاوبەش و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان هەنگاو بنێین. وێڕای ئەوەی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانم كە لە هەموو قۆناغەكان تەحەمولی سەختی و تەحەددیاتەكانیان كردووە، جەژنی پیرۆزی قوربانیش بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەم كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن .ئەوەیشمان هەردەم بەبیر بێت كە بەتەبایی و یەكڕیزی كێشەكان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێكەوەیی و یەكڕیزیدا دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە دی”.

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم و  هیوادارم ئەو جەژنە ببێتە مایەی خۆشی و بەرەكەت و ئاشتی لە كوردستان و عێراق لە ناوچەكەمان.

لەكاتێكدا پێشوازی لەو جەژنە پیرۆزە دەكەین كە گەلەكەمان لەگەڵ تەحەددیاتی گەورەی سیاسی و ئابووری و تەندروستی ڕووبەڕوو بووەتەوە. ئەو تەحەددیاتە سەرچاوەی زۆرێك لەو كێشە و گرفتانەن كە سەقامگیریی سیاسی و بار و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دەكەنە ئامانج.

لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەددیات و ئەو بارودۆخە سەختە ئەركی هەموو لایەكمانە كە بە ئاراستەی تەبایی و برایەتی و كاری هاوبەش و قووڵكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان هەنگاو بنێین. وێڕای ئەوەی زۆر سوپاسگوزاری خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانم كە لە هەموو قۆناغەكان تەحەمولی سەختی و تەحەددیاتەكانیان كردووە، جەژنی پیرۆزی قوربانیش بە دەرفەت دەزانم كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكەم كە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان و تێپەڕاندنی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا دابنیشن.

ئەوەیشمان هەردەم بەبیر بێت كە بەتەبایی و یەكڕیزی كێشەكان باشتر چارەسەر دەبن و لەسایەی پێكەوەیی و یەكڕیزیدا دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان هاتوونەتە دی. بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستانیش هەر ئەوە لە لایەنە سیاسییەكان چاوەڕێ دەكەن. بۆیە داوا دەكەم هەموو لایەنە سیاسییەكان لەئاست چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستاندا بن و لە هەمانكاتیشدا ڕەچاوی فەرهەنگی باڵا و دەوڵەمەندی كوردەواری بكەن و خۆیان لە گوتاری زبر و گرژ و ناشیاو لە بەرانبەر یەكتر بپارێزن.

لەم بۆنە پیرۆزەدا جێگەی خۆیەتی سوپاسی ماندووبوونی كارمەندانی تەندروستی و پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس و ڕاگەیاندنەكان بكەم كە لەو كاتەی پەتای كۆرۆنا ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە بۆ یارمەتیدانی خەڵك و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و هۆشیاریی تەندروستی ئەرك و شەونخوونیی زۆریان كێشاوە.

جەژنی هەموو لایەك پیرۆز بێت و هیوای بەختەوەری خۆشیتان بۆ دەخوازم.

مسعود بارزانی

30ـی 7ـی 2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com