نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هەموو لایەک تواناکانمان یەکبخەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان

0

نوچە

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، كه‌ تێیدا سەرەڕای پیرۆزبایی جەژنە، ده‌ڵێت “دەبێت هەموو لایەک تواناکانمان یەکبخەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان”.

لە به‌شێكی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە “به‌ رێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ی قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین، سه‌ختییه‌كانمان تێپه‌ڕاندبێت و ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌ ڕووی كوردستاندا كرابێته‌وه”.
 
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
 
جه‌ژنی قوربان له‌ خێزان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان، له‌ موسڵمانانی كوردستان، عێراق و جیهان، هه‌روه‌ها له‌ هێزه‌كانی ناوخۆ، پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان‌ كه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان به‌ره‌نگاری په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونه‌ته‌وه‌، به‌ گه‌رمی پیرۆز ده‌كه‌م. 
 
هیوادارم جه‌ژن‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تی قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری گیانی لێبورده‌یی، ته‌بایی و پێكه‌وه‌ییی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانی كوردستان، هه‌وڵه‌كانی هه‌موو لایه‌كیشمان بۆ نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كان بگاته‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاری.
 
كوردستانیان دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بین و ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك تواناكانمان یه‌ك بخه‌ین و پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ركردن و تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و گرفته‌كان و مسۆگه‌ركردنی ماف و شایسته‌ ده‌ستوورییه‌كان و پاراستنی پێگه‌ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان.  

به‌ ڕێز و پێزانینێكی زۆره‌وه‌ له‌ خۆڕاگری و پشوودرێژیی کوردستانیان ده‌ڕوانم كه‌ به‌هۆی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانییه‌وه‌، به‌رگه‌ی قه‌یران و سه‌ختییه‌كان ده‌گرن، هیوادارم جه‌ژنه‌كانی داهاتوومان له‌ خۆشی و ئاسوده‌ییدا بگێڕین، سه‌ختییه‌كانمان تێپه‌ڕاندبێت و ئاسۆیه‌كی گه‌ش به‌ ڕووی كوردستاندا كرابێته‌وه‌، هه‌روه‌ها داواكارم هه‌مووان ڕه‌چاوی ڕێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كان و خۆپارێزی بكه‌ن.
 
جه‌ژنی هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشی. ئاشتی و سه‌قامگیری بۆ كوردستان، عێراق و ناوچه‌كه، جیهان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌خوازم.‌ 
 
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
30/7/2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com