نێچیرڤان بارزانی: دەبێ بەغدا پابه‌ندى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانييان بێت

0

نوچە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێ حکوومەتی عێراق پابه‌ندى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانييانی گەلی کوردستان بێت.

لە پەیامێکدا، کە ئەمڕۆ بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، دایک و ژنانی ئەنفالکراوانی بارزانی ”به‌رگه‌ى ژيانێكى مه‌رگه‌ساتباريان گرت، به‌ڵام هه‌رگيز كۆڵيان نه‌دا“.

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی دانیشتووانی هەولێر و دەورووبەری، هەریر، باتاس، دیانا و دەوروبەریان لە یارمەتیدانی کەسوکاری ئەنفالکراوان کردووە و رایگەیاندووە، ”جوامێريى ئەوان بۆ هه‌ميشه‌ له‌ ياده‌وه‌ريى ئێمه‌ و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و كوردستانيياندا ده‌مێنێته‌وه‌“.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

ئەمڕۆ يادى ئه‌نفالكردنى هه‌شت هه‌زار سڤيلى بێتاوانى بازرانى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ به‌رله‌ سى و حه‌وت ساڵ 31/7/1983 له‌ ماوه‌ى ده‌ ڕۆژدا له‌ ئۆردوگا زۆره‌ملێكانى قوشته‌په‌ و به‌حركه،‌ هه‌رير و ديانا له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ڕژێمى به‌عس جينۆسايدى كردن و بۆ هه‌ميشه‌ ڕاپێچى مه‌رگستانى بيابانه‌كانى باشوورى عێراق كران.

دواى ئه‌وه‌ دايكان، ژنان و خوشكانى ئه‌نفالكراوان، بارى قورسى ژيانێكى تاڵ و چاره‌نووسێكى ئازاربه‌خشيان كه‌وته‌ ئه‌ستۆ. ده‌بووايه‌ بۆ منداڵانيان ببنه‌ باوك و برا و به‌ ڕه‌نجى خۆيان بژێوى ژيان په‌يدا بكه‌ن. له‌م ڕۆژه‌دا به‌وپه‌ڕى ڕێز و پێزانينه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى ئه‌و دايك و خوشكه ڕووسپييانه‌‌ ده‌ڕوانين كه‌ به‌رگه‌ى ژيانێكى مه‌رگه‌ساتباريان گرت، به‌ڵام هه‌رگيز كۆڵيان نه‌دا.

هه‌ر له‌م ياده‌دا به‌ ڕێز و پێزانينه‌وه‌ ڕۆڵى جوامێرانه‌ى خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وربه‌رى، خه‌ڵكى هه‌رير و باتاس و ديانا و ده‌وروبه‌ريان به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ هه‌موو هاوكارييه‌كان پێشكه‌ش به‌ خێزان و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان كرد. بوونه‌ پشت و په‌نايان و ده‌رفه‌تى كار و په‌يداكردنى بژێوى ژيانيان بۆ ڕه‌خساند. جوامێريى ئه‌وان بۆ هه‌ميشه‌ له‌ ياده‌وه‌ريى ئێمه‌ و كه‌سوكارى ئه‌نفالكراوان و كوردستانيياندا ده‌مێنێته‌وه‌.

به‌ شكۆوه‌ گيانى پاكى ئه‌نفالكراوان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان به‌ بير ده‌هێنينه‌وه‌، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكاريان ده‌نێرين. له‌ هه‌وڵه‌كانمان له‌ ئاستى عێراق و جيهان به‌رده‌وام ده‌بين بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دى له‌ هيچ شوێنێك مرۆڤايه‌تى ئازار و مه‌رگه‌ساتى وه‌ك ئه‌نفال و كيمياباران نه‌بينێته‌وه‌، حكوومه‌تى عێراقيش ده‌بێت پابه‌ندى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى قوربانييان بێت.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

31/7/2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com