ئەردۆغان توانای هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەری هەیە؟

0

ئەسعەد مورادی

سەد ساڵ بەسەر رێککەوتنی پەیماننامەی سیڤەردا تێدەپەڕێت، کە بەرپرسانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا، بۆ دابەشکردنی زەوییەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کۆبوونەوە و ئەو رێککەوتنەش رێگەی خۆشکرد بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

هەرچەندە ئێستا 100 ساڵ بەسەر رێککەوتننامەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەمڕۆژانە زۆر باسیدەکرێت، ئەمەش بەهۆی ململانێی نێوان دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەسەر سنوورە ئاوییەکان، کە بەهۆی ئەو رێککەوتنەوە دەستنیشانکراون.

سیڤەر شارۆچكەیەكی نزیك پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، سەرانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی ئەو كاتەی لەخۆی كۆكردەوە، تا رێگا چارەیەك بۆ دەرئەنجام و دەستكەوتەكانی چوار ساڵی جەنگی یەكەم بدۆزنەوە، ئەو شارۆچكەیەش بووە پێگەی رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی، كە هەر بەو ناوەوە ناونرا پەیمانی سیڤەر. بەمەش نەك هەر شارۆچكەی سیڤەر بەڵكو پەیمانی سیڤەریش چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە، كە یەكێك بووە لەو پەیماننامانەی لەلای كورد بیرەوەرییەكی خۆشی دروست كردووە، بێ‌ ئەوەی هیچ لەبەرهەمەكانی بخوات.

رێککەوتنەکە، مەرجی قورسی بەسەر عوسمانییە دۆڕاوەکانی جەنگدا سەپاند، زۆرینەی بۆچوونەکان وان کە سزاکانی ئەو پەیماننامەیە زۆر لە سزاکانی پەیماننامەی ڤێرسای قورسترن کە لە کاتێکی پێشووتری هەمان ساڵدا، مەرجەکانی هاوپەیمانانی بەسەر ئەڵمانیادا سەپاند، لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە.

مەرجە قورسەکانی پەیماننامەکە، بووە هۆکاری پاشگەزبوونەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، لە داواکردنی هەموو ئەو خاکانەی پێشتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە ژێر دەستیدا بوون.

هەریەکە لە بەریتانیا و فەرەنسا، خاکی قەڵەمڕەویی کۆڵۆنییان لە بیابانەکانی کەنداوەوە تا دەریای رەش پێبڕا. هەریەکە لە یۆنان و ئیتاڵیاش شوێنپێی خۆیان لەو ناوچانەدا قایمکرد، کە ئێستا بە رۆژئاوا و باشووری تورکیا ناسراوە. لە نێویاندا بڕێکی نەژمێردراوی دوورگەکان لە دەریای ئیجەدا.

هەرچی ئیستەنبوڵە کە رۆژێک لە رۆژان پایتەختی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو، بەپێی هەمان پەیماننامە، هەموو تەنگە ستراتیژییەکانی شارەکە لە هەردوو بەرەی کەناراوەکانیدا، بەنێودەوڵەتی دەکرێن. کورد و ئەرمەن جوگرافیای تایبەت بەخۆیان پێدەدرێت، لە کاتێکدا عوسمانییەکان لەگەڵ دەوڵەتێکی بێهێزدا لە ناوچە دوورەدەستەکانی ئەنادۆڵدا مانەوە.

ئەو پلانەی پەیماننامەکە داینا، کێشانی سنووری پێشوەختەی داهاتووی سیاسی دەوڵەتەکانی وەک ئیسرائیل، سووریا، لوبنان و عێراق بوو. بەڵام ئێستا رۆژئاوا هێندەی باسی رێککەوتنەکانی دیکەی وەک سایکس بیکۆ دەکات، باسی سیڤەر ناکات، چونکە لەدوای سیڤەر لە تورکیادا زۆر شت روویاندا.

پەیمانی سیڤەر وەرچەرخانێكی بڕیارە نێو دەوڵەتییەكان بوو سەبارەت بەكورد، چونكە یەكەم جاربوو لەسەر ئاستی جیهان بڕیارێكی نێودەوڵەتی ئاوا دەرچێت سەبارەت بەمافی كوردو دروستكردنی دەوڵەتێك كیانێك لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان ئەم بڕیارە لەڕووی یاسایی هێزێكی گەورەی هەبوو، ئەو كاتە كورد نەیتوانی ئەو هەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، هەروەكو جولەكەكان مەسەلەی بڕیاری بەلفۆریان بۆ خۆیان قۆستەوە، بەڵام كورد لەوكاتەدا نەیتوانی ئەو هەلە بۆخۆی بقۆزێتەوە و دەوڵەتێكی نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆخۆی دروست بكات.

ئەردغان: پەیماننامەی سیڤەرمان هەڵوەشاندەوە

نەتەوەپەرستە تورکەکان، بەسەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دژی پەیماننامەی سیڤەر وەستانەوە، زنجیرەیەک شەڕیان بەرپاکرد کە بووە هۆی پاشەکشەی فەرەنسییەکان، یۆنانی و ئیتاڵییەکان لە ئەنادۆڵ. هەروەها ئەوروپییەکانی ناچارکرد واژوو لەسەر رێککەوتنێکی نوێ بەمەرجی نوێوە بکات، کە ساڵی 1923 واژووکرا و ناونرا پەیماننامەی لۆزان. ئەو پەیماننامەیە، سنوورەکانی تورکیای نوێی دەستنیشانکرد.

کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رێککەوتنی دیاریکردنی سنووری ئاویی نێوان تورکیا و لیبیای لەگەڵ فایز سەراج، سەرۆکی حکوومەتی لیبیادا واژووکرد، گوتی “بەهۆی ئەم رێککەوتنەی هاوکاریی سەربازی و وزە، پەیماننامەی سیڤەرمان هەڵوەشاندەوە”. ئاماژەی بەئامادەیی وڵاتەکەیدا بۆ پێشاندانی هێز لە رێگەی دەریای سپی ناوەڕاستەوە، ساتەکەشی بە مێژوویی ناوبرد.

لە نێو ئەو دوورگانەدا کە تورکیا بەهۆی پەیماننامەی سیڤەر و لۆزانەوە لەدەستیدا، دوورگەی کاستیلۆریزۆی بچووکە کە بووە موڵکی ئیتاڵیا و لە ساڵی 1947دا بەخشییە یۆنان. دوورگەکە تەنیا 2 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی تورکیاوە دوورە، کەچی نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی یۆنانەوە دوورە.

ئەم دوورگەیە کە رووبەرەکەی 11 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و 500 کەس لەسەری نیشتەجێن، سنوورەکانی تورکیای لە دەریای ناوەڕاستدا تەسککردووەتەوە. هەر لەبەرئەوەش کاتێک ئەنقەرە و تەڕابلوس رێککەوتنەکەی نێوانیان واژووکرد، ئەسینا باڵیۆزی هەردوو وڵاتی بانگکرد و داوای وردەکاری تەواوی رێککەوتنەکەی نێوانیانی کرد. یۆنان رایگەیاندووە هیچ سنوورێکی هاوبەش لە نێوان تورکیا و لیبیادا نییە، تا رێککەوتنی لەسەر بکەن.

کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، رێککەوتننامەکەی رەتکردەوە و گوتی “ئەوە نەخشەی هەندێک دوورگەی یۆنانی دەسڕێتەوە”. هەروەها هەڕەشەی کرد بە “سەپاندنی دابڕانی دیبلۆماسی بەسەر تورکیادا”. زیاتر گوتی ئەو رێککەوتنە لەلایەن دەوڵەتانی وەک ئەمریکا، یەکێتیی ئەوروپا، میسر و ئیسرائیلەوە رەتکراوەتەوە. ئاشکرایکرد کۆبوونەوەی داهاتووی لوتکەی یەکێتیی ئەوروپا، باس لەو دۆخە دەکات.

هەرچی مەولود چاوشئۆگڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیایە، گوتی “قبوڵکراو نییە” داوای دوورگەی کاستیلۆریزۆی بچووک بکەیت، لە کاتێکدا 500 کیلۆمەتری ئاوی لە ئەسیناوە دوورە.

ئەگەری شەڕ

لە چەند رۆژی رابردوودا، سامح شوکر، وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند، کە میسر و یۆنان رێککەوتنێکیان لەبارەی دەستنیشانکردنی ناوچەی ئابووریی تەواوی نێوان هەردوو وڵات واژوو کردووە. وەزیرەکە رایگەیاند رێککەوتنەکە، تورکیا دەخاتە دۆخێکی قورسەوە، بەلەبەرچاوگرتنی رەتکردنەوەی ئەنقەرە بۆ دابەشکردنی سنوورە ئاوییەکان، کە ئەو وڵاتانە پێشنیازیان کردووە و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی دەریاکان، بە پاشخانی دادەنرێت.

بڕیارە ئەم رێککەوتنانە، قەبارەی ئاوە ئابوورییەکانی تورکیا کەمبکەنەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بێبەشکردنی لە سامانی نەوت و غازی دەریا و کەمکردنەوەی سنووری راوکردن لە دەریادا.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتی، رێککەوتنی نێوان میسر و یۆنان، لەبارەی دەستنیشانکردنی رووبەرە ئاوییەکان بۆ تورکیا “وەک نەبوو” وایە. روونیکردەوە، کە ناوچەی دیاریکراو لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان میسر و یۆناندا دەکەوێتە ناوچەی سنوورە ئاوییەکانی تورکیاوە.

سەرۆککۆماری تورکیا، دوای نوێژی هەینی لە مزگەوتی ئایاسۆفیا دەستپێکردنەوەی گەڕان بەدوای غازی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بە رۆژنامەڤانان راگەیاند، ئەوەش پێدەچێ سەرەتایەک بێت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا.

ناکۆکییەکی مێژوویی

ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووری و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. ئەمڕۆژانە رکابەرییە ئابوورییەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا تەواو تووندە، پاش ئەوەی هەردوو وڵات بڕیاری گەڕان بەدوای سەرچاوە سرووشتییەکانیان دا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا.

لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بەفەرمی بەشەڕ هاتوون:

جەنگی تورکیا – یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان – تورکیا 1919 – 1922

لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون، هەردوو وڵات لە ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ. بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم پاش ئەو ماوە باشییە، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە 1974 بە داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.

بلومبێرگ: شەڕ ئەگەرێکی بەهێزە

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی کە پێشتر کاری لەسەر دۆسێی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە، لە شرۆڤەیەکی هەواڵیدا دەڵێت، ئەگەر هەیە دەریای سپی ناوەڕاست بەتەواوی ئاگر بگرێت، ئەگەر جەنگەکەی نێوان یۆنان و تورکیا بەرپا ببێت. بەپێی ئەو ئاژانسە، یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا رێگردەبن لە هەڵگیرسانی جەنگەکە، بەڵام رووسیا خۆی لەدەستتێوەردان دەپارێزێت.

ئەوەی ئەگەری پێکدادانە سەربازییەکە بەهێزتر دەکات، کەشتییە جەنگییەکانی هەردوو وڵاتە لە دووری چەندین کیلۆمەتری دەریایی دوور لە یەکتر.

بەپێی بلومبێرگ، ئەوەی جەنگەکە دەکاتە رووداوێکی راستی، ئاشکراکردنی بڕێکی گەورەی نەوت و غازە لە نزیک کەناراوەکانی قوبرس لەماوەی رابردوودا، ئەمە جیا لەوەی ئەگەر هەیە یەدەگێکی زۆر زیاتر لەوەی دۆزراوەتەوە، لەوێدا هەبێت.

راپۆرتەکە دەڵێ رێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و حکومەتی ویفاق بۆ هەمان مەبەست کراوە، تاوەکو تورکیا بیانووی ئەنجامدانی پشکنین و دۆزینەوەی نەوتی لە دەریادا هەبێت.

بەپێی راپۆرتەکە ساڵی 1996، هەردوو وڵات لە ئەگەری شەڕ زۆر نزیکبوون، لەسەر ناکۆکییەکانیان لەبارەی دوورگەکانی ئیمیای یۆنانی و کارداکی تورکی، ئێستاش ئەمریکا پێویستە هەمان هەنگاو بنێت.

پەیماننامەکە جگە لە پێشەکییەک، لە 13 بەش پێكهاتووە:

بەشی یەکەم: میساقی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە ماددەكانی 1 – 26
بەشی دووەم: سنوورەکانی تورکیا لە ماددەكانی 27 – 35
بەشی سێیەم: بەندە سیاسییەكان لە ماددەكانی 36 – 139
بەشی چوارەم: پاراستنی کەمینەکان لە ماددەكانی 140 – 151
بەشی پێنجەم: بەندەکانی سەربازی، هێزە دەریاییەکان و ئاسمانییەکان لە ماددەكانی 152 – 207
بەشی شەشەم: زیندانییەکانی شەڕ و گۆڕەکان لە ماددەكانی 208 – 225
بەشی حەوتەم: سزاکان لە ماددەكانی 226 – 230
بەشی هەشتەم: بەندە داراییەكان لە ماددەكانی 231 – 260
بەشی نویەم: بەندەکانی ئابووری لە ماددەكانی 261 – 317
بەشی دەیەم: گەڕانی ئاسمانی لە ماددەكانی 318- 327
بەشی یانزدەیەم: بەندەرەکان، هێڵە ئاوییەكان و ئاسنییەكان لە ماددەكانی 328 – 373
بەشی دوازدەیەم: رێکخستنی کارکردن لە ماددەكانی 374 – 414
بەشی سیازدەیەم: حوکمە جیاوازەكان لە ماددەكانی 415 – 433

لە بەشی سێیەمی تایبەت بە بەندە سیاسییەكان، کەرتێکی تایبەت بە کوردستان هەیە و لەنێوان هەرسێ ماددەی 62 و 63 و 64 مافەکانی کورد دیاریکراون.

لە ماددەی 62 دا باس لەو شوێنانە دەكات كە دانیشتووانی بە زۆرینە كوردن. لە ماددەی 63دا حکومەتی تورکیا پابەند دەکرێت لەماوەی 3 مانگدا بڕیارەکانی کۆمسیۆنەکان کە لە ماددەی 62 دا هاتوون جێبەجێبکرێت. ماددەی 64 باسی ئەوە دەكات لە ماوەی ساڵێکدا دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، گەلی کورد مافی ئەوەی هەیە روو لە ئەنجوومەنی کۆمەڵەی نەتەوەکان بکات و خواستی خۆی بۆ سەربەخۆیی لە تورکیا نیشانبدات و دەوڵەتی كوردستان لە سەر خاكی كورد لە توركیا و عێراق دروستبكرێت.

ئەو پەیماننامەیە دوای ئیمزاکردنی ئەندامانی شاندی حکومەتی ئیمپراتۆری عوسمانی لەلایەن تورکیاوە پەسەند نەکرا و لە رێککەوتنی لۆزاندا، نەخشە رێگەیەکی دیکە و پابەندی نوێی تورکیا چەسپێندرا.

نیک دێنفۆرت لە نووسینێکیدا کە بە بۆنەی 95 ساڵەی پەیماننامەی سیڤەر لە گۆڤاری (فۆریەن پۆلسی)دا بڵاوبووەتەوە دەنووسێت “سایکس- پیکۆ لەبیر بکەن، پەیماننامەی سیڤەرە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی هاوچەرخ شرۆڤە دەکات”. لە بەشێکی دیكەی نووسینە رەخنە ئامێزەکەیدا دێنفۆرت دەڵێت “سنوورە جیاوازەکان دەتوانن رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر سەقامگیر بکەن، یاخود مەیلیان بۆ تووندوتیژی مەزهەبی رادەکێشێت؟ پێویست ناکات زۆر لێی ورد ببیەوە، بەڵكو بڕوانییە مێژوو لە لێنزی پەیاماننامەی سیڤەرەوە و خاڵێکی قووڵتر سەبارەت ئەگەر و کارتێکردنەکانی لە پەیوەندییەکانی نێوان سنوورە نەخشێنراوەکانی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ناسەقامگیر؛ ناوچەکانی کۆتاییهاتوو بە سنوورەکانی سەپێنراو لەلایەن ئەوروپاوە روو لەوانە دەکەن کە بەخۆیان زۆر لاوازن یاخود رێکنەخستوون بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەرکەوتوو بەرامبەر داگیرکاری”.

سەبارەت دەوڵەتی کوردستانیش، نیک دێنفۆرت باس لەوە دەکات کە هەندێک کورد شان بە شانی ئاتاتورک شەڕیان کرد بۆ ئەوەی پەیماننامەی سیڤەر کۆتایی پێبێت. هەروەها دەڵێت “دەوڵەتە چاوەڕوانكراوەكەی کورد کە لە پەیماننامەی سیڤەردا هاتووە، بە یەکلاکراوەیی لە ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا دەبوو. ئەمەش پشتگیری هەندێک کوردی نەتەوەیی هەبوو، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە سەربەخۆبوونێکی ژێر هەژموونی بەریتانیا کێشە بوو، بۆیەش ئەوان چوونە بەرەی بزووتنەوەی نەتەوایەتی تورکی بەتایبەتیش کوردانی دیندار دەسەڵاتی تورکی یاخود عوسمانییان پێ باشتربوو لە کۆلۆنیالی کریستیانی”.

یەکتام تورکیلماس، مێژوونووس و مامۆستایە لە زانکۆی دیوکی ئەمریکا و خۆی کوردی باکووری کوردستانە، سەبارەت دامەزراندنی تورکیای دوای پەیماننامەی سیڤەر و رێککەوتننامەی لۆزان دەڵێت “بەڕای من بەردەوامبوونی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی و كۆماری توركیا زۆر لەوە قووڵترە کە زۆرینەی خەڵک بیری لێدەكەنەوە، عوسمانیەت هیچ کاتێک وننەبووە”.

کۆمەڵێک لە کوردانی تاراوگە لە یادی سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی سیڤەردا نامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکی فەرەنسا کردووە و بۆ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان کۆمەڵێک داخوازی خراوەتە روو.

لەو نامەیەدا کە بۆ ئیمانوێل ماکرۆن سەرکۆماری فەرەنسا نووسراوە، هاتووە “سەد ساڵ لەمەوبەر، واتە 10-ی  ئووتی 1920 پەیمانی سیڤەر لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی زلهێزی جیهان یەک لەوان دەوڵەتی فەرەنسا لە شاری سیڤەر، هەڵکەوتوو لە نزیک پاریس واژۆ کرا.

بەپێی ئەو پەیمانە لە مادەی 62 دا بەمجۆرە بە مافی ئۆتۆنۆمی ئاماژە کراوە “کۆمیسیۆنێک لە نوێنەرانی فەرەنسا، ئیتالیا و بەریتانیا بێت و لە ماوەی شەش ماندا ئامادەکاری بۆ ساخکردنەوەی هەرێمێکی کردی لە نێوان ئەرمەنستان، تورکیا ڕۆژهەڵاتی فورات و سەرووی سووریا بکرێت”.

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە “دەوڵەتی فەرەنسا هەم وەک ئەندامێکی سەرەکی بەهێزی بەرەی پەیوەندیدار و هەم وەک خانەخوێ، یەکێک لە کارەکتەرە پاڵنەرەکانی ئەم مادەیە بووە.

ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر هیچکات جێبەجێ نەبوو، بەڵکوو پەیمانی لۆزان لە 24 ی جونی 1923 جێگەی گرتوەوە، پەیمانێک، کە لەودا پرۆژەی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی سڕدرایەوە.

لە کۆتایی نامەکەدا بۆ هەرکام لە پارچەکانی کوردستان داواکارییەک خراوەتە ڕوو،
کوردەکانی رۆژئاوا: ئێمە داوا لە فەرەنسا دەکەین هەوڵ بدات، کە نوێنەری کورد لە هەموو دانیشتنەکانی سووریای داهاتوودا بەشدار بێت و مافی کورد بپارێررێت.

کوردەکانی باکور: ئێمە داوا لە فەرەنسا و یەکێتی ئەورووپا دەکەین کە گوشار بخەنە سەر تورکیا هەتا پێمڵی وتووێژ و دانیشتنێکی ڕاستەقینە لەگەڵ کوردەکان بێت.

کوردی باشور، بەهۆی لە ئارادابوونی پێوەندییەکی گونجاو لە نێوان دەوڵەتی فەرەنسا و حکوومەتی ناوەندیی عێراق، ئێمە داواکارین فەرەنسا لە نێوان دەوڵەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی نێوبژیوانی بگێڕێت و چارەسەرێکی گونجاو بۆ گیروگرفتەکان بدۆزرێتەوە.

کوردی رۆژهەڵات، ئێمە داوا لە فەرەنسا دەکەین، کە مەسەلەی پێدانی مافی ڕەوای گەلی کورد بە دۆسیەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران زیاد بکرێت و داوا لە دەسەڵاتی ئێران بکەن، کە ڕێز لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بگرێت. هەروەها هەڵپەساردنی ڕەوتی سێدارەدانی ناسەردەمیانەی ژنان و کوڕانی کورد بە تاوانی بچووک و هەندێ مێرمنداڵیش دەگرێتەوە، دەمودەست ڕابگرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com