کۆمسیۆن: کێشەی کوتلەکان ئێمە راناگرێت

0

شلێر سەعید 

   دوای ئەوەی بڕیاردرا هەڵبژاردنی پێشوەختە لەڕۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، چاودێرانی سیاسی بەپێویستی دەزانن زەمینەسازیی پێویست بۆ هەڵبژاردن بكرێت، تا هەڵبژاردنێكی باش و بێ كێشە بەڕێوەبچێت.

  دادگای فیدراڵی ئێستا رێژەی یاسایی خۆی لەدەستداوە و بەهۆی غیابی یەكێك لە ئەندامەكانی، هەمواركردنی ئەو یاسایەش پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە و هەمواركردنەكەشی پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەوە هەیە.

  ماددەكانی 15 و 16 لەیاسای هەڵبژاردنەكان، گرفتی سەرەكیی بەردەم تێپەڕاندنی یاساكەن لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جگە لەو دوو ماددەیەش ئەگەربێتو یاسای هەڵبژاردنەكەش هەمواربكرێتەوە، یاسای دادگای فیدراڵی دەمێنێتەوە، دەبێت ئەو یاسایەش لەئەنجومەنی نوێنەران هەمواربكرێتەوە، كە تائێستا ئەو یاسایەش هەموارنەكراوەتەوە، ئەگەریش هەڵبژاردن بكرێت، ئەو دادگایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پەسەنددەكات كەواتە دەبێت ئێستا ئەو یاسایە هەمواربكرێتەوە.

ئاستەنگەكانی هەر ئەوەندەنیە بەڵكو بارودۆخی  ئەمنی بەشێك لەپارێزگاكان، ئاڵۆزی و ناجێگیرە، جگەلەوەش   بەگشتی كۆمەڵە گرفتێكن لەپێش پرۆسەی هەڵبژاردنەكە هەن، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بەربەستی سەرەكی بەردەم یاسای هەڵبژاردنەكە لەهەردوو ماددەی (15 و 16)-ی یاساكە دایە.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە، پەرلەمانتار سەلیم شوشكەیی، لە فراكسیۆنی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ڕایگەیاند: بە هەموو ئەگەرەكانەوە هەڵبژاردن لە 6-ی حوزەیرانی ساڵی داهاتو ناكرێت، چونكە كۆمەڵێك بەربەست هەیە و مەحاڵە لە ئێستا بتوانرێت ئەو هەموو گرفتە چارەسەربكرێت.

پەرلەمانتار سەلیم گوتیشی، ماددەكانی 15 و 16 لە یاسای هەڵبژاردنەكان، گرفتی سەرەكی بەردەم تێپەڕاندنی یاساكەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، چونكە لەو یاسایە ناكۆكی هەیە و جیاكردنەوەی دەنگەكانی جیاوازن و ئەو یاسایە، عێراق دەكات بە 325 بازنەی هەڵبژاردن و هەر بازنەیەك یەك كەس دەتوانێ‌ خۆی كاندید بكات و نەتەوە یەكگرتووەكانیش دەڵێت، دەبێت ببێت بە 80 بازنە، بۆیە تا ئێستا لەسەر ئەو یاسایە ڕێكنەكەوتوون.

شوشكەییی ئاماژەی بەوەشكرد، كە بەربەستی دیكەش هەن وەك لەو دوو ماددەیە  (15 و 16) ئەگەر بێتو یاسای هەڵبژاردنەكەش هەموار بكرێتەوە، یاسای دادگای فیدراڵی دەمێنێتەوە، دەبێت ئەو یاسایەش لەئەنجومەنی نوێنەران هەمواربكرێتەوە، چونكە ئێستا یاساكە ناتەواوە لە 11 ئەندام بۆتە 10 ئەندام یەكیان خانەنشین بووە و بەپێی یاسا ناتوانرێت ئێستا كەسێكی دیكە لە شوێنی دابنرێت.

شوشكەیی ڕونیشی كردەوە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، دەبێ دادگا پەسەندی بكات بڵێ هەڵبژاردنێكی تەواوە و ئێمەش دادگاكەمان نییە، بۆیە دەبێت ئەو یاسایەش هەمواربكرێتەوە و بودجەی بۆ تەرخان بكرێت.

شوشكەیی ئاشكرایدەكات، كە كێشەی گەورە بۆ كورد هەیە لە ناوچە جێناكۆكەكان، چونكە لەو شوێنانە ژمارەی عەرەب زۆرترە و دەسەڵاتیشیان هەیە ئەگەر زۆرتریش نەبن، بۆیە پێم وایە، كورد ئەو 15 یان 16 كورسییەی هەیەتی لەوێ‌ لەدەستی دەدات.

هەروەها شوشكەیی دەڵێت، جگەلەوەش كۆتای ژنان نازانرێت چۆن دەبێت، دابەشبوونی پارێزگاكانیش بۆ سەر چەند بازنەیەك، ئەمانە بەگشتی كۆمەڵە گرفتێكن لە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنەكە هەن چارەسەر نەکراون.  

ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵ دەشڵێت، كوتلەكانیش گرفتیان هەیە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە و دەڵێت،   كوتلەكانی عێراق حەزناكەن هەڵبژاردن بكرێت و بارودۆخیان باش نییە، چونكە هیچیان پێ نییە بۆ خەڵك و هیچیان نەكردووە دەترسن لەوەی دەنگیان پێ نەدرێت.

هاوكات لە لێدوانێكی تایبەتدا، جومانە ئەلغەلای، گوتەبێژی كۆمسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، لەبارەی هەمواركردنەوەی دادگای فیدراڵی بە نوچەی ڕاگەیاند: یاسای دادگای فیدراڵی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەند دەكات و هەڵبژاردن بەپێی بڕیاری سەرۆك وەزیران لە مانگی 6 دەبێت، بۆیە پێم وایە بوار دەبێت تا ئەوكاتە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی. گوتیشی ”ئێمە وەك كۆمسیۆن كارەكان دەكەین و دەستمان بە ئامادەكارییەكان كردووە بۆ هەڵبژاردن و دەمانەوێ‌ هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف بەڕێوەبچێت و دوور بێت لەهەمو جیاكاریەك لە نێوان پێكهاتەكانی گەلی عێراق، وەك دەستور و یاسا پەسەندی كردووە.

جومانە ئاماژەی بەوەشكرد، كە لە چوارچێوەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە حوزەیرانی 2021 كۆبوونەوەكانمان بەردەوامن لەگەڵ بەڕێوبەری نوسینگەكانی هەڵبژاردن، بۆ گفتوگۆۆكردن دەربارەی بنكەكانی تۆماركردن و دابەشكردنی كارتی دەنگدانی ئەلیكترۆنی بایۆمەتری.

سەبارەت بەوەی هەندێ‌ كوتلەی سیاسی دەڵێن، ئەو كاتە زووە و ناتوانن خۆیان ئامادەكەن بۆ هەڵبژاردن جومانە گوتەبێژی كۆمسیۆن دەڵێت، ئەوان دەبێت كێشەی خۆیان چارەسەر بكەن، ئێمە ناوەستین بەهۆی ئەوانەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com