فەرەنسا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان سەلماندووە

0

شليَر سەعيد  

فەرەنسا هەتا ئێستا لەچەند وێستگەیەکدا بەکردەوە سەلماندوویەتی، کە لە روانگەی ئەوانەوە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکییە لەبڕیاری سیاسی عێراق و ناکرێت سیاسەتی عێراق خاڵی بێت لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی.

  فەرەنسا خاوەنی کلتورێکی قوڵی دیموکراسییە و بەدوای پێگەی خۆیەوەبووە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە لە شەڕی داعشیش پشتیوانێکی بەهێزی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، پێشتریش هەر لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە و هەتا ئێستایش پشتیوانێکی بەهێزی هەرێم بووە، بۆیە فەرەنسا سەنگ وپێگەی هەرێمی کوردستان ڕەچاودەکات لەهەر پەیوەندیەکدا لەگەڵ عێراق، فەرەنسا عێراقێکی دەوێت کە مافە دەستوریەکانی کوردستان بپاررێزێت. . 

سبەی چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە. ئەوەش دوای ئەوەی ماکرۆن بڕیاریداوە سەردانی عێراق بکات، پێشتر ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، جیاواز لە سەردانەکانی پێشووتری سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەمجارەیان ماکرۆن پلانی نییە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام چاوەڕێ دەکات سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ بینینی ماکرۆن.

هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و ساڵی رابردوو لە سەرەتاکانی مانگی تەممووز، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی ئیلیزێ لە فەرەنسا لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆن پێشوازیی لێکرا. 

لەکاتی دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، ئیمانوێل ماکرۆن لە رێگەی دۆمینیك ماس، كۆنسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی.

لە نامەکەدا ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاندبوو “دەستبەكاربوونتان قۆناغێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ هەموو عێراق، كە لە سەروبەندی سەقامگیركردن و ئاشتەوایی كومەڵایەتیدان. دڵنیام ئەزموونی بەڕێزتان لە بەرپرسیاریه‌تییه‌كاندا و هەستی بەڕێزتان بۆ دەوڵەتمەداری، یارمەتیدەر دەبن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەم ئەركە نوێیەتان، كە فەرەنسا پشتگیریی تەواوی لێدەكات”.

لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچە دڵشاد نامق فەرەج، مامۆستای زانکۆ لە بەشی زانستە سیاسییەکان، سەبارەت بە كرانەوەی عێراق و گەڕانەوەی متمانە بۆ ناوچەكە، پێی وایە عێراق بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت، کە قۆناغی گێڕانەوەی متمانەیە بۆ دەوڵەت و دامەزراوەکانی، چونکە تا ئێستا عێراق و دامەزراوەکانی نەیانتوانیوە لەسەر ئاستی ناوخۆ نوێنەرایەتی گشت پێکهاتەکان بکەن. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش عێراق پەیوەندی هاوسەنگی نەبووە و نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی گەلانی عێراقی نەکردووە، ئەوەندەی لە ڕوانگەیەکی تایەفی و لە ژێر هەژمونی ئێراندا سیاسەتی کردوە، بۆیە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە عێراق وەك دەوڵەتێکی تایفی تەماشاکراوە و چاوەڕوانن ئەو گواستنەوەیە ڕووبدات.

سەبارەت بە سەردانی فەرنسا بۆ عێراق، مامۆستا دڵشاد ئاماژەی بەوەكرد فەرەنسایش خاوەنی کلتورێکی قوڵی دیموکراسییە و هەمیشە بە دوای پێگەی خۆیەوە بووە لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، بۆیە لە شەڕی داعشیش پشتیوانێکی بەهێزی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، پێشتریش هەر لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستانەوە وهەتا ئێستایش پشتیوانێکی بەهێزی هەرێم بووە، بۆیە فەرەنسا سەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان ڕەچاو دەکات لەهەر پەیوەندییەکدا لەگەڵ عێراق، فەرەنسا عێراقێکی دەوێت، کە مافە دەستورییەکانی کوردستان بپارێزێت و رێز لە سەروەری دەستور بگرێت.

دڵشاد نامیق دەشڵێت، جیاوازییەکەی فەرەنسا لەگەڵ وڵاتانی دیكە ئەوەیە، هەتا ئێستا لەچەند وێستگەیەکدا بەکردەوە ئەمەی سەلماندووە، هەر بۆیە لە روانگەی فەرەنساوە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکیە لە بڕیاری سیاسی عێراق و ناکرێت سیاسەتی عێراق خاڵی بێت لە ئیرادەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕونیشی كردەوە، كە سەبارەت بە وڵاتانی تریش، عێراق ئێستا لەسەر هێڵی گواستنەوەیە بۆ بنیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتاندا، واتە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی عێراق، نەك لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ئێران، ئەمەیش ڕێگەی خۆشکردوە بۆ کرانەوە بەڕوی جیهاندا و چوون بەرەو جیهانی عەرەبی و کەمبوونەوەی هەژموونی ئێرانی، کە لەمەیشیاندا گرنکە ئیرادەی هەرێمی کوردستان ڕەنگ بداتەوە، چونکە هەرێم پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی خاوەن قورسایی عەرەبی هەیە، لە نمونەی سعودیە و ئەردەن و ئیمارات و تەنانەت میسریش، کە بێگومان لە ئەگەری توندوتۆڵبوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ عێراقدا.

مامۆستا دڵشاد نامیق جەختی كردەوە لەوەی، كە پێگەی هەرێمی کوردستانیش بەهێزتر دەپارێزرێت، چونکە هەرێم لە پێش عێراقەوە پەیوەندییەکانی باشتر و هاوسەنگ بوون لەگەڵ ئەو وڵاتانە و لەگەڵ وڵاتانی تریش، کە سەرکردایەتی سیاسی هەرێم پێی وابووە دەبێت بەرژوەندییەکانی گەلانی عێراق بنەمای پەیوەندییەکان بن نەك هەژموونی وڵاتانی تر.

بەگوێرەی قسەی شارەزایانی سیاسی، عیراق له‌ كۆتایی ساڵدا، له‌ڕووی پێگه‌ سیاسی و دیپلۆماسییه‌كه‌یه‌وه‌ جیاوازتره‌ له‌ عیراقی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ، تا ئاستێك قه‌یرانه‌كانی عیراق له‌ پرسی ململانێی سیاسیی نێوان لایه‌نه‌كان و پرسی خۆپیشانده‌ران، ئارام بۆته‌وه‌.

ئێستا عیراق له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونی مسته‌فا كازمی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، جۆرێك له‌ جووڵه‌ی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ گرتۆته‌به‌ر، به‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ یار و نه‌یاری وڵاتان له‌ ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی له‌ گفتوگۆدایە، جووڵه‌یه‌ك، كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ به‌غدا تێیدا سوودمه‌ند بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com