كەمكردنەوەى نەوتى عێراق ناكۆكى لەنێو حكوومەت دروست دەكات

0

ماڵپەڕە فەرمییەكانى عێراق لێدوانێكى وەزیرى نەوتى عێراقیان بڵاوكردووەتەوە كە گوتوویەتى، وڵاتەكەى هەوڵ دەدات لێخۆشبوون لە رێككەوتنى ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەى بەرهەمى نەوت وەربگرێ. كەچى دوا بە دواى ئەمە وەزارەتى نەوتى عێراق روونكردنەوەیەك دەدات و دەڵێ لەسەرووى 100% پابەند دەبین بە ڕێككەوتنەكەوە.

رێكەوتنى ئۆپیك پڵەس لە سەرەتاى مانگى نیسان رابردوو لە نێوان ئۆپیك و وڵاتانى ترى بەرهەمهێن لە دەرەوەى رێكخراوەكە واژۆ كرا.

ئامانجى رێككەوتنەكە پاراستنى نرخى نەوت بوو كە وەك لێكەوتەیەكى پەتاى كۆرۆنا نرخەكەى دابەزى بوو. بەگوێرەى ئەو رێككەوتنەیش دەبووایە هەر وڵاتێكى ئەندام بڕێك لە بەرهەمى نەوتى خۆى كەم بكاتەوە. بڕى كەمكردنەوەكەى عێراق رۆژانە ملیۆنێك و 60 هەزار بەرمیلە.

لە سەروبەندى رێككەوتنەكە عێراق ناڕەزایى دەربڕیوە، بە بیانووى خراپى ئابوورییەكەى داواى كردووە ئەركى پابەندبوونى پێ نەدرێت، كەچى دواجار پابەندبوون ورەزامەندى خۆى بۆ رێككەوتنەكە راگەیاندووە.

هەر لەسەرەتاوە ئەم بابەتە ناڕەزایى لە لایەن بەرپرسانى عێراق و شارەزایان دروست كردووە، تەنانەت ئیبراهیم بەحرولعلومى وەزیرى پێشووترى نەوتى عێراق هەفتەى رابردوو ئاشكراى كرد لەسەر ئەم رێككەوتنە سكاڵایان لەسەر عادل عەبدولمەهدى سەرۆك وەزیرانى پێشوو و سامر غەزبانى وەزیرى پێشووى نەوت تۆمار كردووە.

چونكە زیانێكى زۆر لە ئابوورى و نەوتى عێراق دەدات، بە تایبەتیش لەو كاتەدا كە عێراق لە قەیرانێكى قووڵى ئابووری دایە و نەوتیش سەرچاوەى سەرەكى داهاتەكەیەتى.

وەك دەردەكەوێ ئەم كێشەیە هێشتا لە ناو حكوومەتى عێراق نەبڕاوەتەوە و تەنانەت بابەتەكە بەوە گەیشتووە، وەزیرى نەوت و وەزارەتەكەى یەك بۆچوونیان نییە.

دوێنێ میدیا فەرمییەكانى عێراق و ئاژانسە بەناوبانگەكان لە نموونەى رۆیتەرز لێدوانێكى ئیحسان عەبدولجەبارى وەزیرى نەوتیان بڵاوكردەوە كە دەڵێ وڵاتەكەى هەوڵ دەدات لێخۆشبوون لە رێككەوتنەكە وەربگرێت و چیتر پابەند نەبێ.

كەچى سەیر ئەوە بوو، دواتر لێدوانەكە لە ماڵپەڕە عێراقییەكان سڕایەوە و لەبرى ئەوە وەزارەتى نەوت روونكردنەوەیەكى بڵاوكردووەتەوە، تێیدا دووپاتى دەكاتەوە وەزارەت لە سەرووى 100% پابەند دەبێت بە رێككەوتنەكەوە.

روونكردنەوەكە بە ناوى سەرچاوەیەك لە وەزارەت بڵاوكراوەتەوە و دەڵێ، “بە پێچەوانەى ئەوەى باس دەكرێ عێرا قبە تەواوى پابەندە بە رێككەوتنەكە، تەنانەت تێكڕایى پابەندبوون لە مانگى ئاب 100% تێپەڕاندووە و بەم شێوەیەیش لە دوو مانگ بەردەوام بووە لەگەڵ بڕى قەرەبووكردنەوەى مانگەكانى تر كە رۆژانە دەگاتە 850 هەزار بەرمیلى تر كەم كراوەتەوە”.

مالًپەڕى حوڕە نووسیویەتى عێراق لە رێكخراوى ئۆپیك بە تایبەتیش لەلایەن سعوودەیە رووبەڕووى فشارێكى زۆر دەبێتەوە، چونكە لە مانگەكانى رابروودا تەواو پابەندى رێككەوتنەكە نەبووە، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى بڵاوكراونەتەوە لە مانگى رابردوو تێكڕای بەرهەمى نەوتى عێرا قلە رۆژێكدا دوو ملیۆن و 597 هەزار بەرمیل بووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com