چۆن شرۆڤەی دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی دەکرێت؟

0

شلیر سەعید 

كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆك كۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان لەنێوەندە سیاسییەكانی ناوخۆ و دەرەوەی كوردستاندا كاردانەوەی ئەرێنی بەدوای خۆیدا هێنا، ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی لەوە كردووە كە لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوو سەرۆك قسەیان لەسەر خواستی دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا، كردووە به‌تایبه‌تیش زیادكردنی ئاستی ئالوگۆڕی بازرگانی و هاریكاری و هاوبه‌شیی ئابووری.

 لەگەڵ ئەوەیشدا دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و چاەرەسەری ئاڵۆزییەكانی سنوور و سەقامگیری ئەمنی بەشێكی دیكەی دیدارەكەیان بووەو هاوكات لەبارەی پەتای كۆڤید 19ـەوە سه‌رۆك كۆماری توركیا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشانداوە بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پێداویستی و هاوكارییەكی تەندرووستی بۆ هەرێمی كوردستان. لەم راپۆرتەدا كەسانێكی شارەزا شرۆڤەی زیاتر بۆ ئەم سەردانەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دەكەن:

لیزا فەلەكەدین كاكەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە واڵی خۆی لە فەیسبووك   نوسیویەتی: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ وڵاتی تورکیا هەوڵێکی گرنگە بۆ بەدیهێنانەوەی ئاشتی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت بۆ پرسی کورد.

دەشڵێت، رۆل و شوێن پەنجەی ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەبیرناکرێت. یەکێک لەو ناوە گرنگانەی کە دەتوانرێت بگوترێت کاریگەری بەهێزی هەبوو لە بەرەوپێشچوونی ئەو پرسەدا، بەرێز نێچیرڤان بارزانی بوو.

ئاماژە بەوەشدەكات، كە هەر لەو سۆنگەیەوە  حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەو راستییەی دووپاتکردەوە کە پێگە و دیبلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر چارەسەری پرسی کورد لە تورکیادا هەبێت.

هەروەها دەڵێت ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەیەک پێش ئێستا بەرێز سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە و لەڕێگەی تویتێکەوە داوای ئەوەی کرد کە سەرلەنوێ دەست بە پرۆسەی ئاشتی بکرێتەوە، بۆ ئەمەش چەند ڕۆژێکە فراکسیۆنی هەدەپە هەڵمەتێکیان لە نێو شەقامەکانی تورکیا دەست پێکردوە بۆ بونیاتنانەوەی روحییەت و خواستی پرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا.

لیزا جەخت دەكاتەوە، لەوەی نێچیرڤان بارزانی کە بە کەسایەتییەکی کوردی ئاشتیخواز و بەتوانا لە بواری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لە ناوچەکە ناسراوە لە هەوڵ دایە ئەم دەرفاتانە بقۆزێتەوە و هانی حکومەتی تورکیا بدات بۆ ئەوەی کۆدەنگییەکی نیشتیمانی و ئاشتەوایی دروست بکرێت، بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندی پرۆسەی خەباتی مەدەنی کورد لە ناوچەکەدا دەبێت.

عەلی فەیلی شرۆڤەکاری سیاسی لە لێدوانێكی ئەمڕۆ شەممە بۆ سایتی مەعلومە ڕایگەیاندوە، نێچیرڤان بارزانی پەیامێكی پێشكەش بە ئۆرردۆغان كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لە گەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كە سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا، بە موافەقەی حكومەتی فیدڕاڵی بووە بۆ چارەسەری پێویست لەگەڵ پەکەکە. دەشڵێت، جۆرێك لە ئارامبونەوە هەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەكەكە لەگەڵ توركیا.

فەیلی ڕەتی كردۆتەوە، كە كوردستان ڕۆڵی هەبێت لە نزیككردنەوەی نێوانی فەرناسا و توركیا. 

راگەیەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە بلاوكردەوە و تێدا هاتووە، جه‌ختیان له‌ خواستی دوولایه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا، به‌تایبه‌تی فراوانكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئالوگۆڕی بازرگانی و هاریكاری و هاوبه‌شیی ئابووری كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تیشكیان خسته‌ سه‌ر ده‌رفه‌تی كار و وه‌به‌رهێنانی توركی له‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.

هه‌ردوولا پوخته‌یه‌كیان له‌باره‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانی خسته‌ ڕوو‌‌، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی توركیا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌موو جۆره‌ یارمه‌تیدان و هاوكارییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ و هه‌موو پێداویستییه‌كی ته‌ندروستی و پزیشكی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ گفتوگۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرالی عێراق و دوایین هه‌نگاوه‌كان بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان و ئاڵۆزییه‌كانی سنوور كرا، هه‌روه‌ها دۆخی گشتیی عێراق و هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی داعش خرانه‌ به‌ر باس.

دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

سەرۆکێکی ئاشتیخواز، دیبلۆماتکارێکی نێودەوڵەتی.

نەورەسی دەڵێت، دیداری بەڕێز سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن و پاشان سەرۆک ئۆردۆگاندا لە ماوەی دوو رۆژدا، گەواھیدەری ئەو رۆڵە کاریگەر و بەبڕوایەن کە سەرۆک نێچیرڤان دەیگێڕێت لە ناوەندی دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتیدا، کارزانی دەوێت دەستێکت بە راگرتنی ھاوسەنگی ناوخۆیی و ھاوسەنگی عێراقی و ھاوسەنگی ناوچەیی و ھاوسەنگی نێوەدەوڵەتییەوەبێت

 بڵند نەورەسی، نوسەر و ڕۆژنامەنووس، لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی، ھەمیشە لە نێوان دوو بەرەی دژبەیەکی نێودەوڵەتیدا یان دەبێت بەرەیەک ھەڵبژێریت، یان دەبێت بێدەنگی ھەڵبژێریت، بەڵام ھەڵبژاردنی ھاوسەنگی پێویستی بە ئەزموونی مێژویی و بڕوا و ھێزی دیبلۆماسی پتەو ھەیە بۆ ئەوەی بتوانیت بەرژەوەندیت نەکەوێتە نێوان بەرداشی ململانێی لایەنەکانەوە.

دەشڵێت، دروستە گەر بوترێت ئەم ھاوسەنگییە ئاسان نییە … بەڵام کاتێک ستراتیژت ستراتیژێکی نیشتیمانی بوو، ئەو کاتە بەرژەوەندییەکانیش دێنەوە سەر رێی نیشتیمانی و بە یەک ئاست و یەک مەودا دەتوانیت مامەڵە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکاندا بکەیت.

ئاماژە بەوەشدەكات، كە دیداری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن و پاشان سەرۆک ئۆردۆغاندا لە ماوەی دوو رۆژدا، گەواھیدەری ئەو رۆڵە کاریگەر و بەبڕوایەن، کە سەرۆک نێچیرڤان دەیگێڕێت لە ناوەندی دیبلۆماسییەتی نێودەوڵەتیدا، کارزانی دەوێت دەستێکت بە راگرتنی ھاوسەنگی ناوخۆیی و ھاوسەنگی عێراقی و ھاوسەنگی ناوچەیی و ھاوسەنگی نێوەدەوڵەتییەوە بێت و ھەنگاوەکانیشت بەرەو ئاسۆیەکی رونتربێت بۆ کوردستان بە ئاراستەی خزمەت و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و بازرگانیدا، دەستێکی تریشت فەراھەمکردنی ئاشتی بێت بۆ ناوچەکە لە بەرژەوەندی ھەموو لایەنەکان.

نەورەسی لە كۆتایی دا نوسیویەتی، ئەم واقعبینییە لە سیاسەتدا گریمانەی سەرکەوتن و شکست پوچەڵ دەکاتەوە و مەودایەک دەدۆزێتەوە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بنەمای یەکترقبوڵکردن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com