گومان لە سەردانەكەى مالیكى بۆ تاران دەكرێ

0

لە رۆژى یەكشەمەوە نوورى مالیكى سەرۆك وەزیرانى پێشووترى عێراقى و سەرۆكى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا سەردانى ئێرانى كردووە، هەندێك دەڵێن بە مەبەستى نوێكردنەوەى پاڵپشتى ئێران و هەندێكى تر دەڵێن بەهۆى تووشبوونى بە پەتاى كۆرۆنا سەردانەكەى ئەنجام داوە.


میدیاكانى ئێران بەردەوام دیدارى نوورى مالیكى سەرۆكى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا لەگەڵ بەرپرسانى ئێران لە تاران بڵاو دەكەنەوە. بەگوێرەى زانیارییەكانى ئەوان، دوێنێ لەگەڵ عەلى شەمخانى سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نیشتمانى و ئەمڕۆیش لەگەڵ عەلى ئەكبەر ویلایەتى راوێژكارى عەلى خامنەیى كۆبووەتەوە.

نوورى مالیكى رۆژى یەكشەم رۆیشتووە و پێشبینى دەكرێ سەردانەكەى كاتێكى زۆر بخایەنێ.

پێشتر دەنگۆى ئەوە بڵاوكرایەوە تووشى پەتاى كۆرۆنا بووە، بەڵام سەعد مەتلەبى سەركردە لە دەوڵەتى یاساى گوتبووى بە هیچ شێوەیەك مالیكى تووشى نەخۆشى كۆرۆنا نەبووە و ئەو ناوە ناوە پشكنین دەكات بەڵام پەیوەندى بە كۆرۆناوە نییە.

پێشتر رۆژنامەى “عەرەبى جەدید” لە سەرچاوەیەكى حزبى دەعوەى ئیسلامى كە حزبێكى شیعە و مالیكى سەرۆكەكەیەتى ئاشكراى كرد بوو، بە چەند مەبەستێكى سیاسى مالیكى سەردانى ئێرانى كردووە و لەماوەى دوو ساڵى رابردوویشدا ئەمە یەكەم سەردانى دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە گوتبووى مالیكى دەیەوێ بە پاڵپشتى ئێران لایەنە شیعەكان كۆبكاتەوە.

نوورى مالیكى دوو خوول سەرۆكایەتى حكوومەتى عێراقى كردووە و ماوەیەك جێگرى سەرۆك كۆمار بووە، یەكێكە لەو سەركردانەى شیعە كە بە توندى لایەنگرى ئێران دەكات و بە چەندان دۆسیەیەش تۆمەتبار دەكرێ لەوانە كەوتنى شارى مووسڵ بە دەستى رێكخراوى تیرۆریستى داعش و گەندەڵى.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com