بۆمبێك بە شاندى دیپلۆماسى بەریتانیا لە عێراق تەقییەوە

0

ئەمڕۆ لە بەغدا بۆمبێكى چێنراو بە ئۆتۆمبیلێكى باڵوێزخانەى بەریتانیا لە عێراق تەقییەوە، ئەمەیش چوارەم هێرش دەبێت لەماوەى چەند كاتژمێرێك لە عێراق بكرێتە سەر شاندە بیانییەكان و هێزەكانى هاوپەیمانان.

ماڵپەڕى كەناڵى حوڕە بڵاوى كردووەتەوە بۆمبێكى چێنراو لە سەر رێگەى فڕۆكەخانەى بەغدا بە شاندێكى دیپلۆماسى تەقیوەتەوە و زیانێكى زۆرى بەر ئۆتۆمبیلێكى باڵوێزخانەى بەریتانیا گەیاندووە.

بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى سەرچاوە ئەمنییەكان بڵاویان كردووەتەوە، تەقینەوەى بۆمبەكە هیچ زیانێكى گیانى نەبووە.

ئەوەى جێى نیگەرانى بێت ئەمە چوارەم هێرشە لەماوەى كەمتر لە 24 سەعات بكرێتە سەر هێز و شاندە بیانییەكان.

بەیانى ئەمڕۆ دوو مووشەك ئاراستەى باڵوێزخانەى ئەمریكا لە عێراق كران، بە سیستەمى بەرگرى مووشەكى تەقێنرانەوە، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى بڵاوكراونەتەوە، ئەم دوو مووشەكە كاتیوشا نەبوون و نوێترن.


چەند كاتژمێرێك پێشتر چەند تەقینەوەیەك بە دوو كاروانى سەربازى هاوپەیمانان تەقیوەتەوە لە هەر دوو شارى دیوانییە و بابل لە باشوورى عێراق.


ئەمریكا و چەندان وڵاتى تر، لەو هێرشانە میلیشیاكانى سەربە ئێران تۆمەتبار دەكەن كە تا ئێستا حكوومەتى عێراق نەیتوانیوە چارەسەرى ئەم هێرشانە بكات كە دوو ساڵە بەردەوامن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com