سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نیا بابه‌تى مووچه‌ و بودجه‌ نییه‌

0

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ مارتن هووس باڵیۆزى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌ عێراق كرد، له‌ گفتوگۆكانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى گوتى، “كێشه‌كانى هه‌ولێر- به‌غدا ته‌نیا بابه‌تى مووچه‌ و بودجه‌ نییه‌، سه‌قامگیریى عێراق وچاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ستراون”.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان باسى له‌ ورده‌كاریى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى یه‌كێتى ئه‌وروپا كردووه و تێیدا هاتووه‌‌:


پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 22/9/2020 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز مارتن هووس باڵیۆزى یەکێتیى ئەورووپا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەڕێز نوێنەرى یەکێتیى ئەورووپا لە هەرێمى کوردستان ئامادەى بوو، هەنگاوەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى بەتایبەتى لە بوارى ئابووریدا، مەترسییەکانى تیرۆر و جموجووڵەکانى داعش، پرۆسەى سیاسى و ئەرکى حکوومەتى تازەى عێراق و هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى داهاتووى وڵات، تاوتوێ کران.

دواین پێشهاتەکانى گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا بە تەنیا بابەتى مووچە و بودجە نییە و سەقامگیریى عێراق و چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا دوو بابەتى پێکەوە بەستراون، یەکێتیى ئەورووپا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش دەتوانن هاوکاریى عێراق بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پشتگیریى خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانى عێراق دەربڕى و دەربارەى چەند تەوەرێکى دیکەى وەک پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ، ڕۆڵى یەکێتیى ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەرفەتى وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریى ئەورووپى لە عێراق و هەرێمى کوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com