ناوەندی گاڤ فیلمێک نمایش دەکات

0

نوچەنێت

فیلمی ( گوڵەکان ناگەشێنەوە ) ئێستا لە قۆناغی مۆنتاژدایە، لەئایندەیەکی نزیکدا ئامادەی بڵاوکردنەوە دەبێت، فیلمەکە بەرھەمی ھاوبەشی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ناوەنی گاڤ، بۆ بەرھەمھێنانی کاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی کوردی یە لەشاری سلێمانی .

لوقمان غەریب سیناریۆنووس و دەرھێنەری فیلمەکە لەبارەی فیلمەکەیەوە رایگەیاند، لەمانگی كانوونى يه‌كه‌مى ساڵی ٢٠١٩ وە سەرقاڵی دروستکردنی ئەم فیلمەین. فیلمەکە لەجۆری فیلمی درێژی درامیدایە و ماوەکەی ٩٠ دەقیقەیە. چیرۆک و ڕووداوەکانی ئاوێتەن لەنێوان دوو مێژووی جیاوازدا کە بۆ ھەردوو ساڵی ١٩٨٨ و ٢٠١٢ دەگەڕێتەوە . تیادا باس لە ئاسەواری مەرگەسات و ئازار و ئەندێشەی دوو خانەوادەی پاشماوەی ھەردوو کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە دەکات .

سیناریۆی فیلمە بە تێگەیشتن و جۆرێکی جیاواز مەسەلەی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران بەرجەستە دەکات و چیرۆک و بابەتێکی نوێ دەگێڕێتەوە ، دیارە ئەو کارەساتانە ھەڵگری سەدان چیرۆکی مەرگەساتبار و تراژیدین کە ھێشتا بەداخەوە ھیچ کام لە بوارەکانی کەلتوریی بە تایبەت سینەما و چیرۆک و ڕۆمانی کوردی بەباشی خۆیان لەقەرەی نەداوە.

لوقمان غەریب ئەوەشی راگەیاند، کە لە فیلمی «گوڵەکان ناگەشێنەوە» ھونەرمەندانی خاوەن ئەزموون «عەلی کەریم ، بەھادین ھەڵەبجەیی ، تەھا داراغایی ، جەمیل ئەحمەد ، سازگار فواد» و ھەریەک لە ھونەرمەندانی ناسراو «ئاواز ڕەحیم ، عومەر عەبدوڵلا قاچ ، سەرچڵ ڕەفیق، حەسەن حەمەساڵح ، ئاراز عەبدولرەحمان و شاناز جەمال» و ھونەرمەندای لاو و ئەستێرەی ئایندە «لاوە بێستون ، شێما ڕێبوار و شیراز جەلال» و کۆمەڵێ ھونەرمەندی تر بەشدارن و نواندنیان کردووە. بینراوەکانی فیلمی «گوڵەکان ناگەشێنەوە» لەشارەکانی ھەڵەبجە و دەربەندیخان و ئاوایی ڕێژنە و دێوانەی دەڤەری گەرمیان تۆمار کراوە .

فیلمی «گوڵەکان ناگەشێنەوە» لەلایەن ستافێکی لاوی کوردەوە کاری تەنیک و پرۆداکشنی بۆ ئەنجامدراوە « کامێرا و DOP – بەھمەن سەلاح ، یاریدەدەری دەرھێنەر -نڤار لوقمان ، مایکاپ ئارتێست – لارا خەبات ، سکرێپ و کلاکێت – شایۆ یاسین ، درۆن و فلای کام – ھاوڕێ بەختیار ، بەڕێوەبەری بەرھەم – محەمەد شوان ، مۆزیک – ژیار گۆران ، مۆنتاژ و مێکساژ – دیار خەسرەو ، ترایلەر – ژیر ، پرۆدێسەر – لوقمان غەریب».

بەگوتەی لوقمان غەریب، بڕیارە پاش تەواو بوونی کارە ھونەرییەکانی ، فیلمەکە لە ڕۆژی سینەمای جیھانییدا لە مانگی دیسامبەر لە ھۆڵەکانی سینەما لەشارەکانی ھەولێر، سلێمانی، لەھۆڵەکانی تری شاری ھەڵەبجە، کەرکوک، کەلار، دەربەندیخان، ڕانیە و قەڵادزێ نمایش بکرێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە ناوەندەکەیان، ناوەندی گاڤ، ئێستا سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ بەرھەمھێنانی فیلمێکی تری درێژ، بە «ناوی ئەوین لەژێر باڵی تاریکدا» کە جۆری فیلمی درێژە و ماوەی ٩٠ نەوەد خولەکە، باس لە ھەندێ ئاریشە و کێشەی سەردەم دەکات، ھاوکات کار بۆ بەرھەمھێنانی زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنیی دەکەن، کە بریتی یە لە ٣٠ ئەڵقە و لە ڕەمەزانی داھاتوودا لە کوردستان تیڤی پەخش دەرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com