یەكێتیی و پارتی ململانێی سیاسیەكانیان دەبەنە ناو حكوومەتەوە

0

16 ئۆكتۆبەر، گرژیى لەنێوان یەكێتیی و پارتیدا دروست دەكات

تایبەت بە (نووچە نێت)
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە تازەترین ململانێی سیاسییاندا و بەشێوەیەكی ئاشكرا، دوور لەناوەندە حزبییەكانی خۆیان، ئەمجارەیان لەناو حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا یەكتری تۆمەتبار دەكەن، هەریەك لە تیمەكانی ئەو دوو حزبە كە نوێنەرایەتی حزبەكانیان لەناو حكومەت دەكەن، بۆ ساڵیادی 16 ی ئۆكتۆبەر وەڵامی یەكدی دەدەنەوە.
بەپێی ئەو نووسراو بڵاوكراوانەی كە دەست (نووچه نێت) كەوتووە، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ هەینی بەبۆنەی سالیادی 16ی ئۆكتۆبەرەەوە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی : ئەو دۆخە نائاساییەی كە لە ئەنجامی خیانەتی خاكفرۆشانەوە، لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵكردن نییە . ئاماژەی بەوەشكردوە، “هەرگیز زامی خیانەتی خاكفرۆشانمان بیرناچێتەوە، بەڵام لە خیانەت بەزامتر ئەوەیە، كە گەل خیانەتكار سزا نەدات”.
دیارە ئەو هەڵوێست نواندنەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرانبەر ئەو رووداوەدا، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان توڕە دەكات، ئەویش لەرێگەی نوێنەرایەتی خۆیانەوە لەناو حكوومەت كە (تیمی یەكێتی لەناو حكوومەتی هەرێمی كوردستان)ی پێدەڵێن، پەیامێك بڵاودەكەنەوەو وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ئەو هەڵوێسەی سەرۆكی حكوومەت دەڵێن: ئەگەر بڕیارە حکوومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداوەکان وەربگرێت پێویستە باس لە ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش بکات، دەشڵێن، دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان لە لێدوانێک بپارێزن کوردستان لە کەناری ئارامی دووربخاتەوە.
هەر لەو پەیامەی تیمی یەکێتی لە حکوومەتی هەرێمدا هاتووە “‎وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان وەک چۆن پڕیە‌تی لە شانازی و دە‌ستكە‌وت، خاڵیش نییە لە کارەسات و کۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن.”
ئاماژە بەوەشکراوە، “‎ئەو کارەسات و رووداوانە‌ش بەشێکن لە مێژووی دوور و نزیکی گەلەکەمان، بۆ ئە‌وە‌ی راستی و دروستی و چۆنییەتی روودانیان و بکەرەکانیان و هۆکار و دە‌رئە‌نجامە‌كانیان بزانرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن مێژوونووسانە‌وە‌ بە بێلایەنانە لێكۆڵینە‌وە‌یان لەسەر بکرێت.”
تیمی یەكێتی ئەوەش رووندەكاتەوە كە “ئێمە بڕوامان وایە ئەرکی حکوومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە‌ نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکوومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دوور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی، خۆ ئەگەر بڕیاریشە‌ حکوومەت ھە‌ڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم رووداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوە‌كانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوە‌كانی تریش.”
هەر لەو پەیامەیاندا تیمی یەكێتیی ‎جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ” لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەمولایەک پەند و ئامۆژگاری لە کارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یە‌كڕیزی نەتەوەیی نە‌ك قوڵكردنە‌وە‌ی ناکۆکییەکان و تەفرەقە و پەرتەوازەیی.”
لەبەرانبەر ئەو پەیامەی تیمی یەكێتیش ، بەهەمان شێوە تیمی پارتیش لەناو حكوومەت وەڵامی ئەو پەیامەی یەكێتی دەاداتەوە و دەڵێت، باشتربوو بەشێوەیەکی بابەتیانە و واقیعبینانە تەماشای گرژییەکانیان بکردبایە، باسیش لەوە دەکەن “رووداوی خاکفرۆشتن و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31ی ئابی پیرۆز”.
لە پەیامەکەی تیمی وەزاریی پارتیدا بۆ یەکێتی هاتووە، باشتربوو “لە یادی ریفراندۆمی گەلەکەماندا، کە هەموو هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لێی دابوو ، 93%ی خەڵکی کوردستانیش بە بەڵێ دەنگی بۆ دا، ئامۆژگاریی ئەو تاقمەیان بکردایە کە رەنج و ماندووبوون و خەونی میللەتەکەمانیان بەفیڕۆدا، کەچی لە رۆژی ریفراندۆمدا، دەستیان بە هێرش کرد”.
تیمی وەزاریی پارتی دەشڵێت “دەبووا تیمی یەکێتی لە حکوومەت ئامۆژگاریی ئەو کەسانەیان بکردبا، کە رۆژانە لە میدیاکانەوە هێرشی ناڕەوا بۆسەر سەرۆکی ئەو ئەنجوومەنی وەزیرانە دەکەن، کە خۆیان تیایدا ئەندامن”.
هەر لەو پەیامەیاندا تیمی وەزاریی پارتی رایدەگەیێنێت، ئەگەر دەتانەوێت لەژێر فشاردا “هەموو رووداوەکان وەکو یەک سەیربکەن، بێگومان دەبێت ئەو راستییە بزانن، کە رووداوی خاکفرۆشتن و لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31ی ئابی پیرۆز، کە بڕیاربوو ئەوکاتیش هەولێر و کوردستان بە دەردی ئێستای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر ببەن”.
تیمەكەی پارتی پشتگیری لە پەیامەكەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەكات كە دوێنێ هەینی لەبارەی رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بڵاویکردەوە، دەڵێن ” ناوی کەس لە پەیامی سەرۆکی حکوومەت نەهاتووە دەربارەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بەڵام وەڵامدانەوەی تیمی وەزاریی یەکێتی، ساخکردنەوەی ئەو خیانەتەیە بەسەر ئەو تاقمەوە”. تیمەکەی یەکێتیش لە حکوومەت لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە “مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیە‌تی لە شانازی و دە‌ستكە‌وت، خاڵییش نییە لە کارەسات و کۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن”.
تیمی یەکێتی داوای “لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە لەلایەن مێژوونووسان” لە رووداوەکان دەکات. لە پەیامی تیمەکەی پارتیشدا ئاماژە بەوە کراوە “مێژوو شاهیدە، کە مێژووی خاکفرۆشان و بێگانەپەرستی لە کەیەوە و لای کێ دەستیپێکردووە”.
لە کۆتایی پەیامی تیمی وەزاریی پارتی بۆ یەکێتیدا هاتووە “ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە بابەتیانە باسی رووداوەکان، وەکو خۆیان بکەین و هەموو کەس تێکەڵ نەکەین، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێوە نەک تەنیا دەتانەوێت راستییەکان پەردەپۆش بکەن، بگرە هیچ هەڵوێستێکیشتان بەرامبەر بەو هێرشە ناڕەوایانە نەبووە، کە بەرامبەر بە موقەدەسات و پیرۆزیی نەتەوەییمان دەکرێت و ناتوانن خۆتان لەژێر هەژموونی تاقمێکی خۆسەپێنەر و شەڕخواز، رزگار بکەن، کە دژی تەبایی و یەکڕیزی و ئامانجە باڵاکانی نیشتیمانە”.
سێ ساڵ لەمەوبەر و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ و بیست رۆژ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، هێزە عێراقییەکان کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کۆنتڕۆڵکردەوە و ٪٥١ی خاکی کوردستانی عێراق لەدەستدرا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com