نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێ حكوومه‌تى عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ى جددى له‌سه‌ر سووتاندنى لقى پارتى بكات

0

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا سووتاندنى لقى پێنجى پارتى شه‌رمه‌زار كرد و گوتى، “ئه‌و رووداوه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ پێكه‌وه‌ ژیان” و داوایشى كرد، هه‌موو لایه‌ك ئارامى بپارێزێ وحكوومه‌تى عێراقیش ده‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ى جددى له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ بكات.

ده‌قى راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان:

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌یاساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌.

ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كیى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌یە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.

هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە.

نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت.

داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاسایییەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى یاسا بكرێنه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

17/10/2020

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com