عەلی رەشید : لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە جێگرەوە بۆ (د.فرسەت سۆفی) دابنێت

0

(نوچەنێت) فەرهاد حەسەن

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند لە ئێستاد جێگری پارێزگاری هەولێر تەواوی دەسەڵاتەكانی پارێزگاری كۆچكردووی هەیەو دەشڵێ “پێموانیە هیچ كێشەیەكی یاسایی دروست بێ ئەگەر تا ماوەی 3 مانگیش پارێزگاری نوێ بۆ هەولێر دانەنرێت”. 

لەلێدوانێكدا بۆ (نوچەنێت) عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند ” پێموانیە پەلە لە دانانی پارێزگاری نوێ بۆ هەولێر بكرێت، چونكە لە ئێستادا جێگرەكەی هەموو دەسەڵاتێكی تەواوی پارێزگاری هەیە و ئەركەكانی رادەپەڕێنێت ، بۆیە گەر تا 3 مانگیش پارێزگاری نوێ بۆ هەولێر دانەنرێت هیچ كێشەیەك نابێ”.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەی روونكردەوە كە دانانی پارێزگارێكی نوێ، بە پێی ماددەی 20 لەیاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2009 ی ئەنجومەنی پارێزگاكانە، كە دەڵێ “ئەگەرهاتوو پارێزگار نەخۆش كەوت یان هەر حاڵەتێك بۆ زیاتر لە 3 مانگ، ئەوە  پاریزگار خانەنشین دەكرێ و لە جێی پارێزگاریش جێگرەكەی كارەكانی رادەپەڕێنێت و دەسەڵاتەكەی وەردەگرێت”، دەشڵێ “پارێزگاریش بەهەمان ئەو رێكارانەی لەو یاسایەدا هاتووە دادەنرێت. تاكو ئەنجومەن پارێزگارێكی نوێ دادەنێت”.

بەڵام دەڵێ “دیارە ئەو یاسایەی سەرەوە هەمواركراوەتەوە، چونكە كاتی خۆی پارێزگار تەنها لەناو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگادا بوو، بەڵام ئێستا لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەنیشە  بۆیە ئاساییە كەسێك لەدەرەوەی ئەنجومەنیش خۆی كاندید بكا بۆ پۆستی پارێزگار”.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر باس لەو رێكارانە دەكات كە پێشتر (دكتۆر فرسەت سۆفی) بۆ بوونە پارێزگار پێدا تێپەڕیوەو دەڵێ “دوای ئەوەی خواڵێخۆشبوو لەناو ئەنجوومەن پەسەند كرا، ئینجا لەرێی وەزارەتی ناوخۆ پلەی وەكیل وەزیری وەرگرت، واتا پارێزگار كە لەئەنجومەن پەسەند دەكرێ دەچێتە وەزارەتی ناوخۆ لەوێشەوە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێش دەچێتە سەرۆكایەتی هەرێم و سوێندی یاسایی لەبەردەمی سەرۆكی هەرێم دەخوات و پلەی وەكیل وەزیری وەردەگرێت، بۆیە لەدەسەڵاتی بەڕێز وەزیری ناوخۆیە كە جێگرەوە بۆ پارێزگاری خوالێخۆشبوو دابنێت”.

لەبارەی خۆكاندیدیش بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر وتی “من نازانم كێ خۆی كاندید دەكات ، بەڵام هەركەسێك خۆی كاندید بكات ئێمە دیهێنینە ناو ئەنجوومەن و تەماشای سیڤیەكەی دەكەین”، دەشڵێ “بەدڵنیاییشەوە لیستی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە پارتییە ، ئەگەر پارتی پشتگیری ئەو كاندیدە نەكات بێگومان دەرناچێت و نابێتە پارێزگار”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com