نوچه‌نێت
سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ 2020 قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران به هێرشێكى ئه‌مریكا له به‌غدا كوژرا، كه به دارێژه‌رى نه‌خشه‌ى ئه‌منى و سیاسى و سه‌ربازى ئێران له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست داده‌نرا، وا 2020 به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت ئێران زه‌برێكى تر‌ى به‌رده‌كه‌وێت كاتێك له‌ناو تاران موحسین فه‌خریزاده له‌ده‌ست ده‌دات كه به درێژهرى پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران داده‌نرێت.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 27 ى تشرینى دووه‌م، له تاران موحسین فه‌خریزاده كوژرا، كه به ناوبانگترین زاناى ئێران داده‌نرێت له‌بوارى ئه‌تۆمدا. به گوته‌ى محه‌مه‌د باقرى سوپاسالارى ئێران كوشتنى فه‌خرى زاده به زه‌برێكى گه‌وره داده‌نرێت به‌ر ئێران كه‌وتووه.
سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش ئێران زه‌برێكى تر‌ى به‌ركه‌وت ئه‌ویش كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران بوو.
موحسین فه‌خریزاده كێ بوو؟
له‌ساڵى 1961 له‌دایكبووه و دكتۆراى له فیزیا هه‌یه و سه‌رۆكى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه و پێشخستن بووه له وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئێران، ئه‌مه وه‌ك پۆستى فه‌رمى، به‌ڵام به‌رپرسانى ئێران و نه‌یارانى ئێرانیش دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه فه‌خریزاده باوكى پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران بووه.
له‌ساڵى 2007 وه له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى فه‌خریزاده سزادراوه و به‌گوێره‌ى ئه‌و راپۆرتانه‌ى پێشتر بڵاوكراونه‌ته‌وه، یه‌كێك له عه‌قڵه گرنگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتى ئێران بووه و به “پیاوى سێبه‌ر” یان “پیاوه شاراوه‌كه” ناسراوه.
كوشتنى فه‌خریزاده چۆن بووه؟
ئاژانسى ته‌سنیمى ئێرانى كۆمه‌ڵێك وێنه و زانیارى له‌سه‌ر كردارى كوشتنى فه‌خریزاده بڵاوكردووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تى له‌نزیك تارانه‌وه بووه و سه‌ره‌تا ئۆتۆمبیلێك له نزیك ئۆتۆمبیلهكهى فه‌خریزاده ته‌قیوه‌ته‌وه و دواتر ته‌قه له فه‌خریزاده كراوه و پاسه‌وانه‌كانى وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه و تا ئێستا ناسنامه‌ى ئه‌و هێرشبه‌رانه دیار نییه. موحسین فه‌خریزاده سه‌ره‌تا به سه‌ختى بریندار بووه و داوتر گیانى له‌ده‌ست داوه.
جیاوازى له‌نێوان كوشتنى سوله‌یمانى و فه‌خریزاده چییه؟
جیاوازى هه‌ر زه‌ق له‌نێوان كوشتنى قاسم سوله‌یمانى و فه‌خریزاده ئه‌وه‌یه قاسم سوله‌یمانى له ده‌ره‌وه‌ى ئێران كوژراوه “عێراق” كوژراوه، كه‌چى كوشتنى فه‌خریزاده له تارانى پایته‌ختى ئێران بووه، ئه‌مه‌یش وایكردووه ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران رووبه‌ڕووى ره‌خنه ببنه‌وه، له كه‌مته‌رخه‌مى و بۆشایى ئه‌منى خودى ده‌سه‌ڵاتى ئێران تۆمه‌تبار بكرێت.
خاڵێكى تر‌ى جیاواز ئه‌وه‌یه كوشتنى سوله‌یمانى به فه‌رمى و راشكاوى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه راگه‌یه‌نرا، كه‌چى تا ئێستا بكوژى موحسین فه‌خریزاده دیار نییه، هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێران ده‌ڵێن كه‌سێك له‌و هێرشبه‌رانه‌ى ته‌قه‌یان له ئۆتۆمبیڵه‌كه‌ى كردووه گیراوه. هه‌ر یه‌كه له محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریفى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و حوسێن سه‌لامى فه‌رمانده‌ى سوپاى پاسداران راسته‌وخۆ ئیسرائیلیان له كوشتنى موحسین فه‌خریزاده تۆمه‌تبار كردووه.
زه‌ریف گوتوویه‌تى چه‌ند ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه كه كرده‌وه‌كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه هه‌بووه، به‌ڵام
باسى له‌وه نه‌كردووه ئاماژه‌كان چیین. هه‌رچى ئه‌مریكایه تا ئێستا هه‌ڵوێستى فه‌رمى له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه نه‌بووه. هه‌ر یه‌كه له كۆشكى سپى و هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكى قسه‌یان هیچ سه‌رنجێكیان له‌سه‌ر رووداوه‌كه نه‌داوه. دۆناڵد تره‌مپیش له تویته‌ر ته‌نیا راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى بڵاوكردووه‌ته‌وه، بێئه‌وه‌ى هیچ سه‌رنجێك بدات
ئایا ئیسرائیل ئه‌و كاره‌ى كردووه؟
رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى هه‌واڵگرى ئه‌مریكى و ئیسرائیلییه‌وه ده‌ڵێ ئیسرائیل له‌پشت هێرشه‌كه‌ى سه‌ر فه‌خریزاده بووه، پێشتریش له ساڵى 2018 بنیامین نه‌تانیاهۆى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل له كۆنگره‌یه‌كدا باسى رۆڵى موحسین فهخریزادهى كردووه له پرۆگرامى ئه‌تۆمى ئێران و گوتوویه‌تى، “موحسین فه‌خریزاده ئه‌و ناوه‌تان باش له‌بیر بێت”. ئه‌م ئاماژانه‌ى سه‌ره‌وه هه‌موو وایانكردووه سه‌رنجه‌كان به‌لاى ئیسرائیله‌وه بێت.