شلێر سه‌عید، تایبه‌ت به نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكى كورد له په‌رله‌مانى عێراق پێشنیار بۆ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات به‌و بڕه پاره‌یه‌ى له‌به‌ر دهستییهتى ده‌ست به دابه‌شكردنى مووچه بكات. سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندى ئه‌وان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى و حكوومه‌تى هه‌رێميش په‌رله‌مانتاره‌كه ده‌ڵێ، “هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان نییه”.
شێروان میرزا په‌رله‌مانتارى كورد له لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى تایبه‌ت به نوچه‌نێت ده‌ڵى، “داهاتى حكوومه‌تى هه‌رێم 400 ملیار دینار زیاترة و به پاره‌كه‌ى به‌غداوه مووچه‌ى پێ دابین ده‌كرا، به‌ڵام ئێستا به‌غدا پاره‌كه نانێرێ، وا باشتره حكوومه‌ت به‌و بڕه پاره‌یه‌ى به‌رده‌ستى ده‌ست به دابه‌شكردنى مووچه بكات”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باس له‌وه‌یش ده‌كات ده‌بێت حكوومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵ بدات مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران زیاتر دوا نه‌كه‌وێ و ده‌ڵێ كاتێك حكوومه‌تى لێبڕینى له مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كردووه بۆئه‌وه‌ى بووه كه بتوانێ مانگانه مووچه‌كه بدات.
روونیشى ده‌كاته‌وه به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه پێشتر له‌كاتى دابه‌شكردنى مووچه بڵاوكراونه‌ته‌وه پێشنیاره‌كه‌ى ده‌كات، ئه‌گینا ئه‌وان هه‌رچه‌نده له لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراقن، به‌ڵام كۆنتاكیان له‌گه‌ڵ دارایى هه‌رێم نییه و حكوومه‌تى هه‌رێم زانیاری‌یان پێنادات.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌سه‌ر دواكه‌وتنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌ڵێ، “كازمى ده‌یه‌وێ پاره‌كه‌ى هه‌رێم ره‌وانه بكات و به‌دواى ده‌رچه‌یه‌كى یاساى ده‌گه‌ڕێ”