عەبدوڵڵا ریشاوی: کورد هاوکێشەیەکی بچووکە لەنێوان دەیان هاوکێشەی گەورەدا

0

عێراق و كوردستان له‌دوای ئازادكردنی موسڵ

بەهرە ‌حەمەڕەش: پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ ده‌ستپێكراوه‌، ئایا ئه‌و گرفتانه‌ی دوای ئازادكردنی موسڵ بۆ كورد دێنه‌ پێش چین و چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت ؟

نه‌مانی داعش له‌موسڵ، نه‌مانی مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر كوردستان ؟

له‌ڕووی سیاسی و جوگرافی و سه‌ربازییه‌وه‌، هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌دوای نه‌مانی داعش له‌موسڵ چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ كوردستان ؟ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانكراوه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ چین ؟

ئایا سێبه‌ر و مه‌ترسی ئیسلامی توندڕه‌و له‌سه‌ر كوردستان نامێنێت ؟

كورد ده‌بێت چۆن خۆی ئاماده‌بكات بۆ قۆناغی دوای داعش له‌موسڵ ؟

چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی هه‌ستپێكراون كه‌م بكرێنه‌وه‌ ؟

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا چۆن ده‌بن و ده‌بێت چۆن بن؟

عیراق و کوردستان دوای شەڕی ئازادکردنی موسڵ؟

عەبدوڵڵا ریشاوی

كورد هاوكێشەیەكی بچوكە لەنێوان دەیان هاوكێشەی گەورەدا، دەرباز بونی كورد لەناو ئەم هەموو هاوكێشانە كارێكی زۆر سانا نییە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا ئەستەم نیە ئەگەر بێت و هەماهەنگی و هاودەنگی و پشتیوانی لەنێوان كورد وەك نەتەوەیەكی گەورە بوونی هەبێت،هیچ كات گۆڕانكارییە دەرەكیەكان ناتوانن بەتەنها خۆیان و لەسەداسەد لە زیان، یان سودی كورد تەواو ببن، بێ ئەوەی دۆخی كورد خۆی وەك نەتەوەیەك كاریگەری گەری لەسەر ئەو دەرەنجامانە بێت، واتە دۆخی ئێمە تەنها لە دەرەوە یەكلا ناكرێتەوەو بەتەنهاش بەدەست زلهێزەكانەوە نییە، بەڵكو ئێمە خۆمان وەك نەتەوەیەك كاریگەری گەورەمان لەسەر چارەنوسی خۆمان هەیە بەباش یان بە خراپ،هاوپشتی و یەكدەستی و شوراو گوێگرتن لەیەكتر دەتوانن زۆربەی هاوكێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەبەرژەوەندی خۆمان تەواو بكات.

بەپێچەوانەشەوە نەبونی ئەم هاوپشتیە، وادەكات هاوكیێشە ناوچەییەكان بە زیانی ئێمە وەك نەتەوەیەك كۆتایی بێت. لە ئێستادا یەك لەو گرفتە سەرەكیانەی لە”دوای شەڕی داعش لەموسڵ” دەكرێت وەك مەترسیەك روبەروی ئێمە بێتەوە بەهێز بونەوەی ناوەندێیتیە لە عێراقدا و، دروستبونی كێشەیە لەنێوان ئێمە و عێراق لەسەر ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان.

هەرچەندە وێناكردنی دوای داعش، بۆخۆی وێناكردنێكی ئاسان نیە چونكە “بون یان نەبوون”ی داعش تەنها بابەتێكی سەربازی عێراقی نیە، بەڵكو هاوكێشەیەكی ناوچەیی و نێو دەوڵەتیەو چارەنوسی ئەم هێزە پەیوەستە بەرێكەوتن یان رێك نەكەوتنی ئەو هێزە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتیانە، بەڵام سەرئەنجام ئەگەر بێت و كورد هەماهەنگ و  یەك قسە و یەك بەرنامەبێت ئەوا قۆناغەكە بەشێوەیەكی گشتی لە قازانجی كوردە، چونكە جگە لەرووی نێو دەوڵەتیەوە ئەم دۆزە مێژوییە بەرەو پێشچونی گەورەی بەخۆوە بینیوە. حكومەتی هەرێمی كوردستانیش وەك دیفاكتۆیەك تەمەنی وا بۆ 26 ساڵ دەچێت و ناكرێت كورد، هێندە نەتەوەیەكی شكستخواردو بێت لەپاش ئەم هەموو فرسەت و هەلە بۆ قۆناغی یەكەم بگەڕێتەوە، كەواتە پوختەی قسە ئەمەیە كورد لەبەردەم كۆمەڵێك مەترسی و كۆمەلێك دەرفەتیشدایە، دەبێت دەرفەتەكان بقۆزێتەوەو مەترسیەكان تێپەڕێنێت.

لە ئێستادا دۆخی نێوان توركیا و ناوەندی عێراق، واتە بەغدا باش نییە، ئەمەش هەرچەندە مەترسیەكە بە پلەی یەكەم رووبەرووی بەغدا دەبێتەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كورد تاچەند لە پشكی ئەو شەڕە پارێزراو دەبێت. من پێم وایە هەرچەند كوردستان خۆی لەبەغدا دوور بخاتەوە، ئەوەندە لە كێشەوشەڕو ململانێكانی دوای داعش پارێزراوتر دەبێت، ئێمەی كورد هەرچی چەند پێمان دەكرێت دەبێت خۆمان لەئەگەرەكانی جەنگ لەدوای داعش بپارێزین، كە بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی ستراتیژی 10جەنگ لەدوای داعش گریمانە كراوە، بەڵام من پێم وایە دەبێت كورد خۆی لەو جەنگانە بپارێزێت. دەبێت كورد تایبەتمەندێتی زیاتر بەخۆی ببەخشێت و گوتارێكی ئاشتی خوازانە بۆ هەموو لایەك ئاراستە بكات، دەكرێت كورد رۆڵی ناوبژیوانی لەنێوان توركیاو عێراق بگێڕێت، نەك بەلایەكدا بكەوێت، كورد دەبێت پەلە نەكات بەڵام هەموو ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەبۆ خۆ بەهێز كردن لەناوەوە وەك ئەوەی ئەمریكا، لە جەنگی جیهانی دووەمدا كردی.

یەك لەو مەترسیانەی روبەروی كورد دەبێتەوە لەدوای داعش پاوانخوازی ناوەندە، بەڵام لەناوەندیشدا بەشی ئەوە دەنگی دۆست و ئاشتی خواز هەن، كە دەتوانن لە كورد تێبگەن پێویستە كورد هێڵەكانی گفتو گۆ لەگەڵ ناوەند نەپچڕێنێت و بەردەوام لەگەڵ دەستگرتن بەمافی خۆیەوە دبلۆماسیەتی ئاشتی لەگەڵ ناوەند پەیڕەو بكات.

بەهێز بونەوەی ناوەند لە عێراقدا مەترسی بۆ سەر هەرێم دروستدەكات، بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكاندا، لەچارەنوسی شارێكی ستراتیژی وەك كەركوكدا، لەروی سیاسیەوە ناوەند دەتوانێت سود لە درزەكانی نێوان هێزە كوردیەكان وەربگرێت بۆ بێهێزكردنی هەرێم، هەروەك دەتوانێت بڕیاری سیاسی زیاتر بەناوەند بكات، بۆ هەمووئەمانەش ناوەند هیچ دەرفەتێكی نیە جگە لەخاڵە لاوازەكانی هەرێم لەرووی ئابوری سیستمی بەڕێوەبردن و نادام و دەزگایی سێكتەرە جیاوازەكان لەهەرێمدا، هەربۆیە چاكسازی و بە دام و دەزگایی كردنی هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری سەربازی هەرێم، یەكێك لە ئەركەكانی قۆناغەكانی پیێشوو بوو، كە دەبێت لەم قۆناغەدا فریای بكەوین.

ئیسلامی توندڕەو لە كوردستان پاشەكشەی زۆری كردووە، ئیسلامیەكان بەشێوەیەكی گشتی لە كوردستاندا توندڕەو نین، دژی خاك و وڵاتی خۆیان نین بەشداری ئەزمونی سیاسی كوردستانن و زۆركاتیش بە نزیكی لەدەسەڵات تۆمەتبار دەكرێن، بۆیە من پێم وانیە توندڕەوی ئیسلامی هەڕەشەیەكی ناوخۆیی راستەقینە بێت، بەڵكو پێم وایە ئەو هەڕەشەیە زیاتر دەرەكیەوە پەیوەستەبە ململانێی هەروو دوو جەمسەری شیعەو سوننەوە لەناو چەكەدا.

كورد دەبێت لەمێژە خۆی ئامادە كردبێت بۆ رووبەروو بونەوەی مەترسیەكان، من بۆخۆم دەستەواژەی شەڕی دوای موسڵ، بەو سۆفتی و تەخت و ئاسانە نایەتە بەرچاوم، چونكە لەوانەیە شەڕی موسڵ و سوریا زیاتریش بخایەنێت،  كورد دەبێت لە هەموو ئەم دەرفەتە سوورد وەرگرێت ناوماڵی خۆی بەهێز بكات بەشێوەیەك، كوردستان ببێتە پەناگەی عەرەب و توركمان وشیعەو سونەش كوردستان ببێتە وڵاتێكی پارێزراو لەجەنگ وەك سویسرای سەردەمی جەنگە جیهانیەكان. كوردی باشوری كوردستان دەبێت بەبێ‌ دەستتێوەردان هاوكاری پارچەكانی دیكەش بكەن.

لەهەموو ئەمانەدا من پێم وایە دەبێت، كورد گرنگی بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریكاو روسیا بدات و، بتوانێت ئەو هێزەگەورانەی جیهان بكاتە دۆستی راستەقینەی خۆی.

بۆ کەم کردنەوەی مەترسییەکان، یەك دەنگی و هاوبەشی هێزە خاوەن نفوزو دەسەڵاتە كان لە ستراتیژدا كارێكی گرنكە، نابێت تەنها هێزێك پێ وابێت ئەتوانێت چارەنوسی هەرێم یەكلا بكاتەوە، بەئەزمونیش دەركەوتوە هیچ هێزێك بەتەنها ناتوانێت هەموو ستراتیژی كوردستان دابڕێژێت، بەڵكو هەموو هێزەكان لەچوارچێوەی مافی چارەی خۆنوسیندا، دەبێت چارەنوسی هەرێمی كوردستان، دیار بكەن و ستراتیژو هەنگاوەكان دابڕێژن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com