ناوه‌ڕۆكى گه‌ڕى سێیه‌مى گفتوگۆى عێراق و ئه‌مریكا ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ دواى ته‌واوبوونى گه‌ڕى سێیه‌مى دانوستاندنى نێوان عێراق و ئه‌مریكا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق ناوه‌ڕۆكى دانوستاندنه‌كان ئاشكرا ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ گفتوگۆكه‌ دووپات له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونى هاوكارییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ بوارى ئه‌منى و ئابوورى و ته‌ندروستى كراوه‌ته‌وه‌‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م حه‌وتى نیسان، گفتوگۆى ستراتیژى نێوان عێراق و ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چوو. گفتوگۆكه‌ له‌رێگه‌ى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى بینراو ئه‌نجام درا، له‌ لایه‌نى عێراقه‌وه‌ د.فوئاد حوسێن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق و له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئه‌نتۆنى بلینكن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرا.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یێندراوى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌ره‌وه‌ى عێراق هاتووه‌، ئه‌مریكا پێشوازى له‌وه‌ كردووه‌ حكومه‌تى فیدڕاڵ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بودجه‌ و وزه‌ و بابه‌ته‌ ستراتیژییه‌كانى تر  به‌ره‌و پێش ده‌چن.

دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ شاندى هه‌رێمى كوردستانیش به‌شدارى له‌ گفتوگۆكه‌ كردووه‌.

له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ عێراق پێویستى به‌ به‌رده‌وامبوونى هاوكاریى و مه‌شق و راوێژه‌كانى ئه‌مریكاوه‌ هه‌یه‌. هه‌روه‌ها ئه‌مریكا ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ له‌ چه‌ندان بوارى تر هاوكاریى عێراق بكات.

له‌ كۆى بابه‌ته‌كان دووپات له‌سه‌ر رێككه‌وتنى چوارچێوه‌ى ستراتیژى نێوان ئه‌مریكا و عێراق كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 2008 واژۆ كراوه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق نه‌كراوه‌.

ئه‌نتۆنى بلینكن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ تویته‌ر له‌سه‌ر گفتوگۆكه‌ تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا گه‌شبینى خۆى نیشانداوه‌ له‌وه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هاوپه‌یمانى ئه‌مریكا و عێراق به‌ره‌و پێش ده‌چێت.

ئه‌م گفتوگۆیه‌ى عێراق و ئه‌مریكا گه‌ڕى سێیه‌مى دانوستاندنه‌كانى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌ ده‌بێت كه‌ به‌ گفتوگۆى ستراتیژى ناسراوه‌ و گه‌ڕی یه‌كه‌م و دووه‌مى له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكایه‌تى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى پێشووى ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌چووه‌.

میلیشیاكانى شیعه‌ ئه‌وانه‌ى سه‌ربه‌ ئێرانن ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یێندراوێكى هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م گفتوگۆیه‌ كه‌وتنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و داوایان له‌ حكومه‌تى عێراق كرد واده‌یه‌ك بۆ كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌ستنیشان بكات.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین