ڕێبوار ڕەزا چوچانی: هەردوو بەرەكەی ڕۆژهەڵڵاتی ناوەڕاست، پێناچێت لە ئاست چاوەڕوانییەكانی كورددا بن
نوچە نێت: تایبەت
ڕۆژی سێشەممە، ڕێكەوتی (3/3/2026) لە چوارچێوەی پرۆگرامی (گفتوگۆی هەفتانە)، لە دەزگای نوچە، بۆ توێژینەوەی سیاسیی و پەرەپێدانی كولتووریی، بەشی دووەمی گفتوگۆكەی (ڕێبوار ڕەزا چوچانی) بەڕێوەچوو، تێزی سەرەكی بەشی دووەم گفتوگۆكە، تایبەت بوو بە دۆزی كورد و داهاتووی كورد، لە ئەگەری جێبەجێكردنی هەركام لەو تێزانەدا، چوچانی پێیوایە، چ تێزە كۆشنەرییەكە و چ تێزە دۆگینییەكە، دۆزی كورد وەك دۆزێك نابینن، كە بریتی بێت لە شوناس و سەروەریی، چونكە هەركامییان نەخشەڕێی خۆیان هەن و لەو نەخشەڕێیەشدا، ئاماژەیەك بۆ شوناسی نەتەوەیی و سەروەریی كوردیی دیار نییە، دواتر ئامادەبووان بە بەشدارییەكانییان، گفتوگۆكەیان دەوڵەمەندتر كرد.
ئەمەی خوارەوە بەشی دووەمی دەقی وتەكانی (ڕێبوار ڕەزا چوچانی)یە.
بە ناوی خودا
لە دانیشتنی پێشوودا، باسی دوو تێزمان كرد، كە كاریگەرییان لەسەر ڕووداوەكانی جیهان بە گشتیی و ڕۆژهەڵڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، ئەوانیش تێزەكەی كۆشنەر و تێزەكەی دۆگین بوون، ئەگەر بە وردی لە هەردوو تێزەكە بڕوانین، دەبینین هەردووكییان هەم ڕەهەندی سیاسیی و جیۆپۆلەتیكییان هەن، هەم ڕەهەندی ئۆنتۆلۆژیشییان هەن، یەكەمییان بوونی مرۆڤ و مانای ژیانی مرۆڤ بە خۆشگوزەرانیی و ماددیاتەوە گرێ دەداتەوە، دووەمیشییان بوونی مرۆڤ و مەعنەوییەت پێكەوە گرێ دەداتەوە، هەر كام لەم ڕوانگە ئۆنتۆلۆژییانەش، كاریگەرییان بەسەر تێزەكانییانەوە هەن، بۆیە ناكرێت ئەو تێزانە لە دەرەوەی كارتێكەرییە ئۆنتۆلۆژییەكانەوە ببینین، باشە.
لە كۆتایی دانیشتنی پێشوودا، پرسیارێكمان وروژاند و ئەركی وەڵامدانەوەی پرسیارەكەشمان بەم دانیشتنە سپارد، پرسیارەكە لە بارەی كاریگەریی ئەو تێزانە بوو لەسەر دۆزی كورد، واتە ئەو تێزانە لە ئەگەری جێبەجێكردنییاندا، چ كاریگەرییەكییان لەسەر دۆزی كورد دەبێت و داهاتووی كورد لەژێر سایەی جێبەجێكردنی ئەو تێزانەدا چی دەبێت.
بەشێكی زۆری ئەدەبیاتی سیاسیی لایەنە سیاسییە كوردییەكان، لەسەر ئەو خاڵە كۆكن، كە دۆزی كورد بریتییە لە دۆزی نەتەوەیەكی چەوساوە و داگیركراو و دابەشكراو، نەتەوەیەك خاكی داگیركراوە، مافە سیاسییەكانی و مافی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی لێزەوتكراوە، لە پێناو گێڕانەوەی خاك و مافەكانییدا خەبات دەكات
سەرەتا با ئاوڕ لە دۆزی كورد بدەینەوە و ئەو گوزارشتانە وەك نموونە وەربگرین، كە لە ئەدەبیاتی سیاسیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا بۆ دۆزەكە دەكرێت، تەقریبەن بەشێكی زۆری ئەدەبیاتی سیاسیی لایەنە سیاسییە كوردییەكان، لەسەر ئەو خاڵە كۆكن، كە دۆزی كورد بریتییە لە دۆزی نەتەوەیەكی چەوساوە و داگیركراو و دابەشكراو، نەتەوەیەك خاكی داگیركراوە، مافە سیاسییەكانی و مافی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی لێزەوتكراوە، لە پێناو گێڕانەوەی خاك و مافەكانییدا خەبات دەكات، واتە دۆزەكەی بریتییە لە داگیركردنی خاك و زەوتكردنی مافە سیاسییەكانی و ڕێگریكردن لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی كە زیاتر بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت_نەتەوە هەنگاو بنێت، ئەم گوزارشتە ئەگەرچی لە كەموكوڕیی بە دوور نییە، بەڵام تا ڕادەیەك لە زەینی زۆرینەی كورددا جێی خۆی گرتووە، هەمووان گەشتن بە قۆناغی دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوە، بە ئامانجێك دەبینن، كە هەوڵی پێگەیشتنی دەدەن، لە كاتێكدا دەوڵەت نەتەوە، دەكرێت یەكێك بێت لەو ئامرازانەی، كە ئامانجێكی گەورەتر تەحقیق دەكات، بۆیە دەوڵەت نەتەوە ناكرێت وەك ئامانج سەیر بكرێت، هەروەها دەوڵەت نەتەوە چەمكێكی مۆدێرنە، بۆیە ڕەنگە لە داهاتوودا، كاتێك تێگەشتنە ڕۆژهەڵڵاتییەكەمان بۆ پرسی بەشداریكردن لە دونیا و شێوازی فەرمانڕەواییكردن، كێشە درووست بكات.
باشە با ئەم پێناسەیە وەك خۆی قبوڵ بكەین و ئەو ڕەخنانەی كە لە بارەیەوە هەمانە ئیپۆخەیان بكەین و هەوڵ بدەین لەگەڵ تێزەكاندا بەراوردییان بكەین، تا بزانین ئایا لە سایەی ئەم دوو تێزەدا، ئەم دۆزە پێناسە كراوەمان دەتوانێت هەڵبكات، یان جێبەجێكردنی ئەو دوو تێزە، چ كاریگەرییەكییان لەسەر ئەم دۆزە پێناسەكراوەمان دەبێت.
یەكەم: چارەنووسی كورد، لە سایەتی تێزەكەی كۆشنەردا
لێرەدا هەڵوەستەك دەكەم و ئاوڕ لە ڕووداوەكانی عێراق و سوریا دەمەوە، لە عێراق هەردوو ڕووداوی هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال و هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك بە تایبەت لە (16/ئۆكتۆبەر/2017) وەك نموونە وەردەگرم، لە سوریاش ئاوڕ لە قۆناغی دوای ئەسەد دەدەمەوە و هێرشی هێزەكانی حكومەتی شەرع، بۆ سەر سوەیدا و ڕۆژهەڵڵاتی فورات وەك نموونە وەردەگرم، دواتر بەراوردییان بە یەكتری دەكەم و خاڵە هاوبەشەكانییان دەستنیشان دەكەم، تا لەوێوە وێنەیەكی ڕوونترمان لە بارەی تێزەكەی كۆشنەر و كاردانەوەی جێبەجێكەرەكانی ئەو تێزە، لە بەرانبەر ڕووداوەكاندا دەستنیشان بكەین، بۆ نموونە:
ڕووداوەكانی شەنگال لە عێراق و سوەیدا لە سوریا، بە دڵی جوو بوون، بۆیە دەستێوەردانەكانی ڕۆژئاوا لەو دوو ڕووداوەدا، بە دەستێوەردانێك دادەنرێت كە لە خزمەت ئەجێندای جووسەنتەرییدان، بەڵام ڕووداوەكانی كەركووك لە عێراق و ناوچەكانی ڕۆژهەڵڵاتی فورات لە سوریا، دوو ڕووداون كە ڕەهەندی نەتەوەییان هەن و هەردووكیشییان پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە، ئەمەش لە خزمەتی ئەجێنداكەیاندا نییە، بۆیە خۆیان نەبان دەكەن.
ساڵی (2014) هێزە ئیسلامییە سونییەكان كە بە داعش ناسرابوون، هێرش دەكەنە سەر موسڵ و ناوچەكانی تری عێراق، دواتر هێرش دەكەنە سەر شەنگال و كارەساتێكی گەورە دەنێنەوە، لێرە بە دواوە ڕۆژئاواییەكان بە جوڵە دەكەون و دێنە ناو شەڕەكانەوە، ڕۆژئاواییەكان كارەساتی شەنگال لەسەر ئاستی جیهانیی، وەك كارەساتێكی گەورە و دڕندانە دەناسێنن، هاوپەیمانێتی سەربازیش دژ بە داعش درووست دەكەن، تا كۆتایی داعش ناوەستن.
لە (16/ئۆكتۆبەر/2017) كاتێك هێزە ئیسلامییە شیعییەكانی حەشدی شەعبی هێرش دەكەنە سەر كەركووك و ناچە دابڕێنراوەكان، وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت، رۆژئاواییەكان هیچ كاردانەوەیەك لە بەرانبەر ئەو هێرشانە نانوێن، تەنانەت كاتێك دێتە سەر ڕەخنەگرتن لەو بێهەڵوێستییەی رۆژئاوا لە بەرانبەر دەستدرێژییەكانی حەشدی شەعبیی لە بەرانبەر كورد و هێزەكانی، بابەتی مامەڵە و هاوكاریی ماددی دەهێننە پێشەوە، بەجۆرێك وێنای قوربانیدانەكانمان دەكەن، وەك ئەوەی لە مامەڵەدا بووبین لەگەڵییان.
لە سوریای دوای ئەسەد، كاتێك ئەحمەد شەرع دێتە سەر حكوم، دوو ڕووداوی گرنگ لەو وڵاتە ڕوو دەدەن، كە تا ڕادەیەك هاوشێوەی ڕووداوەكانی عێراقن، ئەوانیش بریتین لە هێرشی هێزە ئیسلامییە سونییەكانی حكومەتی شەرع بۆ سەر سووەیدا و هێرشی هەمان هێز بۆ سەر كۆبانێ و ناوچەكانی تری ڕۆژهەڵڵاتی فورات، لە یەكەمییاندا هێزە ڕۆژئاواییەكان دەستێوەردان دەكەن، دەستێوەردانەكانیش لە ڕووی هێزەوە دەبێت، لە ماوەیەكی كەمدا بۆمبارانی ئەو هێزانە دەكرێت و تواناكانییان پەك دەخرێن، لە دووەمییاندا خۆیان نەبان دەكەن، تەنانەت لە زاری تۆمباراكی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكاوە بڵاو كرایەوە، گوایە گوتوویەتی ئەگەر بێت و هێزەكانی شەرع تەواوی هێزەكانی هەسەدە لە ناویش ببەن، ئەوان دەستێوەردان ناكەن، تا ئێرە ڕووكاری دەرەوەی ڕووداوەكانن، وەرن با پێكەوە بێین ڕاڤەی ئەو ڕووداوانە بكەین و ڕوو لە ڕووە نادیارەكەیان بكەین، بزانین ئەمانە چیمان پێدەڵێن، بۆ نموونە:
چوار ڕووداوی هاوشێوە لە عێراق و سوریا ڕوویانداوە، یەكەمییان هێرشی داعش بۆ سەر شەنگال، دووەمییان هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، سێییەمییان هێرشی هێزەكانی شەرع بۆ سەر سوەیدا، چوارەمییان هێرشی هێزەكانی شەرع بۆ سەر حەلەب و كۆبانێ و ناوچەكانی ڕۆژهەڵڵاتی فورات، ئەم چوار ڕووداوە پەیوەندییان پێكەوە هەن و لە دەرەوەی یەكترەوە نین، بۆیە ئەگەر ڕووداوەكان پۆلێن بكەین، وێنەكەمان بۆ ڕوونتر دەبێتەوە.
باشە، وەك دەبینین دوو ڕووداوییان پەیوەندییان بە كەمینە ئاینەكانەوە هەن، یەكەمییان هێرشەكانی سەر شەنگال كە ناوچەی ئێزیدیایەتییە، دووەمیشییان هێرشی سەر سوەیدا كە ناوچەی دروزییە، دوو ڕووداویشییان كە ڕەهەندە نەتەوەییەكەیان هەن، ئەوانیش بریتین لە هێرشەكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دووەمیشییان هێرشی هێزەكانی شەرع بۆ سەر ناوچەكانی كۆبانیی و حەلەب و ڕۆژهەڵڵاتی فوڕات، ئەم پۆلێنكارییە وێنەیەكی ڕوونمان پێدەدات و وا دەكات باشتر لە ڕووداوەكان تێبگەین.
لە دانیشتنی پێشوودا، باسی ئەوەم كرد، یەكێك لە بنەماكانی نادیارەكانی ڕێككەوتنی ئیبراهیمیی، بریتییە لە دابەشكردنەوەی هێز لە ڕۆژهەڵڵاتی ناوەڕاست و هێنانە ئارای مۆدێلێكی حوكمڕانیی، كە لەسەر بنەمای كەمینە ئاینییەكانی دەرەوەی ئیسلام و مەسیحییەت داڕێژرابێت، لێرە ئەوە زیاد دەكەم، یان هێنانە ئارای مۆدێلێكی حوكمڕانیی كە كار بۆ بازركردنی ئەو كەمینە ئاینییانە بكات و ددان بە هەبوونییان بنێت و ڕۆڵی زۆرییان پێبدرێت و دەنگ و ڕەنگییان باشتر ببسترێت و ببینرێت، ئەمە دەكرێت دوو ئامانجی لە پشتەوە بێت، ئامانجی یەكەم هەڵوەشاندنەوەی مەعریفەی ئاینیی باڵا كە ئیسلامە و لە ناوچەكەدا تێكەڵ بە كولتوور بووە، لە بەرانبەردا پێدانی ڕۆڵ بە كەمینە ئاینییەكانی دەرەوەی ئیسلام و مەسیحیەت، ئەمەش دەكرێت دوو خاڵی گرنگی لێبخوێنرێتەوە، یەكەمییان كۆتاییهێنان بەو هەژموونەی ئیسلام كە لە دوای بڵاوبوونەوەی ئاینەكەوە لە ناوچەكەدا هەیەتی و گێڕانەوەی ناوچەكە بۆ سرووشتی پێش بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلام، بەمەش فۆكەس تەنیا لەسەر ئیسرائیل و جوو نامێنێتەوە، كە لە ناوچەكەدا وەك هێزێكی نامۆ و داگیركەر و دەرە ئیسلام پێناسە دەكرێت، چونكە نموونە و سامپڵیتر دێنە پێشەوە و ئیتر دیاردەی ئیسرائیل ئاسایی دەبێتەوە، دووەمیشییان بە سەنتەركردنی جوودایزم، چونكە ئەو پێكهاتە ئاینییانە لە ئێستادا توانای پارێزگاریی لە خۆیان نییە و لە داهاتووشدا ئەگەری فراوانبوونییان كەمە، بۆیە جوو خۆی وەك پارێزەری ئەوان لە قەڵەم دەدات و بەمەش دەیانهێنێتە ژێر هەژموونی خۆی.
ئەگەر ئەم بنەمایە لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و سوریا بەراورد بكەین، وێنەكەمان باشتر بۆ ڕوون دەبێتەوە و باشتر لە ئامانجەكە تێدەگەین، بۆ نموونە:
ڕووداوەكانی شەنگال لە عێراق و سوەیدا لە سوریا، بە دڵی جوو بوون، بۆیە دەستێوەردانەكانی ڕۆژئاوا لەو دوو ڕووداوەدا، بە دەستێوەردانێك دادەنرێت كە لە خزمەت ئەجێندای جووسەنتەرییدان، چونكە لەو دوو ناوچەیە، دوو كەمینەی ئاینیی لە دەرەوەی ئیسلامەوە نیشتەجێن، لە ڕێی ئەو ڕووداوانە و ئەو دەستێوەردانانەوە، بە جیهانییان گوت، جگە لە ئیسلام و جوو، ئاینی تریش لە ناوچەكەدا هەن، ئەمەش بەو ئامانجەیە، كە فۆكەس لەسەر جوو و ئیسرائیل وەك پێكهاتەیەكی نامۆ، كە وڵاتانی ئیسلامیی پێناسەیان دەكرد، لابدرێت و فۆكەسە بخرێتە سەر پێكهاتە ئاڵۆز و فرەڕەنگەكەی ناوچەكە بە گشتی، بەمەش هەبوونی ئاینی جیاواز لە ناوچەكە دەبێتە بابەتێكی ئاسایی، هەروەها دەستێوەردانەكانیش دەكرێت بۆ ئەوە بێت، كە ئەو پێكهاتانە هەمیشە ئیسرائیل بە پشت و پەنای خۆیان بزانن و ویستی جووسەنتەریی وەك ئامانجێك جێی خۆی بگرێت.
ڕووداوەكانی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوچەكانی ڕۆژهەڵڵاتی فورات لە سوریا، دوو ڕووداون كە ڕەهەندی نەتەوەییان هەن و هەردووكیشییان پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە وەك یەك نەتەوەی مێژوویی لە ناوچەكەدا، بۆیە ڕەنگە ئەم پرسە لە خزمەتی جووسەنتەرییدا نەبێت، چونكە ئەوەی تێبینی دەكرێت، ڕەنگە وردكردنەوەی دەوڵەتەكان و پارچە پارچەكردنی نەتەوەكان بۆ پارچە و پێكهاتەی بچووك و لاواز، زیاتر لە خزمەتی ئەجێندای جووسەنتەرییدا بن، بۆیە لە ڕووداوەكانی یەكەم و دووەمدا كە لە خزمەتی ئەجێنداكەیاندان دەستێوەردان دەكەن، بەڵام لە ڕووداوەكانی سێیەم و چوارەم كە لە خزمەتی ئەجێنداكەیاندا نییە، خۆیان نەبان دەكەن، ئەگەر بیشگوترێت ڕووداوەكانی شەنگال و سوەیدا بەهۆی پەلاماری ئیسلامییە سونییە توندڕەوەكانەوە بوون، ئەی خۆ ڕووداوەكانی تریش بە هەمان شێوە هێزە ئیسلامییە توندەڕەوەكان چ شیعە بن یان سوننە بكەری سەرەكیییان بوون، ئەی بۆ كە بابەتەكە دەبێت بە بابەتێكی نەتەوەیی و كورد لەو ڕووداوانەوە ئەگەری درەوشانەوەی هەیە، خۆیان نەبان دەكەن و دەستێوەردان ناكەن؟
دۆگین بە ڕوونی دوو بژاردە لەبەردەم كورد دادەنێت، یەكەمییان سازان و خۆبینینەوەیە لە ناو پرۆژەی ئۆراسییایی كە بە گوتەی ئەو، ئاشتییەكی دوور مەودا بە دەستدەهێنن، دووەمیشییان خۆبینینەوەیە لە ناو پرۆژەی ئەتڵەنتیكیی، كە دوژمنایەتیی گەلانی ناوچەكە و خاوەن شارستانییەت بە دەستدەهێنن و ناتوانن بۆ هەمیشە بە ئارامی بژین.
كەواتە داهاتووی كورد وەك نەتەوە، لە ژێر سایەی دەرەنجامەكانی تێزە كۆشنەرییەكەدا، پێناچێت ئەو داهاتووە بێت، كە كورد خۆی چاوەڕێی دەكات، پێناچێت تێزە كۆشنەرییەكە یارمەتیدەری چارەسەركردنی كێشە و دۆزی كورد بێت، وەك ئەوەی كە سەرەتا خستمانەڕوو، كورد خۆی دەستی هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆیدا هەبێت و ئەو مافەشی پێبدرێت، چونكە لە لایەك هەڵبژاردنی جووسەنتەریی و تۆخكردنەوەی ڕۆڵی پێكهاتە ئاینییەكانی دەرەوەی ئیسلام لە ناو كورد و نەتەوەكانی تری ناوچەكەدا، سێ دەرەنجامی لێدەكەوێتەوە.
یەكەم: فەرامۆشكردنی شوناسە نەتەوەییەكان و درووستكردنی نائومێدییەكیتر لە ناوچەكەدا بە تایبەت بۆ كورد.
دووەم: لاوازكردنی ئەو هۆشیارییە زاڵەی، كە لەسەر بنەمای تێزە ئیسلامییەكان بۆ خەڵكی ناوچەكە درووست بووە و تێكەڵ بە كولتوور بووە.
سێیەم: وەلانانی شوناسە نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژییە بەرفراوانەكان، كە ئەگەری هەبێت لە داهاتوودا، پێكهاتەی گرنگ و بەهێزییان لێ بكەوێتەوە.
چوارەم: دەركەوتنی دژبەیەكی تێزەكەی كۆشنەر، كە باس لە گۆڕینی شوناس لە بەرانبەر خۆشگوزەرانیی ماددی دەكات، كەچی پێداگری لەسەر پێدانی ڕۆڵ بە شوناسە بچووكەكانی وەك ئێزیدیی و درووزیی دەكاتەوە.
لە ئەگەری باڵادەستی و جێبەجێكردنی تێزەكەی كۆشنەردا، دۆزی كورد لە بنەما نەتەوەییەكەی دادەماڵرێت و وەك یەكەی بچووك و كەمە ئاینیی پێناسە دەكرێتەوە، لەمەشدا ئامانجەكە ئەوەیە، كە بنەمای جووسەنتەریی جێی خۆی بگرێت، ئیسرائیل و جوو لە ناوچەكەدا بە باڵادەستی بمێننەوە، نەتەوەكانی تری ناوچەكە بە كوردیشەوە، ببنە پێكهاتەی ورد و بێهێز، كە هەموو هەوڵ و ئامانجێكییان خۆشگوزەرانیی ماددیی بێت.
دووەم: چارەنووسی كورد، لە سایەی تێزەكەی دۆگیندا
تێزەكانی دۆگین لەسەر بنەمای فرە جەمسەریی داڕێژراون، واتە ئەو هەوڵی داڕشتنەوەی سیستەمی جیهانی دەدات، لەو هەوڵەشدا جەخت لەسەر فرە جەمسەری دەكاتەوە، فرە جەمسەریش لەسەر بنەمای شارستانییەتەكان دادەنێت، شوناسی نەتەوە تاكەكان فەرامۆش دەكات و لە پەراوێزی شارستانییەتەكاندا دایاندەنێت، ڕەنگە ئەم پرسەیان پێویستی بە ڕوونكردنەوەی زیاتر بێت.
ئەوەی دۆگین دەیەوێت، ڕەتكردنەوەی تاكجەمسەریی ڕۆژئاوایە، ئەو پێیوایە جیهان لەسەر بنەمای جیاوازیی و فرەیی فەرهەنگی دامەزراوە، ناكرێت یەك شارستانییەت بەسەر جیهاندا بسەپێنرێت، چونكە شارستانییەتی ڕۆژئاوا بە شارستانییەتێكی لۆكاڵ دەبینێت، كە تایبەتە بە ڕۆژئاواییەكان و ئەمریكا، بەڵام ڕۆژئاوایی و ئەمریكاییەكان دەیەوێت بەسەر جیهانییدا بسەپێنێت، ئەمە بە كارێكی دژوار و تاوانێكی جیهانیی دادەنێت، بۆیە داوا لە تەواوی گەلە خاوەن شارستانییەتەكان دەكات، پێكەوە یەكبگرن و دژی ئەو هەوڵەی ڕۆژئاوا و ئەمریكییەكان بووەستنەوە.
دۆگین لە بارەی ڕۆژهەڵڵاتی ناوەڕاستەوە تێگەشتنێكی تا ڕادەیەك ڕەشوسپییانەی هەیە و دەوڵەتەكانی ڕۆژهەڵڵاتی ناوەڕاست، بەسەر بەرەی شەڕ و بەرەی خێردا دابەش دەكات، بەرەی شەڕ ئەوانەن كە دۆستی ڕۆژئاوان، دەكرێت بڵێین هەمان ئەو بەرەیەن كە چوونەتە ناو رێككەوتنی ئیبراهیمیی، دۆگین ئەوانە بە دۆستی ڕۆژئاوا و دوژمنی ئۆراسیا دادەنێت، بەرەی خێرش بریتین لە هەر یەكە لە ئێرانی شیعیی و توركیای تۆرانیی كە لە چوارچێوەی پرۆژەی ئۆراسییاییدا پۆلێنییان دەكات.
با هەڵوەستەی زیاتر لە بارەی بەرەی دووەمەوە بكەین، كە بەلای دۆگینەوە بەرەی خێرن، بە گوێرەی تێزەكەی دۆگین، ئەم بەرەیە بۆ دوو جەمسەر دەبن، یەكەمییان ئێرانی شیعییە و نوێنەرایەتی جەسمەر و شارستانییەتی شیعیی دەكات، دووەمیشییان توركیایە و نوێنەرایەتی جەمسەر و شارستانییەتی تۆرانیی دەكات، یەكەمییان كە ئێرانە، نوێنەرایەتی ئەو گەلانە دەكات، كە لە ڕووی ئاینییەوە ئیسلامی شیعیین، ئێران بە چەقی ئەو شارستانییەتە دادەنرێت و دەبێت ئەو نەتەوە و گەلانەی كە سەر بە مەزهەبی شیعەی ئیسلامیین، لە چوارچێوەی ئەو شارستانییەتەدا كۆ ببنەوە و ئێرانیش سەرداری شارستانییەتەكە بێت، هەرچی توركیاشە، كە نوێنەرایەتی گەلە توركزمانەكان و فەرهەنگی تۆرانی دەكات، چەقی شارستانییەتی تۆرانییە، بۆیە دەبێت ئەو نەتەوە و گەلانەی، كە سەر بەو شارستانییەت و فەرهەنگەن، لە چوارچێوەی ئەو شارستانییەتەدا كۆ ببنەوە و توركیاش سەرداری شارستانییەتەكە بێت.
كورد لە كوێی ئەم تێزەدایە؟
دۆگین بە ڕوونی دوو بژاردە لەبەردەم كورد دادەنێت، یەكەمییان سازان و خۆبینینەوەیە لە ناو پرۆژەی ئۆراسییایی كە بە گوتەی ئەو، ڕوسیا و گەلانی خاوەن شارستانیی نوێنەرایەتیی دەكەن، دووەمیشییان خۆبینینەوەیە لە ناو پرۆژەی ئەتڵەنتیكیی، كە ئەمریكا و رۆژئاوا نوێنەرایەتیی دەكەن، لە یەكەمییاندا ئاشتییەكی هەمیشەیی و دوور مەودا بە دەست دەهێنن، لە دووەمیشییاندا دوژمنایەتیی گەلانی ناوچەكە و خاوەن شارستانییەت بە دەستدەهێنن و ناتوانن بۆ هەمیشە بە ئارامی بژین، بە گوێرەی تێزەكەی دۆگین، ئەم دوو بژاردەیە هەریەكەیان دەكرێت ئیمتیازێكییان بۆ كورد هەبێت، یەكەمییان كورد دەبێتە خاوەنی ئۆتۆنۆمی خۆی و لەگەڵ گەلانی خاوەن شارستانیی دەژیی و لە هەر دۆخێكدا ئەوان پارێزەری دەبن، دووەمیشییان هەڵبژاردنی ویستی دەوڵەت نەتەوەیە، لە كاتێكدا دۆگین ئەمە بە خەیاڵێكی وەهمی ناو دەبات، كە ڕۆژئاواییەكان بۆ فریودانی كورد ئەو خەیاڵەیان خستووەتە مێشكییانەوە، بەڵام لە دۆخێكیشدا ئەگەر ئەو خەیاڵە بوو بە ڕاستی، ئەوا ناتوانن بە ئارامی بژین، چونكە دەبن بە نوێنەری شارستانییەتی ئەتڵەنتیكی لە ناوچەكەدا، بەمەش ڕووبەڕووی دوژمنایەتییەكی دوور مەودا و هەمیشەیی گەلانی ناوچەكە دەبنەوە.
هەڵسەنگاندنی تێزەكەی دۆگیم و ئەو داهاتووەی كە لە بەر رۆشنایی تێزەكەدا چاوەڕوانیی كورد دەكات.
یەكەم: تێزەكە كێشەدارە و دژبەیەكی تێدایە، چونكە دوو بژاردە لەبەردەم كورد دادەنێت، یەكەمییان شارستانییەتی ئێرانی شیعییە، لەم شارستانییەتەدا مەزهەب دەبێت بە داڕێژەری فەرهەنگ، لە كاتێكدا زۆرینەی كورد لە ڕووی مەزهەبییەوە سەر بە مەزهەبی شیعە نین، بۆیە هەڵكردنی لەگەڵ ئەم شارستانییەتە، دوورمەودا نابێت و لە كێشەش بە دوور نابێت، لە دووەمیشییاندا زمان و فەرهەنگی تۆرانیی دەبێت بە داڕێژەری فەرهەنگ، لە كاتێكدا كورد نە لە ڕووی نەژاد و نەتەوەییەوە سەر بە نەتەوە تۆرانییەكانە، نە لە ڕووی زمان و فەرهەنگیشەوە، بۆیە هەڵكردنی كورد لە ناو ئەم شارستانییەتەشدا دوور مەودا نابێت و لە كێشەش بە دوور نابێت.
دووەم: تێزەكە تایبەتمەندی كورد وەك نەتەوەیەكی دێرین لە بەرچاو ناگرێت، دەیەوێت لە ڕووی بیرهێنانەوەی مەترسییەكانەوە ناچاری بكات، تێكەڵ بە یەكێك لەو شارستانییانە بێت، تەنانەت هاوتاكردنەوەی كورد لەگەڵ نەتەوەكانی تر گەرەنتی ناكات، كە دوای دامەزراندنی دەوڵەت و سەروەرییەوە، ئینجا بە ویستی خۆی لە چوارچێوەی یەكێك لە شارستانییەتەكاندا خۆی ببینێتەوە.
سێیەم: تێزەكە كورد دەخاتە بەردەم دوو بژاردەی موتڵەقەوە، یان لەگەڵمی یان لە دژمی، لەمەشدا ویستی كورد ڕەچاو ناكات.
چوارەم: تێزەكە ئاشتیی بەردەوام بۆ كورد دەبەستێتەوە بە مانەوە لە چوارچێوەی ئەو دوو شارستانییەتە، بۆیە ئەگەر كورد لە قۆناغێكدا نەشونوما بكات و بیەوێت وەك نەتەوەیەك گوزارشت لە ئیرادەی خۆی بۆ جیابوونەوە بكات، دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی بەردەوامەوە، بۆیە ئاشتی لەوێدا دەبێتە هەڕەشەیەكی ئامادە، كە لە هەر ئان و ساتێكدا باری خۆی دەگۆڕێت.
لێرەوە دەردەكەوێت، كە تێزەكەی دۆگینیش هاوشێوەی تێزەكەی كۆشنەر، هیچ ئەگەرێك بۆ داڕشتنەوەی شەخسییەتی نەتەوەیی و سیاسیی كورد، كە هاوشان بێت بە شەخسییەتی نەتەوەكانی دوروبەری گەرەنتی ناكات، ئەوەی گەرەنتی دەكات، ئاشتییەكی دوورمەودایە، كە بەهۆی تەسلیمبوونەوە ئەو ئاشتییەش گەرەنتی دەكرێت.
لە ئەگەری باڵادەستی و جێبەجێكردنی تێزەكەی دۆگیندا، كورد وەك وەك كاراكتەرێكی سەرەكیی لە ناوچەكەدا نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە پاشكۆیەك، جا ئەو پاشكۆیە چ لە شارستانییەتی شیعەی ئێرانییدا بێت، یان لە شارستانییەتی تۆرانییدا، ئامانجەكەش پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان جەمسەرە جیاوازە ئۆراسیاییەكانی ناوچەكە و پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەیە، كە كورد دەتوانێت لە هەركام لەو جەمسەرانەدا درووستی بكات.
كەواتە ئەگەر كۆی قسەكانم لە چەند خاڵێكدا كۆ بكەمەوە، دەكرێت بڵێم:
یەكەم: لە ئەگەری باڵادەستی تێزەكەی كۆشنەردا، دۆزی كورد لە بنەما نەتەوەییەكەی دادەماڵرێت و وەك یەكەی بچووك و كەمە ئاینیی پێناسە دەكرێتەوە، لەمەشدا ئامانجەكە ئەوەیە، كە بنەمای جووسەنتەریی جێی خۆی بگرێت، ئیسرائیل و جوو لە ناوچەكەدا بە باڵادەستی بمێننەوە، نەتەوەكانی تری ناوچەكە بە كوردیشەوە، ببنە پێكهاتەی ورد و بێهێز، كە هەموو هەوڵ و ئامانجێكییان خۆشگوزەرانیی ماددیی بێت، نەك سەروەریی سیاسەت و پارێزگاریی لە شوناس و نەتەوە، ئەمە لە هەڵوێستی ڕۆژئاواییەكان بە تایبەت ئەمریكا، لە بەرانبەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی سوریا لەسەر پێكهاتەی كورد و پرۆژەی خۆسەری دیموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی فورات بەدی كرا، چونكە هەوڵ و قوربانییەكان بەستنەوە، بە فرۆشتنی نەوتەوە.
دووەم: لە ئەگەری باڵادەستی تێزەكەی دۆگینیشدا، كورد وەك وەك كاراكتەرێكی سەرەكیی لە ناوچەكەدا نامێنێتەوە، بەڵكو دەبێتە پاشكۆیەك، جا ئەو پاشكۆیە چ لە شارستانییەتی شیعەی ئێرانییدا بێت، یان لە شارستانییەتی تۆرانییدا، ئامانجەكەش پاراستنی هاوسەنگییە لە نێوان جەمسەرە جیاوازە ئۆراسیاییەكانی ناوچەكە و پڕكردنەوەی ئەو كەلێنەیە، كە كورد دەتوانێت لە هەركام لەو جەمسەرانەدا درووستی بكات، لەمەشدا هەوڵەكانی ئۆجەلان دەچنە ناو ئەم چوارچێوەیەوە.
سێیەم: ئەم دوو تێزە هیچ كامییان ناتوانن دۆزی كورد، وەك ئەوەی لە سەرەتاوە پێناسەمان كرد، وەك خۆی قبوڵ بكەن و هاوكاربن بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆزە، بۆیە پێویستە كورد بە تێگەشتنێكی قوڵەوە هەڵسەنگاندن بۆ هەر یەك لەو تێزانە و لەو بەرانە بكات كە ئەو تێزانە پاڵپشتییان دەكات، تێگەشتنێكی جەوهەریی و قوڵی بۆ پرۆژەكانییان بێت.
چوارەم: پێویستە كورد تێزی تایبەت بە خۆی هەبێت، كە بتوانێت لێیەوە دونیابینی خۆی دابڕێژێت و چیتر نەبێتە ئامرازی دەستی هیچ كام بەرە خاوەن تێزەكان.
سوپاس بۆ گوێگرتنتان.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment