سوپای پاسداران هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت

0

نوچەنێت
سوپای پاسداران هێرشی سەر بارەگای حدک و حدکا لەئەستۆگرت و رایدەگەیێنێت لە هێرشەکەدا 7 موشەکی زەمین بە زەمینی مەودا کورت بەکار‌هێندراوە و هۆشداریی دەدات، ئەگەر چالاکییەکانیان دووبارەبکەنەوە، وەڵامێکی سەختترمان بۆیان دەبێت.

دەقی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدار:

لەدوای کردەوە شەیتانییەکانی ئەم دواییانەی گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ستەمکاری جیهانی (ئەمریکا و هاوپەیمانانی) لە هەرێمی کوردستانەوە دژ بە ناوچە سنوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بە ناردنی تیمە تیرۆریستییەکان، دەیانویست بە دروستکردنی نائەمنی و کردەوەی تێکدەرانە، ئەمنیەت و ئارامی خەڵکی پارێزگاکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان تێکبدەن، بە هۆشیاری و ئامادەیی هێزی وشکانی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنەکانی چەند هەفتەی رابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان و کامیاران گورزی کوشندەیان لێدرابوو، بەرەوڕووبوونەوە و تەمێکردنی دەستڕێژیکاران، خرایە بەرنامەی سوپای پاسداران.

لەدوای گوێنەدانی سەرکردەکانی ئەو گرووپانە بە هۆشدارییە جدییەکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت هەنگاو بنێت بۆ هەڵگرتنی بنکە و بارەگاکانیان و پێویستە کۆتایی بهێنن بە هەنگاوە دەستدرێژیکارانە و تیرۆریستییەکانیان دژی ئێرانی ئیسلامی، هێزی مووشەکی سوپای پاسداران بە بەشداریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، رۆژی رابردوو، (شەممە ٨-٩-٢٠١٨) لە ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەدا، شوێنی کۆبوونەوەی یەکێک لە گرووپە تاوانبارەکان و ناوەندی راهێنانی تیرۆریستەکانی ئەو گرووپەیان بە ٧ موشەکی زەمین بە زەمینی مەدوا کورت، کردە ئامانج.

بەپێی راپۆرت و بەڵگە دڵنیاکەرەوەکان، کە لەو ئۆپەراسیۆنە گەیشتووە، ناوەندەکەی پیلانگێڕی دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران تێکشکێندرا و دەیان کەس لە سەرکردەکان و ئەندامانی گرنگی ئەو گروپە، کوژراون و بریندارکراون.

ئەو ئۆپەراسیۆنە تووند و وێرانکەرە، ئەوەی دەرخست، کە منداڵانی گەلی ئێران لە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و تەواوی هێزە چەکدارەکان و رێکخراوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی ئێران، پێداگرن بە پارێزگاریکردن لە سنوور و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارێزگاریکردن لە ئامانج و بنەمابەرزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و رێگەنادەن تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی رێکخراوە سیخوڕییەکانی دووژمنانی بێگانە، ئاسایشی وڵات بخەنە مەترسییەوە.

لەکۆتاییشدا بە رێزگرتن لە سەربازانی ونی ئیمامی زەمان و چاوەڕوانی لە هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریی و کۆنتڕۆڵی جددیتری سنوورە هاوبەشەکان، هۆشداریی دەدەینە گروپە تیرۆریستی و دژبەرانی شۆڕش و پشتیوانانیان، پاسدارانی شۆڕش و هێزە خۆجێیەکانی جێگیرکراو لەسەر سنوورەکانی وڵاتی ئیسلامی، بە زانیاریی هەواڵگری و ئامادەیی هەمەلایەنە، بە هاوکاریی خەڵکی خۆشەویستی ناوچەکە، بە دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانیان، لەگەڵ وەڵامێکی سەختتر و گورزێکی تووندتر بەرەوڕوو دەبنەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com