محەمەد جەلال بەرزنجی بانگخوازی ئیسلامی کورد لە بەریتانیا: موسڵمانان بەو پەڕی ئازادییەوە پەرستشی خۆیان دەکەن دیمانە

نوچەنێت

تايبەت بەنوچەنێت: نەوزاد عەلی بەریتانیا
محەمەد جەلال بەرزنجی بانگخوازی ئیسلامی کورد لە بەریتانیا و سەرۆکی ڕێکخراوی کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا، لە دیمانەیەکی تایبەت بەنوچەنێت، باس لە ئازادی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکات لەوڵاتی بەریتانیا و دەڵێت"موسڵمانان بەو پەڕی ئازادییەوە پەرستشی خۆیان دەکەن و خەڵکی بەریتانیش ڕێز لەئاینی پیرۆزی ئیسلام دەگرن".
نوچەنێت: مامەڵەی خەڵک و حکومەتی بەریتانیا، بەگشتی لەگەڵ موسڵمانان چۆنە، بەتایبەتی لەکاتی جەژن و بۆنە ئاینییەکانی ئیسلام؟

محەمەد جەلال بەرزنجی: بەوتەیەکی شاژنی پێشووی وڵات خاتوو ئیلیزابێث دەست پێ دەکەم دەیفەرموو، "ئێمە نموونەی تەواوی گۆی زەویمان لە بەریتانیا کۆکردۆتەوە و هەموومان پێکەوە دەژین بە ئارامی."

 لە بۆنە ئاینیەکاندا پاشای وڵات و سەرۆک وەزیران ساڵانە وتەیان هەیە و پیرۆز بایی خۆیان لە موسڵمانان دەکەن. چەمکی ڕێز و یەکتر قبوڵکردن لە بەریتانیا بووە بە کەلتوور و هەموو نەتەوە و ئاینەکان کردویانە بە کردار لەنێوان خۆیاندا، ئێمە دراوسێکانمان ئینگلیزن لە جەژندا نامەی پیرۆزبایی جەژنمان بۆ دەنێرن و بەگەریمیش پیرۆباییمان لێ دەکەین. لەگەڵ بەرپرسانی شارەکەی خۆمان بێرمینگهام کۆبوینەتەوە بە جوانی ڕوانیویانەتە ڕۆڵی مزگەوتەکان و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگی مزگەوت دەربڕیوە، لای ئەوانیش شاراوە نيیە ئەهلی ڕاستەقینەی مزگەوت دوورە لە هەموو تاوان و کرادرێکی نابەجێ کە لە یاساشدا تاوانە و سزای لەسەرە.

نوچەنێت: وەک دیارە پەروەردەی منداڵ بەراورد بە وڵاتانی موسڵمان لە ناوەندەکانی خوێندن لە ڕووی فکری و کلتورییەوە جیاوازە، موسڵمانان تاچەند توانیویانە هاوسەنگی ڕابگرن و پارێزگاری لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان بکەن؟

محەمەد جەلال بەرزنجی:خەمی سەرەکی دایک و باوک لە تاراوگە پەروەردەی منداڵە، بەریتانیا بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپی باشترینە بۆ پەروەردەی منداڵ و پاراستنی شوناسی ئاینی و کەلتوری و نیشتیمانی. سەدان خێزانی موسڵمان لە وڵاتانی ئەوروپاوە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەوروپین بەتایبەت دەوڵەتانی ئەسکەندەنافیا کۆچ دەکەن و لە بەریتانیا نیشتەجێ دەبن.

ڕاگرتنی هاوسەنگی و پارێزگاری بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان مزگەوتەکانن قوتابخانەی زمانی وڵاتانی خۆیان و پەروەردی ئاینیان هەیە بۆ ئاشنا کردنی جگەرگۆشەی موسڵمانەکان لە بەریتانیا.

رەوندى كوردى لە بەريتانيا (37) مزگەوتى هەيە.

ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا (37) مزگەوتی ئیدارە دەری کوردی هەیە بەمانایەکی تر کورد بونیادی ناوە لەگەڵ  (27) قوتابخانەی کوردی و (15) قوتابخانەی ئاینی لە بەریتانیا، ڕێکخراوێکی سەرتاسەری بەریتانی هەیە بۆ سەرپەرەشتی کردنی زۆرینەی مزگەوت و قوتابخانە کوردیەکان بە ناوی ( کۆڕبەندی ژیار لە بەریتانیا)، ئامانجی قوتابخانەکان پەروەردەی ئاینی و نیشتیمانی و پاراستنی زمانی دایکە.

نوچەنێت: ئایا ژینگەی وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی و وڵاتی بەریتانیا بەتایبەتی، ژینگەیەکی گونجاوە بۆ موسڵمانان و ئەنجامدانی ئەرکە ئاینییەکانیان؟

محەمەد جەلال بەرزنجی: وەڵامی بەشەکەی خۆمان دەدەمەوە کە بەریتانیایە بەڵی ژینگەیەکی لەبارە بۆ ئاینداری و دینداری و هیچ سانسۆرێک لە سەر هیچ موسڵمانێک نیە مەگەر موسڵمانەکە خۆی تێوەگلابێت بە کارێک کە دژی یاسای ئەم وڵاتە بێت. هەموو تاکێک ئازادە چۆن پەرەستشی خۆی دەکات، مزگەوتەکانمان لە مانگی ڕەمەزاندا لەبەر زۆری نوێژخوێنان و ئامادەیی زیاتری موسڵمانان بۆ خواپەرەستی هەندێ جار ئاستەنگی هاتووچۆ دروست دەبێت و دەبن بە ئەرک بۆ گەڕەکە کە، پولیس بەشداری و ئاسانکاری دەکات بۆ جموجوڵی هاووڵاتیان. هاڵاتیەکی دانیمارکی لە ساڵی  (2022) قورئانی پیرۆزی سوتاند لە دانیمارک دواتر هەوڵیدا بێتە بەریتانیا و لێرەش قورئان بسوتێنێت، بەڵام حکومەتی بەریتانیا ڕێگری لێ کرد و ڕێگەیان بە هاتنی نەدا، سەرنجی بەڕیزتان ڕادەکێشم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئاینیەکان لە بەندیخانەکانی بەریتانیا بۆ خۆم چەند جارێک سەردانم کردوون و قورئانی پیرۆز و کتێبی ئاینی و کەلتوری کوردیم بۆ برا کوردەکان بردوە. لە بەندیخانەکاندا مزگەوت و وانەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەیە، زانا و بانگخوزان لە سەر ئەرکی حکومەتی بەریتانیا هەفتانە سەردانی بەندیخانەکان دەکەن و وتاری هەینی و وانەی ئاینی دەڵێنەوە، هەندێک لە بەندییەکان بەتاوانی گەورە و نابەجێ دەچنە زیندان دواتر بە ئیمام و بانگخواز دێنە دەرەوە

لە بەنديخانەكان وانەى ئاينى دەگوترێتەوە

نوچەنێت: ڕۆڵ و ئەرکی مزگەوت و ناوەندە ئاینییە ئیسلامییەکانی بەریتانیا چییە و تاچەند کاریگەرییان هەبووە لەسەر گەشەسەندنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەبەریتانیا؟

محمەد جەلال بەرزنجی:لە وڵاتی بەریتانیا مزگەوت و ناوەندە ئاینیەکان ڕۆڵی بەرچاوی خۆیان بینیوە لە پاراستنی شوناسی ئاینی ئیسلام و ئاشنا کردنی نەوەکان بە ئاین و مانەوە لەسەری. بەگشتی وڵاتی پاکستان پاڵ پشت و پشتگیری یەکی تەواوی ڕێکخراو و کۆمێنیتی و ئەو مزگەوتانە دەکات کە لە بەریتانیان، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جالیەی پاکستانی زۆرینەی موسڵمانان پێکدێنن. 

 ئازادیەکی باش هەیە بۆ بانگخوازان، بەردەوام لە گەشەسەندندایە. پاکستانی و هیندی و بەنگلادیشی زۆرینەی موسڵمانان  پێکدێنن و لە دوای ئەوانیش ئەفەریق، عەرەب، تورک و کورد دێن.

نوچەنێت: بەگشتی ئازادی ئاینی و بەتایبەتی بۆ پەیڕەوانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لەوڵاتی بەریتانیا، کە وڵاتێکی سیکۆلاریزمە چۆنە؟

محمەد جەلال بەرزنجی: ئێمە دەبێت بزانین سیکۆلارزمی بەریتانیا و ئەمریکا - ئەنگلۆساگسۆنیە: ئازادی بە ئاین دەدات بەو مەرجەی کەنیسە و ئاینەکان دەست وەر نەدەنە کارو باری وڵات، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەم جۆرە لە سیکۆلاریزم پیادە دەکەن، تارادەیەك ئازادی بۆ ئاینەکان هەیە، ئێمە وا لە عەلمانیەت تێگەیشتوین کە ڕێگە بە ئازادی ئاینی دەدات، لێرەوە دەبێت بزانین سیکۆلاریزمی بەریتانی جیاوازە لە سیکۆلاریزمی فەرەنسی، لە مۆدێلە فەرەنسییەکەیە دەوڵەت دژایەتی دین دەکات و ئازادی رەهای دەوێت بۆ تاک، دەبینین لە ماوەی پێشوودا یاسایان دەرکرد دژی حیجاب و نیقاب، بۆ ناوخوی فەرەنسا شەری عیلمانیەت، دژ بەئاین دەکات، بۆ دەرەوەی فەرەنسا شەری ئاین و شوناس دەکات بۆ پاراستنی کەمینە مەسیحی یەکان لە ئێراق  سوریا و ارمینیا. 

ئازادی بۆ هەموو ئاینەکان لە بەریتانیا بێ جیاوازیە، ئاینی ئیسلامیش ئازادی تەواوی هەیە و پەیڕەوانی ئاینداری خۆیان دەکەن، بۆ نمونە لە شاری بێرمینگهام زیاتر لە (200) مزگەوتی تێدایە و ڕۆژانە لە دوای قوتابخانە زۆرینەی مزگەوتەکان بۆ ماوەی 2 کاتژمێر وانەی پەروەردەی ئاینی ئیسلام بە منداڵان دەڵێنەوە، لە بۆنەکانیشدا گرنگی زۆر دەدرێت بە زیندوکردنەوەیان، ئەگەر کەش و هەوا ڕێگە بدات نۆێژی جەژن لە پارکی کۆڤەنتری ڕۆد بۆ موسڵمانانی ئەو ناوچەیە دەکریت و زیاتر لە  (100) هەزار نۆێژخوێن کۆدەبێتەوە جادەکان دادەخرێن و پۆلیس ئاسانکاری و ئەرکی پاراستنیان لە ئەستۆ دەگرێت.

نوچەنێت: بانگخوازان و مامۆستایانی ئاینی لەوڵاتی بەریتانیا، تاچەند توانیویانە پەیامی ئاینی خۆیان بەتەواوی بگەیەنن بە موسڵمانانی بەریتانیا؟

محمەد جەلال بەرزنجی: بانگخوازان و مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵی گەورە دەگێڕن بۆ پەرەسەندن و گەشەکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام، ئێمە باوەڕمان وایە، ئاین نابێت لە مزگەوت و حوجرە و قەتابخانە ئاینیەکاندا قەتیس بکرێت، ئاین دەبیت لە بازاڕ و مامەڵە لە گەڵ خەڵک و ڕێز گرتن لە دراوسێ و ژینگە و یاساکانی هاتوچۆ و تەواوی کایەکانی ژیانی مرۆڤ ڕەنگ بداتەوە، لەگەڵ هاووڵاتیانی بەریتانیا کە موسڵمان نین و ئێمە پێناسەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام دەکەین لە ژیانی ڕۆژانەماندا. مامۆستایان و بانگەوازکاران سەرکەوتوو بوون لە گەیاندن و پاراستنی شوناسی ئاینی لە نێوان موسڵمانان و نەوەکانی ڕابوردودا تاوەکو ئێستا، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە کاریگەری زیاترمان هەبێت و جوانتر ئاینەکەمان بگەیەنین بە هاوڵاتی بەڕەگەز بەریتانی بۆیە موسڵمانانی بەریتانیا (90% ) لە وڵاتانی ترەوە هاتوون و لێرە نیشەجێ بوون و بوونەتە هاوڵاتی بەریتانی.

نوچەنێت: ئایا مەمەڵەی حکومەتی بەریتانیا، چۆنە لەکاتی داواکردن بۆ کردنەوەی مزگەوتێک یان موسڵمان ڕۆڵی لە بەڕیوەبردنی وڵاتدا هەیە؟

محمەد جەلال بەرزنجی: موسڵمانان لە گەڵ هاوڵاتیانی بەریتانی ئاوێتەی یەکتر بوون و مێژوویەکیان لە پێکەوە ژیان هەیە ، كە دەگەڕێتەوە بۆ دوای جەنگی جیهانی دووەم و دوای کاولکاری جەنگ و وێرانی وڵاتەکانی ئەوروپا و بەریتانیاش بەتایبەتی، زۆر پێوستیان بە وزە و توانای گەنج هەبوو بۆ دوو بارە بونیادنانەوەی وڵاتەکەیان، لێرەوە بەریتانیا ڕووی کردە ئەو وڵاتانەی، کە پێشتر ژێردەستەی خۆی بوون:(پاکستان، هیندستان و بەنگلادیش) ئەوانی بانگێشتکرد، کە ئێستە زۆرینەی موسڵمانان پێکدەهێنن، لەوڵاتی بەریتانیا یاسا سەروەرە و جیاوازی ناکرێت لە نێوان کەسەکان یان ئاینەکان، بۆ بونیادنان و دروستکردنی هەر بینایەک یان گۆڕینی ڕەگەزی بیناکە دەبێت پلان پێشکەشی شارەوانی شارەکە بکەیت، ئەوانیش لەسەر سەلامەتی و دڵنیایی بەکارهێنانی بڕیاری کردنەوەی دەدەن بەخاوەن پلانەکە. ئاسانکاری باشیش دەکرێت بۆ بونیادی مزگەوتەکان، چونکە باوەریان وایە کەسانی پەیامدار کاری هەڵە و خراپ ناکەن، زیاتر لەوەش موسڵمانان وەکو هەموو تاکێکی بەریتانی مافیان لە کایەکانی بەڕێوەبردنی وڵاتدا هەیە و ڕێز لەتواناکانیان گیراوە، بۆ نمونە (20) ئەندام پەڕلەمانمان هەیە کە موسڵمانن و زۆربەیان ئافرەتن، لە زۆربەی شارەوانیەکان ئەندامی موسڵمانی تێدایە، پارێزگاری عومدەی لەندەن موسڵمانە بەناوی صدیق خان، پارێزگاری لامبێث موسڵمانە و کوردە بەناوی سەرباز بەرزنجی کەسێکە پڕە لە جوانی و خزمەت دڵسۆزی. پارێزگاری گەورە شارەکانی بێرمینگهام و لیدز موسڵمانن، هەروەها زانکۆ و کۆلیج و پەیمانگای ئیسلامی بوونی هەیە لەم وڵاتە، هەموو فرۆکە خانەیەك شوێنی نوێژی تێدایە. ڕێزی تەوا گیراوە لە هەموو جۆرە پەرەستشێکمان.

نوچەنێت: هیچ کات بووە تووشی حاڵەتێکی ڕەگەز پەرستی ئاینی بووبن؟ یان لە کاتی کردنەوەی مزگەوتێک موسڵمانان ڕووبەڕووی هیچ بەرهەڵستییەک یان ناڕەزایەتییەک بوونەتەوە لەلایەن خەڵکی گەڕەکەکەکانەوە؟

محمەد جەلال بەرزنجی: بەشێوەیەکی گشتی موسڵمانان لە هاووڵاتیانی بەریتانی ڕازین و پێکەوە ژیان دروست بووە لەنێوان ئاینەکان، لە هەر شار و شارۆچکەیەک بەرنامە هەبووبێت مزگەوت یان کۆموینیتیەک بکرێتەوە کەمترین کێشە بۆ بونیادنانی هاتۆتەپێشەوە لەئێستادا. هەندێک جار لەو شارانەی موسڵمانان تێدا لە قۆناغی لەسەر پێ وەستانن و جالیەیەکی کەمینەن و دەیانەوێت، بونیادی مزگەوت یان سەنتەری ئیسلامی بونیاد بنێن خەڵکی ناوچەکە بەرهەڵستیان دەبن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و ئیمزای داخستن یان نەکردنەوەی کۆدەکەنەوە و هەوڵ دەدەن ڕیگری بکەن، بەڵام یاسا کەیسەکە یەکلایی دەکاتەوە، ئەگەر جیگاکە  پێشتر بۆ گشتی بەکار هاتبێت مافی کردنەوەی دەدات. کەنیسە و باڕەکان لە بەر ئەوەی شوێنی گشتی بوون و گرفت بۆ کردنە مزگەوتی دروست نابێت موسڵمانان زۆرترینیان دەکڕن ڕەگەزەکەی لە شارەوانی دەگۆڕن و دەیکەن بە مزگەوت. بێگومان لە هەموو وڵاتێکدا ڕەگەز پەرەستی هەیە و بەریتانیاش بێ بەش نیە لە ڕەگەز پەرستی، دەگێڕنەوە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابوردوو موسڵمانان لەسەرەتای بڵاوبونەوە و زیاد کردنی مزگەوتەکانیدا ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و سوتاندنی مزگەوت و داخستنی مزگەوتەکانیان بونەتەوە، تاوەکو بە یاسا مافی کەمینەکان و ئاینەکان دیاری کرا و گرنگی زیاتر بە چەمکی پێکەوە ژیان دراوە لە وڵاتدا.

نوچەنێت: مزگەوت و ڕێکخراوە بەریتانیەکان تاچەند توانیویانە هاوکاری و کۆمەکیی بە پەنابەرانی موسڵمان بکەن؟

محمەد جەلال بەرزنجی:بەشێوەیەکی گشتی وڵاتی بەریتانیا ناسراوە لە جیهاندا کە لە سەر ئاستی  وڵات و هاوڵاتیانی بەخشندەیی و دەسگرۆییان هەیە، هەزاران ڕێکخراوی خێرخوازی تۆمارە لە (چاریتی کۆمینشن) و خزمەت دەکەن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات. بۆ نمونە ئەم ڕێکخراوانە ساڵانەی خزمەت و کۆکردنەوە پارەیان دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن پاوەنی بەریتانی (THE CHARITIES AID FOUNDATION, SAVE THE CHILDREN INTERNATIONAL, THE BRITISH COUNCIL, CANCER RESEARCH UK, Muslim Charity, Islamic Relief, Leading Islamic Charity )

ئەم ڕێکخراوانە لە سەر ئاستی جیهان تیمیان هەیە لەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە یان لە سەر هێڵی هەژارین و پێویستان بە هاوکاری و دەستگرۆیی هەیە، لەناخۆشدا یارمەتی سێکتەرەکانی وڵات دەدەن بۆ ڕزگار بوون لە مادەی هۆشبەر و ئەوانەی بێ لانە و بێ ماڵ و بێ کەسن.

ئەگەر باس لە پەنابەرانی بەریتانیا بکەین حکومەتی بەریتانیا لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ هۆم ئۆفیسەوە تەواوی پەنابەران بێ جیاوازی ئاین و کەلتور و وڵات دەگریتە خۆی و ژیانی سەرەتاییان بۆ دابین دەکات. لەم ساڵانەی دوایدا بەداخەوە لە بەر خراپی باری ئابووری و ناسەقامگیری ژیانی خەڵکی کوردستان پەنابەرانی بەریتانیا ڕێژەیەکی زۆری کورد بوون، بەهۆی لێشاوی پەنابەرانەوە  ئەرکی حکومەت قورستر بوو لە دابینکردنی جێگای مانەوەیان بۆیە پەنای بردە بەر گرتنی هوتێلێکی زۆر لەسەر ئاستی وڵات بە کرێی مانگانە لە کەرتی تایبەت. بەگوێرەی زانیاریەکانی ماڵپەڕی (Migration Watch UK) زیاتر لە (200) هوتێلی گەورە لە خزمەتی پەنابەران دایە و خەرجیەکانیان لە سەروی 1.3 بلویون پاوەنە. ئەوەی جێگای دڵخۆشی ئێمەیە مزگەوت و ڕێکخراوە کوردیەکانی بەریتانیا خزمەتێکی باشیان بە پەنابەران کرد.  لە دابین کردنی جل و بەرگ و خواردن. لێرەوە ڕۆڵی ڕێکخراوی (کۆمەڵەی کوردی بەریتانیا) کە ڕیکخراوێکی خۆبەخش و قازانج نەویستە لە بوارەکانی: یارمەتی مرۆیی و زانیاری پەنابەری و زانیاری یاسایی و کاروباری خانمان و پەروەردەی خێزان و کۆمەکی دارای و وشیار کردنەوەی گەنجان و بەدواداچوونی کەیسی ونبوەکان و مردن و ناشتن یان ناردنەوەی تەرمی ئازیزان، لە ڕابوردوودا خزمەتێکی باشی کردوە و لەئێستا و داهاتووش بەردەوام دەبێت. چەندین کۆڕ و سیمینار و دیبەت و تیمی زانیاری یاسایی لە زۆربەی شارەکانی بەریتانیا ڕێکخستوە بۆ زیاتر ئاشان کردنی پەنابەرە نوێکان بە یاسای بەریتانیا و چۆنێتی دەست پێکردنی پێکەوە ژیان لەم وڵاتەدا. سەردانی زۆرترین هوتێلی کردووە بۆ یارمەتیدانی پەنابەران و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکانیان. بەرپرسی لقی شارەکانی بەردەوام یارمەتی پەنابەرە نۆێ کانی داوە لە بوارەکانی جل و بەرگ و پڕکەدنەوەی فۆرم و هەلی کار و وەرگرتنیان لە کۆلێج و کورسی زمانی ئینگلیزی و سەردانی نەخۆشخانە و زیندان … هتد.

نوچەنێت: هۆکار چییە کە بەشێک لەگەنجانی کورد لە کوردستان، پابەندییەکی تۆکمە یان هیچ پابەندییەکیان بە ئاینی ئیسلامەوە نەبووە، بەڵام کە دێنە وڵاتی بەریتانیا زۆر پاپەند دەبن بە مزگەوت و ئەرکە ئاینییەکانی ئیسلامەوە؟

محمەد جەلال بەرزنجی: نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی زۆرینە بە ئازادی موسڵمانە و خاوەنی کەلتوور و داب و نەریتی جوان و پڕ ڕەوشتبەرزییە، خێزان ڕێز لێگیراوە و پەروەردەی جوان ئامانجی سەرەکییەتی بۆ منداڵ و گەنجەکانی. بەڵام بەداخەوە ئێمە لە دونیای مۆدێرنەدا کەمتر توانیمان جوانی وڵاتانی پێشکەوتوو بهێنینە وڵاتی خۆمان و سوودی لێ ببینین، بە پێچەوانەوە ناشیرینی و بەرەڵای و بەدڕەوشتیمان لە ڕێگەی هەندێ کەناڵی بەکرێگیراو هێنایە نیشتیمان و بەشێک لە گەنجەکانمان کرانە ئامانج و بەهەڵدێرو سەرڵێشێواویدا بران. هەندێک لەگەنجەکان واهاتوون بۆ ئەوروپا لێرە دەست بۆ هەرچیەک ببات بۆی دێتە پێش و دەتوانیت بە ئارەزووی خۆی ڕابوێرێت. گەنج هاتۆتە لای ئێمە دەڵیت ئێمە واهاتین هەموو ئارەزوو حەزێکمان لێرە تێر بکەین! 

عەلمانيەتى بەريتانيا جيايە لە عەلمانيەتى فەڕەنسا

لە بەریتانیا مرۆڤ ئازادە بەڵام نابێت سنووری ئازادی کەسێکی تر ببەزێنیت. دەست بردن بۆ ئافرەت بەبێ ڕەزامەندی خۆی و مادەی هۆشبەر و شەڕ و ئاژاوەگێری بەداخەوە گەنجێکی زۆری خستۆتە زیندانەوە.

گەنجەکانمان کە دێنە بەریتانیا ئێمە لە ڕێگەی مزگەوتەکان و ڕێکخراوەکانەوە هەمیشە ئامۆژگاریان دەکەین کە شوناسی ئاینی و کوردی خۆیان بپارێزن. هەستێکیان لا دروست دەبێت ئەوان دایک و باوک و خۆشک و برا و کەس و کار و خزم و دۆست و بنەماڵە و عەشیرەتیان لە گەڵ نیە، ئەوەی هەیانە تەنها خوای پەروەردگارە لێرەوە بیردەکەنەوە و دەگەڕێنەوە دوبارە پراکتیزەکردنی ئاینەکەیان و پابەند بن بە کردەوە جوانەکان کە ئاین و کەلتوری کوردەواری داوایان لێدەکەن.

نوچەنێت: ڕێژەی موسڵمان چەندە بەگشتی و مزگەوت لە بەریتانیا  تاچەند هەوڵیداوە موسڵمانان هۆشیار بکاتەوە، لەوەی پابەندبوونیان بە ڕێسا و یاساکانی بەریتانیا، بەدیاریکراویش کارکردنی سپی و باجدان بەحکومەت، وەک هەر هاوڵاتییەکی بەریتانی؟

محەمەد جەلال بەرزنجی: ڕێژەیەکی باش موسڵمان لە ئەوروپا هەیە : سەرجەم موسڵمانان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا (غەربی) نزیکەی (28 ) ملیونە، موسڵمان زۆربەیان هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەکانی خۆیانن.  لەو ڕێژەیە ئاماری نافەرمی دەڵێت، نزیکەی (20%) بەرەچەڵەك ئەوروپین. کاریگەری هەیە لە بانگەوازدا، ژمارەی مزگەوتەکان نزیکە (14) هەزار مزگەوتە. هەروەها مینبەری مزگەوت و ناوەندە ئاینیەکان هەمیشە ڕێنمایەکانیان بۆ پێکەوە ژیان و هۆشیارکردنەوەی موسڵمانانە لە هەر جۆرە خراپە و خیانەتێک دژ بە موسڵمان یان غەیرە موسڵمان تاوانە و لێپرسینەوەی خودای لەسەرە.

زياتر لە پێنج مليۆن مسوڵمان لە بەريتانيا هەيە

ئەو بەڕێزانەی کە مافی هاووڵاتی بەریتانیان پێدراوە سوێند یان پەیمانیان داوە بەم وڵاتە نابێت خیانەتی لێ بکەن لەکاتی وەرگرتنی مافی هاوڵاتی بونەکەیاندا، بڕوامان وایە پابەند بوون بە یاسا پابەند بوونە بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام. ئەگەر بڕوانینە مێژووی پێکەوە ژیان لەئیسلامدا لەساتی بونیادنانی دەوڵەتی مەدینەدا پێغەمبەری خودا (درودی خوای لەسەر بێت) کە دەستوری نووسیەوە دەستوری دەوڵەت  (52 )بەندی ماف و یاسا بوو (27 ) لە بەندەکان مافی غەیرە موسڵمان و کەمینەکانی مەدینە بوون. (25) بەندیش مافی موسڵمانەکان بوو . هەمووان بێ جیاوازی مافیان لە یەکەم دەوڵەتی ئیسلام هەبوو. لێرەوە دەڵێم، خیانەت و غەش و فێڵ لەم وڵاتە دروست نیە و موسڵمان نابێت بیکات و بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە لە ڕێگەی دروستی کار و دەست پاکی لە باج و ڕێزگرتن لە یاسا و دراوسێ و ژینگەوە. خولی هوشیارکردنەوەی نەوەی نوێ بەردەوامە بۆ دورکەوتنەوە لە هەموو جۆرە تاوانێک بەتایبەت مادەی هۆشبەر و نزیک بونەوە لە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ کەتاوانێکی گەورەیە. جوانی ئاینەکەمان بە هاووڵاتیانی بەریتانی بگەیەنین و هەریەکەمان نمونەیەکی قورئانی پیرۆز بین لەنێوانیاندا. ئەوان ئاینی ئێمەیان نەخوێندۆتەوە و نایبینن بەلام ڕۆژانە کرداری موسڵمان دەبینن. چەند کەسێک لە ئافرەت و پیاوی بەریتانیا خوای گەورە ئێمەی کردۆتە قەدەری هیدایەت دانیان و موسڵمان بوون. لە کاتی گفتوگۆماندا ئەوەم بۆ دەردەکەوت کە بەشێک لە هۆکاری گەڕانیان بە دوای ڕاستیدا و هاتوون موسڵمان بن هاوڕێی باشی موسڵمانیان بووە لە زانکۆ و شوێنی کاردا. ئەمەش جێگای دڵ خۆشی ئێمەیە.

ڕاستییەکیش هەیە دەبێت بیزانین ئێمەی موسڵمان لە بەریتانیا نەمانتوانیوە چەمکە جوانەکانی ئاینەکەمان وەکو خۆی بە هاوڵاتی بەریتانی بگەیەنین و زیاتر بانگەوازمان لە نێوان خۆماندابووە و کەمتر چوینەتە دەرەوەی خۆمان

موسڵمانان مێژوویەکی پڕشنگداریان هەیە لە بەریتانیا و یەکەم مزگەوت لە بەریتانیا لە شاری لیڤەرپوول دروستکراوە ساڵی  (1886) ی زاینی لە سەر دەستی هاوڵاتیەکی بەڕەگەز بەریتانی بەناوی (ویلیام کویلیام) دواتر ناوی خوی گوری بە عبداللە.
بەپێی ئاماری ساڵی (2018) دانیشتوانی وڵاتی بەریتانیا (66) ملیون و (435) هەزار کەسە بووە و لەوڕێژەیەش (8%) ی موسڵمان بووە، کە دەکاتە پێنج ملیون و (320) هەزار کەس. لەوڵاتی بەریتانیا (1760)مزگەوت هەیە لەگەڵ (150) مەدارسی ئیسلامی، تەنها لەشاری لەندەن  (540) مزگەوت هەیە، ئاینی ئیسلام لەبەریتانیا دانی پێدانراوە و ئاینی دووەمە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین