بۆچى ماكرۆن بایه‌خێكى زۆر به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌دات؟

1

رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى: ماكرۆن كه‌ سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌ ته‌نیا دیدارى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى كردووه‌

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات بایه‌خى فڕه‌نسییه‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان مێژووییه‌كى درێژى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆك كۆمارى فڕه‌نسا ده‌یكات، زۆر سه‌رنجى ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كانى راكێشاوه‌، چونكه‌ زۆر له‌سه‌رۆكه‌كانى تر زیاتر بایه‌خ به‌ هه‌رێم ده‌دات. ته‌نانه‌ت راپۆرته‌كه‌ ئاشكراى كردووه‌، ئه‌و كاته‌ى ماكرۆن له‌ مانگى رابردوو سه‌ردانى عێراقى كرد، به‌ شێوه‌یه‌كى تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى كردووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانى تر به‌ كۆمه‌ڵ كۆبووته‌وه‌، به‌ڵام به‌ ته‌نیا 40 خووله‌ك له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى دانیشتووه‌.

له‌سه‌ره‌تاى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌، هه‌ڵكشانى بایه‌خى فڕه‌نسا بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ چه‌ند مانگى رابردوودا، به‌ تاییه‌تى به‌ هه‌ولێر، كه‌ خاوه‌ن بڕیارى سیاسى و جێبه‌جێكردنه‌ له‌ ماڵى كورد، چه‌ندان پرسیارى له‌سه‌ر ئامانج و مه‌به‌سته‌كانى وروژاندووه‌، جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندى له‌ نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌ دروست بووه‌ كه‌ پێشتر له‌دواى قۆناغى سه‌رۆك فڕنسوا میته‌ران له‌ 1995 به‌مشێوه‌یه‌ نه‌بووه‌.

جگه‌ له‌م پێشه‌كییه‌، راپۆرته‌كه‌ باس له‌ قۆناغى فرانسوا میته‌ران ده‌كات و ده‌ڵێ ئه‌و بوو وایكرد ناوچه‌ى دژه‌فڕین بۆ سێ شارى هه‌رێمى كوردستان له‌ساڵى 1991 دابنرێت، ئه‌و بوو كۆتایى به‌ شه‌ڕى ناوخۆیى كوردى هێنا و هاوكاریى مرۆیى بۆ دابینكردن و دواتریش هاوكاریى كردن بۆئه‌وه‌ى به‌ره‌و په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا بچن.

به‌ به‌راورد به‌م كۆششانه‌ى سه‌رۆك میته‌ران راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، هاوكاریى فڕه‌نسا بۆ كورد وێراى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت تا سه‌رده‌مى شه‌ڕى داعش، فڕه‌نسا هاوكاریى سنووردارى به‌ پێشمه‌رگه‌ داوه‌ و له‌ڕووى مرۆیشیه‌وه‌ هاوكاری پێكهاته‌ ئاینییه‌كانى كوردستانى كردووه‌.

كه‌چى دواتر له‌ ته‌مووزى رابردووه‌وه‌ بایه‌خێكى زۆر له‌ لایه‌ن فڕه‌نساوه‌ به‌ هه‌رێم دراوه‌، ته‌نانه‌ت راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، “ئه‌مه‌ نیگه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى له‌ به‌غدا دروست كردووه‌ و له‌وه‌ ده‌ترسن پاریس ناكۆكییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ توركیا بهێنێته‌ عێراق”.

به‌ چ به‌ڵگه‌یه‌ك پاریس بایه‌خى زۆر به‌ هه‌ولێر ده‌دات؟

راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌م بایه‌خدانه‌ ده‌هێنێته‌وه‌. له‌وانه‌ له‌ماوه‌ى رابردوودا جان ئیف لۆدریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فڕه‌نسا، فلۆرانس پارلى وه‌زیرى سوپاى فڕه‌نسا سه‌ردانى هه‌ولێریان كردووه‌. جگه‌ له‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ له‌ مانگى رابردوو كاتێك ئیمانوێل ماكرۆن سه‌ردانى عێراق كردووه‌، ماكرۆن بایه‌خێكى ته‌واوى به‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان داوه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا كراوه‌، ئه‌و كاته‌ى ماكرۆن له‌ به‌غدا بووه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى سه‌ركرده‌كانى عێراق كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌گرووپى كردووه‌، تاكه‌ دیدارێك كه‌ ئه‌نجامى داوه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم بووه‌، دانیشتنه‌كه‌ 40 خووله‌كى خایاندووه‌. دواى ته‌واوبوونى ماكرۆن باسى له‌ پێشنیاره‌كه‌ى خۆى بۆ عێراق كردووه‌، كه‌ ئه‌وه‌یه‌ عێراق دوور بێت له‌ سیاسه‌تى جه‌مسه‌رگیریى.

جیا له‌وانه‌، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات دواى ئه‌مریكا فڕه‌نسا به‌رزترین ئاستى نوێنه‌رایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و له‌ماوه‌ى رابردوویشدا ئۆلیفى دیكۆتینى كونسوڵى فڕه‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان چووه‌ته‌ دیدارى سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى و له‌وێ دووپاتى هاوكارییه‌كانى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ته‌وه‌.

سه‌ركرده‌یه‌كى عێراق كه‌ به‌ سه‌كرده‌یه‌كى دیار وه‌سف كراوه‌ و ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، به‌ رۆژنامه‌كه‌ى گوتووه‌، به‌رهه‌م ساڵح خوانێكى به‌بۆنه‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى ماكرۆن رێكخستبوو، له‌وێ سه‌رۆكى فڕه‌نسا به‌ راشكاوى باسى له‌ بایه‌خدانى فڕه‌نسا به‌ هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌. ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ده‌ڵێ فڕه‌نسا زیاتر له‌ به‌غدا بایه‌خ به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و فڕه‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر پانتایى بۆ خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌ نه‌وه‌ك له‌ به‌غدا.

هۆكاره‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى مێژوویى به‌هێز له‌نێوان سه‌ركرده‌كانى كورد و ناوه‌نده‌ كاریگه‌ره‌كانى پاریس هه‌یه‌، جا كاتێك فڕه‌نسا دواجار بڕیارى داوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و بایه‌خ به‌ كێشه‌ وململانێیه‌ سیاسییه‌كانى بدات، ئه‌وا هه‌رێمى كوردستان له‌ كڕۆكى بایه‌خه‌كانى ده‌بێ.

خاڵى سه‌ره‌كى له‌ راپۆرته‌كه‌ كه‌ وروژێنراوه‌ و گومانى لێكراوه‌ ئه‌وه‌یه‌، پاریس ده‌یه‌وێ به‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ى توركیا نیگه‌ران بكات، به‌ڵام له‌هه‌مان راپۆرته‌دا ئه‌مه‌یش به‌دوور زانراوه‌ و باسى ئه‌وه‌ كراوه‌ كورد زیاتر درك به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌ ده‌كات و ناچێته‌ ژێر ئه‌م سیاسه‌ته‌وه‌.

Share.

About Author

1 لێدوان

    Warning: call_user_func() expects parameter 1 to be a valid callback, function 'bunyad_smartmag_comment' not found or invalid function name in /storage/content/93/100093/nuche.net/public_html/wp-includes/class-walker-comment.php on line 179
Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com