ئەمیر عەبدوڵڵاهیان: راوێژکارە سەربازییەکانمان لە چالاکییەکانیان بەردەوام دەبن ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێت، کار و چالاکییەکانی "راوێژکارە سەربازییەکان"ی ئێران لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممە (21/ کانونی دووەم/ 2024)  العربیە، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کوژرانی پێنج راوێژکاری سەربازی ئێران لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق رایگەیاند: کار و چالاکییەکانی "راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران" بە هێزەوە بەردەوام دەبێت.

رۆژی یەکشەممە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس نوسیویەتی "چالاکی راوێژکارە سەربازییەکانی ئێران لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بە هێزەوە بەردەوام دەبێت".

وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەو هێرشەی بە "شکست"ی ئیسرائیل وەسفکرد.

سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، کە پێنج لە "راوێژکاری سەربازی" ئێران و ژمارەیەک لە هێزی سوریا لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق کوژراون و ناسنامەکانیان بە ناوەکانی حوجەتوڵڵا ئومێدوار، عەلی ئاقازادە، حوسێن محەمەدی و سەعید کەریمی ئاشکرا کرد.

بەڵام هەر لەو بارەیەوە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی المزە لە دیمەشق بۆ 10 کەس زیادی کردووە، کە 3 فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی تێدایە.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، ئێوارەی رۆژی شەممە لە پەیامێکدا لە کاردانەوە بە کوژرانی پێنج فەرماندەی باڵای سەربازی ئێران لە دیمەشق، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم هێرشەی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە ئێران و "هەموو داخدارانی بەرخۆدان" مافی وەڵامدانەوە بەفەرمی دەناسێ و ئیسرائیل "پەشیمان" دەکەنەوە.

سەرچاوە: 

العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین