وۆڵ ستریت جۆرناڵ: چین بۆ راگرتنی حوسییەکان فشار لەسەر ئێران دروستدەکات ئێران

نوچەنێت:

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، چین داوای لە ئێران کردووە بۆ راگرتنی هێرشی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور هەنگاو هەڵبگرێت.

ڕۆژی شەممە (27/ کانونی دووەم/ 2024) رادیۆفەردا، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، رۆژی هەینی بە گێڕانەوە لە دوو بەرپرسی ئێرانی بڵاوی کردۆتەوە، کە بەرپرسانی چین، لە دیدارەکانی ئەم دواییەیان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانیان، داوایان لێکردن حوسییەکان کۆنترۆڵ بکەن.

بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی ئێران جارێکی دیکە بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە کۆنترۆڵی حوسییەکان لە دەستی ئەواندا نییە، بەڵام "ئەگەر ئیسرائیل ئاگربەست قبووڵ بکات، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کۆتایی پێدێت".

هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، رۆژی پێنجشەممە بە گێڕانەوە لە چوار سەرچاوەی ئێرانی و دیپلۆماتکارێک بڵاویکردەوە، کە چین خوازیاری بەجێگەیاندنی رۆڵی ئێران لە راگرتنی هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوورە و رایگەیاندووە، ئەگەرنا رەنگە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تاران و پەکین زیانی پێ بگات.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، جەیک سالیوان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، کە گەشتێکی بۆ تایلەند کردووە، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وانگ یی، بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی پەکین، بۆ هەمان بابەت کۆبوونەتەوە و تاوتوێیان کردووە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندوە، پەکین "دۆستێکی نزیکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پابەندە بە بەرەوپێشبردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

بەگوێرەی ئەم رۆژنامەیە، ئەمریکا چەندین جار داوای لە چین کردووە، کە بۆ سنووردارکردنی حوسییەکان فشار لە سەر ئێران دروستبکات.

راپۆرتەکانی ئەم دواییە لە کاتێکدا بڵاو بوونەوە کە هێرشەکانی حوسییەکان بە پشتیوانی ئێران لە دژی ئەو کەشتییانەی بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکرد، هەر بەردەوامە.

ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە چەندین بەڵگەنامەیان خستۆتە روو و رایانگەیاندووە، کە حوسییەکان پشتیوانی دارایی، چەک، زانیاری سەربازی و مەشق و راهێنانی کۆماری ئیسلامییان هەیە و بەرپرسیاریەتی هێرشی حوسییەکان لە ئەستۆی تارانە..

بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن، کە هێرشی حوسییەکان بە بڕیاری خۆیان ئەنجام دەدرێن.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین