رۆیتەرز:  ئێران کەتائبى حزبوڵڵا ناچارکرد هێرشەکانی رابگرێت ئێران

نوچەنێت:

چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گروپی چەکداری کەتائب حزبوڵڵا، لەژێر فشاری ئێران و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناچار کراوە هێرشەکانی رابگرێت.

رۆژی پێنجشەممە (یەکى شوبات/2024)، رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە،  چوار سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، گرووپی کەتائب حزبوڵڵا، کە لە ئۆکتۆبەرەوە سەرکردایەتی چەندین هێرشی بەهێزی دژی هێزەکانی ئەمریکا کردووە، لەژێر فشاری ئێران و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناچار بووە هێرشەکانی رابگرێت؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە، کە ئەم گرووپە هێڵی سووریان بەزاندووە..

ئەمریکا کەتائب حزبوڵڵا، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، وەک ئەنجامدەری هێرشی رۆژی یەکشەممە بە درۆن بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، کە تێدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 40 سەربازی دیکەش برینداربوون، دەڵێت "وەڵامی یەکلاکەرەوە بۆ ئەو هێرشانە دەدەنەوە".

هەروەها جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە رایگەیاند، لەبارەی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هێرشەکە بڕیاری داوە.

ئەبو حسێن ئەلحەمیداوی، ئەمینداری گشتی کەتائب حزبوڵڵا، رۆژی سێشەممە (دوێنێ) بەیاننامەیەکی لە پەیامنێری تێلێگرام بڵاوکردەوە و رایگەیاند: لە کاتێکدا ئێمە راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و ئەمنییەکانمان لە دژی هێزە داگیرکەرەکان رادەگەیەنین، تاکو رێگری بکەین لە شەرمەزارکردنی حکومەتی عێراق، ئێمە لە بەرگریکردن لە گەلەکەمان لە غەززە لە رێگەی دیکەوە بەردەوام دەبین.

کەتائب حزبوڵڵا بەهێزترین گرووپی بزووتنەوەی بەناو "بەرخۆدانی ئیسلامی" لە عێراق دادەنرێت، کە هاوپەیمانییەکە لە گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی شیعە. ئەم گرووپە لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا، بەرپرسیاریەتی زیاتر لە 150 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا لە ئەستۆ گرتووە.

چوار سەرچاوە، لەوانە سیاسەتمەدارێکی شیعە، بەرپرسێکی عێراقی و کەسێک کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ کوتلە توندڕەوەکانی عێراق دیداری هەبووە، بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کوشتنی سەربازانی ئەمریکا لە ئوردن، کە وڵاتێکی عەرەبی دراوسێی و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە، دەرچوونە لە هێڵی سوور.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، تاران لە ترسی تۆڵەکردنەوەی بەرفراوانی ئەمریکا، بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کە دەستی لەم بابەتەدا نییە و بە شێوەیەکی تایبەتی چەند پەیامێکی ئاراستەی کەتائب حزبوڵڵا کردووە، بۆ دەستلەکارکێشانەوە. هەروەها کوتلە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق لە کۆتاییهێنان بە هێرشەکان هاوکار بوون.

سیاسەتمەدارێکی شیعە کە ئاگاداری ئەم بابەتەیە دەڵێت: "ئەمە لە ئەنجامی فشاری ناوخۆیی و هەروەها ئیرادەی دراوسێمان (ئێران)ە بۆ کەمکردنەوەی بەریەککەوتن و ئاڵۆزی". گوتیشی "ئەگەر ئەمریکا لە چەند رۆژی داهاتوو کاردانەوەی بەرفراوان هەبێت، ئەوە رەنگە دۆخەکە بگۆڕێت".

لە ساڵی 2020 ئەمریکا، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس سەرۆکی کتائب حزبوڵڵای لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوشت.

بەشێک لە بەرپرسانی عێراق نیگەرانن لەوەی، کە کاردانەوەی بەهێزی هاوشێوە لە لایەن ئەمریکاوە دەتوانێت ببێتە هۆی شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین