ترەمپ وردەکاری نوێ لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەبارەی کوشتنی قاسم سولیمانی زانیاری نوێ دەدرکێنێ و دەڵێت، بڕیار بوو ئیسرائیل هاوکاری بکات، بەڵام نەتانیاهۆ دوو رۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکە کشاوەتەوە.

رۆژی دووشەممە (پێنجى شوبات/2024)، العربیە بڵاویکردەوە، کە رۆژنامەی "تایمزی ئیسرائیل" لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بە ئاشکراکردنی زانیاری نوێ سەبارەت بە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا لە عێراق، لە سەرەتای ساڵی 2020 دا کوژرا، جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل ئەو بەشێک لەم پلانە بووە، بەڵام کەمێک پێش هێرشەکە کشاوەتەوە.

ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" رۆژی یەکشەممە رابردوو، گوتوویەتی: کاتێک ئێمە سولەیمانیمان کوشت، بڕیار بوو ئیسرائیل لەم بابەتەدا هاوکاریمان بکات، بەڵام دوو رۆژ پێش ئۆپەراسیۆنەکە، بنیامین نەتانیاهۆ وتی، کە ئێمە ناتوانین ئەم کارە بکەین.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ژەنراڵێکم هەبوو زۆر بەئەزموون بوو، پێم گوت، ئایا دەتوانین خۆمان ئەم کارە بکەین؟ گوتی: دەتوانین و ئەوە بەدەست تۆیە. گوتم: دەیکەین.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە ساڵی 2021دا لێدوانەکانی ترەمپی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، کە چاوەڕێ کردووە، کە ئیسرائیل و نەتانیاهۆ لەم ئۆپەراسیۆنەدا رۆڵێکی چالاکتر بگێڕن، ئاماژەی بەوەشکردبوو، کە لە داهاتوودا چیرۆکەکە بەتەواوی ئاشکرا دەکات.

ترەمپ لە گفتوگۆی لەگەڵ باراک راڤید (رۆژنامەوان) سەبارەت بە کتێبی "ئاشتی ترەمپ" سەبارەت بە رێککەوتنی ئیبراهیم و شێوازی پێکەوەژیانی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند: "ئیسرائیل کارە دروستەکەی ئەنجام نەدا". ناتوانم لەبارەی ئەم بابەتەوە باس بکەم، بەڵام زۆر بێ هیوا بووم. خەڵک لە کاتی گونجاودا ئاگادار دەبنەوە.

ترەمپ سەبارەت بە هێرشی ئەم دواییەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە ئوردن، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ڕێوشوێنانەی لە سەردەمی ئیدارەکەیدا جێبەجێکرابوون، تارانیان ناچار کرد پێش هەر هێرشێک واشنتۆن ئاگادار بکاتەوە: "هێرشێکی لەو شێوەیە لە سەردەمی مندا هەرگیز رووی نەدەدا".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی تیرۆرکردنی سولەیمانی گوتی: ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردم و گوتیان جەنابی سەرۆک، ئێمە دەبێت وەڵامی ئەم هێرشە سەختە بدەینەوە، بەڵام هیچ کام لە سەربازە ئەمریکییەکان ناکوژین.

ترەمپ دەشڵێت: گورزێکی کوشەندەمان لێیان وەشاندبوو، بۆیە لە وەڵامدانەوەیان و پێویستی ناوخۆیی ئەوان تێدەگەم. بە گوتەی ترەمپ، ئێرانییەکان رایانگەیاندووە، کە 16 موشەک هەڵدەدەن و "هیچ سەربازێک لەو بنکەیەی عێراق کە هێرشی دەکرێتە سەر ناکوژن".

ترەمپ دەڵێت، سەرەڕای تەقاندنی ئەو موشەکانە بۆ سەر بنکەکە، هیچ کەسێک نەکوژراوە و میدیاکانی ئەمریکاش لەوەی هیچ سەربازێک نەکوژراوە، سەریان سوڕما.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین