فەرماندەیەکی حزبوڵڵا لە لوبنان کوژرا عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان فەرماندەیەکی حزبوڵڵا کوژرا، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی گرژییەکان دەکەن لە ناوچەکە دا.

ڕۆژی دووشەممە (هەشتی نیسان/2024) ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، "لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل دا بۆ سەر باشووری لوبنان فەرماندەیەکی حزبوڵڵا کرایە ئامانج و کوژرا، تا دێت گرژییەکان بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە لە ناوچەکە دا زیاتر دەبن و ئاڵۆزی، پشێوی لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حزبوڵای لوبنان دروست بووە".

سوپای ئیسرائیل و دوو سەرچاوەی ئاسایشی لوبنان ڕایانگەیاند، "فەرماندەیەک بە ناوی عەلی ئەحمەد لە هێرشێکی ئیسرائیل دا کراوەتە ئامانج کە بەرپرس بووە لە پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشەکان دژی ئیسرائیلییەکان، هەروەها دوو کەسی دیکەش لەگەڵیدا کوژراون".

هێرشەکان و بڵاوبوونەوەی چەکدارانی ئیسرائیل لە لوبنان زیانی زۆری بەو وڵاتە گەیاندووە و دڵە ڕاوکێی بۆ هاووڵاتیانی سڤیل دروست کردووە، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی شەڕیان کردووە.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو دا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل نزیکەی (270) چەکداری حزبوڵا کوژراون، (50) هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە کە ژن، منداڵ و ڕۆژنامەنووسی گرتووەتەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین