پارێزگاری هەولێر: گومانمان لە ئاگرەکەی بازاڕى لەنگە هەیە کوردستانی

نوچە نێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، گومانیان لە ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی لەنگە هەیە و لیژنەیەک لێکۆڵینەوە لە چۆنیێتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دەکات و ئەنجامەکەی بڵاودەکاتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێداچوونەوە بە کۆمپانیای پاراستنی بازاڕەکەدا دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (10/نيسان/2024) پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند، "هۆکاری ئاگرەکانی پێشووی لەنگە دیار بوون، بەڵام ئەم جارە بەگومانین؛ بۆیە لیژنە پێکهێندراوە کە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە و چۆنیێتی روودانی دەکات. 

پارێزگارى هەولێر ئاماژەوە دەکات، کە لە کامێراکانیش زۆر شتی دروست هەن و دوای لێکۆڵینەوە ئەنجامەکەی دەخرێتەڕوو.

سەبارەت بە رێکارەکانیش ئومێد خۆشناو جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، دوای جەژن دەست دەکرێت بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە و بۆ ئەوەش تێبینیی کاسبکاران بە هەند وەردەگرن و بازاڕەکە رێکدەخەنەوە.

دەربارەى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان پارێزگارى هەولێر گوتى، "پێداچوونەوە بە کۆمپانیای ئەمنیی شوێنەکەش دەکەین." 

لەماوەى دوو مانگ دووجار بازاڕى لەنگەى هەولێر گڕى گرتووە، رۆژى (27) شوباتی ئەمساڵیش ئاگر لەو بازاڕە کەوتەوە و لە ئەنجامدا (166) دووکان سووتان و نزیکەی 30 دووکانی دیکەش زیانیان بەرکەوت، لە لایەکى دیکەوە رۆژى هەشتى ئەم مانگە بۆ دووەم جار لە کەمتر لە دوومانگدا ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەو هۆیەوە (48) دووکان سووتان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین