سەرۆک بارزانى: ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركێكی پیرۆز و هەستیاریان لەسەر شانە کوردستانی

نوچەنێت

ئەمڕۆ دووشەممە (22/نیسان/2024) سەرۆک بارزانى لە بە بۆنەی (126)مین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند، "پێویستە ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیان هەمیشە لەیاد بێت كە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی كاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆك بارزانی بۆ ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سەد و بیست و شەشەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی كە هاوكات ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم.

ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركێكی پیرۆز و هەستیاریان لەسەر شانە كە بریتیە لە پێدانی زانیاری و هۆشیاری و ئاراستەكردن و پێشخستنی كۆمەڵگە. لەویادەدا داوام لە ڕۆژنامەنووس و میدیاكارە خۆشەویستەكانی كوردستان هەیە، ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی پیشەیانە بۆ گەیاندنی ڕاستیەكان و هەروەها لەپێناو بەهێزكردنی فەرهەنگ و هۆشیاریی كۆمەڵگە و هاووڵاتیان جێبەجێ بكەن.

پێویستە ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەنووسانی كوردستان ئەوەیان هەمیشە لەیاد بێت كە میدیا و ڕۆژنامەنووسی ئامرازی كاریگەرن بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ناسنامە و مافەكانی گەلی كوردستان و، لە هەمانكاتیشدا ئامرازن بۆ پاراستنی بەهاكان و قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی لەناو خەڵكدا.

ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی پیرۆز و هیوای سەركەوتن بۆ هەموو ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەخوازم.

مسعود بارزانی

22ی نیسانی 2024

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین