سەرۆک بارزانى: بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆک بارزانى پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز)ـی كرد و ڕایگەیاند، "بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (25/نیسان/2024) بارەگاى بارزانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى سەرۆك بارزانی لە قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لەجیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) کرد و دەڵێت، "پاتریاك مارئاوای سێیەم پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە پاڵپشتیكردنی پێكهاتە ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ كردنەوەی بارەگای سەرەکیی پاتریاك لە شاری هەولێر كە ئاماژەیەك ڕوونە بۆ پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی ئایینی."

هەروەها دەشڵێت، "سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی لەسەر بڕیاری نادەستووریی دادگەی فیدڕاڵ بۆ نەهێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و ڕایگەیاند كە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی نیشانەیە بۆ تێڕوانینێكی مرۆڤدۆستانە و پەرۆشی و وەفایە بۆ پێكەوەژیان و تەبایی لە هەرێمی كوردستان و عێراق."

 سەرۆك بارزانی بوونی فەرهەنگی پێكەوەژیان لە كوردستانی وەك شانازییەكی گەورە وەسف كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە "بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لەو فەرهەنگە دەكەین و دەوڵەمەندتری دەكەین. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە بڕیاری نادەستووریی نەهێشتنی كۆتاكان دا و تەئكیدی لەوە كردەوە كە بە بێ ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵەیە و بەبێ بەشداریی پێكهاتەكان ئامادە نین بەشداریی هەڵبژاردن بكەین، چونكە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لێدانە لە بەها مێژووییەكانی گەلەكەمان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین