پارێزگاى هەولێر: زیاتر لە (230) دووکان و کۆگا لە بازاڕى قەیسەرى هەولێر سووتاون کوردستانی

نوچەنێت

پارێزگارى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا زیانەکانى سووتانى بازاڕى قەیسەرى ئاشکرا دەکات و دەڵێت، (132) کەس لە کارمەندانى هێزە ئەمنییەکان و کاسبکار بریندار بوونە.

ئەمڕۆ دووشەممە (شەشى ئایار/2024)  پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا لەبارەى رووداوى ئاگرتنەوەى بازاڕى قەیسەرى هەولێر دەڵێت، " و بەپێى دواین ئامار (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

هەروەها دەشڵێت، دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە، کە بەو هۆیەوە "(132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون"ـە.

 

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى پارێزگای هەولێر لە بارەی سووتانی بازاڕی قەیسەرى:

دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 2024.5.5، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەرى شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی (بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، زێڕەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی) گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بە هەوڵى ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، دواى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە لیژنەیەکى تایبەت بە خەمڵاندنى زیانەکان پێکهێنرا و بەپێى دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایى بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە.

سوپاس بۆ "خودا" لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام بەداخەوە بە هۆى قەرەباڵغێەکى زۆرى هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفەسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاوڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، و هەرزوو لە لایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسیان چارەسەرکران و (15) كەسى تریشان کە پێویست بوون گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەى فریاکەوتن و چارەسەری پێویستیان بۆ وەرگیرا.

وێڕای دەستخۆشیمان لە تیمەکانی (بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتووچۆ، تەندروستی، شارەوانی، قائیمقامیەتى ناوەندى، پۆلیسى شارەوانى، قەیرانەکانى پارێزگا، دەزگاى خێرخوازى بارزانى، ژینگە پارێزى) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بە هاناوەچوونی دوکاندار و زیانلێکەوتووانى بازاڕکە، هاوڵاتییانی شارى هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنى قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانى ئاشکرا دەکرێت.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر

2024.5.6

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین