جه‌مال كۆچه‌ر: هۆكارى نه‌ناردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان ته‌نیا نه‌بوونى میكانیزمه‌. عێراق ناوچەکە و جیهان

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى یه‌كگرتوو و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ هیچ به‌ربه‌ستێكى یاسایى له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت شاندى هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزمه‌كه‌ بكات.

جه‌مال كۆچه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌ هۆكاره‌كانى دواكه‌وتنى پشكى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ كرد و گوتى، "هیچ بەربەستێکی یاسایی نییە چونکە یاساکە ئێستا په‌سند کراوە و له‌ رۆژنامه‌ى وه‌قائعى عێراقى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و تانه‌یه‌ى له‌ دادگاى فیدڕاڵى له‌ بودجه‌كه‌ دراوه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوردستان كه‌واته‌ هیچ به‌ربه‌ستێكى یاسایى نییه‌".

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى به‌دووریشى زانى په‌یوه‌ندى به‌ هۆكارى سیاسییه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ڵكو دووپاتى كرده‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا میكانیزمى هه‌ناردنى پاره‌كه‌ دیارى نه‌كراوه‌، ئاخۆ چۆن ده‌بێت؟ هه‌رێمى كوردستان داهاته‌كه‌ ده‌نێرێت ئینجا به‌شه‌ بودجه‌كه‌ دێت، یانیش له‌ به‌غداوه‌ پاره‌ى داهاته‌كه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌.

بۆ روونكردنه‌وه‌ى ئه‌م میكانیزمه‌ جه‌مال كۆچه‌ر گوتى، "دەبێت شاندی هەرێمی حکومەت بروا بچێتە بەغدا و بە ڕاشکاوی قسە بکەن و پێیان بڵێن خاڵی یەکەم من ئەوە پابەندم بەو رێکكەوتنە، خاڵی دووەم من هاتووم میکانیزمەکە چۆن جێبەجێ دەکرێت. من لەگەڵ ئەوەم بڕۆن چاوەرێی هیچ نەکەن چونکە مافی خۆیانە، وا نزیکی مانگی شەشەم دەبینەوە دەبێت ئێستا بەغدا پارەی پێنج مانگ بۆ هەرێم بنێرێت".

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هیچ چاره‌یه‌كى تر نییه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت، شاندى هه‌رێمى كوردستان بچێته‌ به‌غدا و دانوستاندن بكات، بۆئه‌وه‌ى داهاتى پێنج مانگى رابردوو بخه‌ملێنێت و به‌غدایش ئه‌و بڕه‌ بگێڕێته‌وه‌ و ئه‌ویتر ره‌وانه‌ بكات.

له‌ 31ى ئادارى رابردوو بودجه‌ى عێراق له‌ په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان دیارى كرا، كه‌چى تا ئێستا هیچ پاره‌یه‌ك له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كراوه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین