نزیکەى (30) هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن شیکاری ئابوری

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

ژمارەیەکى زۆرى کرێکارى بیانى هاتوونەتە هەرێمى کوردستان، بەڕێوەبەرى سەندیکاکانى هەرێمى کوردستان گلەیى لە کۆمپانیاکانى ناوخۆ دەکات کار بە کرێکارانى خۆمان ناکەن، وەک خۆى دەڵێت، "تەنها لەبەر ئەوەى کرێکارى بیانى بە کرێیەکى کەمتر زۆرترین کاریان بۆ دەکات."

د. عارف حیتۆ بەڕێوەبەری دەستەى کار لە وەزارەتى کارو  کاروباری کۆمەڵایەتیى هەرێمى کوردستان، دەربارەى هێنانى کرێکاری بیانی و کاریگەرییەکانی لەسەر کەمکردنەوەى هەلى کار لە کوردستان تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "کاتێک کرێکاری بیانی دێت لێرە کار دەکات، کرێکاری خۆمان بێ کار دەبێ، هۆکارەکەى نازانین ئایا کرێکارى خۆمان بە گرانتر کار دەکات یاخود  هەرزانتر، کە ئەمەش کێشە بۆ خاوەنکارەکان دروست دەکات".

بە وتەى ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، جگە لەو کرێکارانەى بەپێى مۆڵەتى حکوومەتى هەرێم کارى ناو ماڵان و ژینگەپارێزى دەکەن، باس لە جۆرێکى کرێکار بیانى دەکات تر دەکات، کە سەرەتا وەک گەشتیار دێنە هەرێمى کوردستان، بەڵام دواتر ناگەڕێنەوە و وەک کرێکار کار دەکەن. 

سەبارەت بە ژمارەى ئەو کرێکارە بیانیانەى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن، هەنگاو عەبدوڵاخان بەڕێوەبەرى سەندیکاکانى هەرێمى کوردستان بۆ نوچەنێتی راگەیاندن، "ژمارەیان نزیکەی (30) هەزار کرێکاردەبێ، بەشێک لەو کرێکارانە کارتی کارکردنیان نییە ". هەنگاو عەبدوڵڵا خان زیاتر روونیدەکاتەوە، "زۆربەی زۆری ئەو کرێکارانە لە ڕێگەى کۆمپانیاکانەوە دێنە هەرێمى کوردستان، کە بەشێکیان سەرەتا بەناوى گەشتیار دێت دواتر داواى ئیقامە دەکات تاوەکو لێرە کاربکات."

سەرۆکى سەندیکاى کرێکارانى کوردستان، لەسەر کار پێنەکردنى گەنجانى هەرێمى کوردستان گلەیی لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان دەکات و دەشڵێت، "ئێمە دەزانین کرێکارى بیانى بە پارەیەکى کەمتر کار دەکات، بەڵام هاووڵاتییانى خۆشمان پێویستیان بە کارە، چونکە زۆربەیان خاوەن خێزانن و ئیلتیزامى زۆرى ماڵەوەیان لەسەرە."

هەنگاو عەبدوڵڵاخان دەشڵێت، "چەندینجار داوامان لە خاوەنکارەکانی خۆمان کردووە، كار بە کرێکارەکانی خۆمان بکەن، هەتا ئەگەر بە گرانتریش بێت نەوەک بە کرێکارى بیانى، کە زۆرترین کاری پێدەکات بە پارەیەکى کەمتر، کە ئەمە ئەوپەڕی بێویژدانییە، بەڵام هاووڵاتییانى ئێمەش  ئامادە نین هەموو کارێک بکەن."

 لەسەر هێنانى کرێکارنى بیانى و کاریگەرى لەسەر کەمکردنى دەرفەتى کارى ناوخۆ و ئابوورى هەرێمى کوردستان، سەرباز ساڵح، شارەزاى ئابوورى بۆ نوچەنێت گووتى،" هاتنی کرێکاری بیانی ئەگەر  بە پێی بەرنامەى ئابووری ئەو وڵاتەوە نەبێت، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئابووری ئەو وڵاتە، وڵاتانی جیهان بەپێى پێویستى و پسپۆڕییەکان کرێکارى بیانى دەهێنن، بۆ نموونە پێویستیان بە دوو هەزار کرێکارە لە بواری بیناسازی، تەنیا ئەو رێژەیە وەردەگرن و کاری پێدەکەن بۆ ئەوەی کاریگەری دروست نەکات لەسەر هەلى کارى ناوخۆ."

سەرباز ساڵح، ئاشکراى دەکات بەشێک لەو کرێکارە بیانیانەى لە کوردستان کاردەکەن لە ئێران و تورکیا بە قاچاخ هاتوونەتە ئێرە، ئاماژە بەوەشدەکات، کرێکارى ئێرانى و تورکى بەهەر نرخێک بێت کار دەکەن، سەبارەت بە هۆکارى هەرزانى دەست حەقیان هۆکارەکەى دەخاتەڕوو و وەک خۆى باسیدەکات، "دابەزینى بەهاى تمەنی ئێرانی و بەهێزی بەهاى پارەی ئێمە وا دەکات ئەوان بە هەر نرخێک ئیش بکەن قازانجیان بێت."

دەشڵێت، "لەگەڵ هاتنى هەر کرێکارێکى بیانى بۆ هەرێمى کوردستان، لەبەرامبەردا دوو ئەوەندە هاووڵاتییانى خۆمان بێ کاردەبن، ئەمەیش هەژارى و کێشەى کۆمەڵایەتى لێ دروست دەبێت، جگەلەوەى پارەى خۆشمان دەچێتەرەوە، بەڵام کرێکارى خۆمان هەر لەناو بازاڕى کوردستان خەرجى دەکات، وەک کرێکارە بیانییە پارەکە ناباتە دەرەوە و لە بازاڕى وڵاتەکەى خۆى خەرجى بکات."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین