تا ئێستا سێ هەزار و 552 ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون ناوخۆیی

نوچەنێت-تایبەت

بە پێی ئاماری نوسینگەی بەدواداچوونی رفێندراوانی کوردی ئێزدی، سێ هەزار و 552کەس لە دەستی داعش رزگارکراون و 2719کەس ئازادنەکراون و هێشتا لە ژێر دەستی داعشدان.

ئەمڕۆ سێشەممە( 22/شوبات/2022 ) نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە دەستی داعش، ئاماری رزگاربوان و زیندانیانی ژێردەسەڵاتی داعشی بڵاوکردەوە. 

نوسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە دەستی داعش، لەسەر فەرمانی سەرۆک نێچێرڤان بارزانی لە (تشرینی یەکەمی 2014) دامەزرا. کاری ئەم نوسینگەیە بەدواداچوون و دۆزینەوەو رزگارکردنی ئەو کوردە ئێزدییانەیە، کە لە لایەن داعشەوە رفێندراون.

بەپێی دوایین ئامار، تا ئێستا توانراوە3 ھەزار و552 کەس، کە ھەزار و 207 ئافرەت و 339 پیاو و ھەزار و 50 کچ و 956 منداڵە، لەرێگەی ئەم نوسینگەیەوە ئازادبکرێن. ھەروەھا 2 ھەزار و 719 کەس، کە ھەزار و 274 ڕەگەزی مێ و ھەزار و 445 رەگەزی نێرە. هێشتا لە ژێر دەسەڵاتی داعشن.

ئەم ئامارە تازەترین ئاماری قوربانیانی دەستی داعش-ە کە رێکخراوی تیرۆرستی داعش دژبە کوردانی ئێزدی لە ساڵی (8/ئازار/2014-22/شوبات/2022)

نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بەم ئامارەدا ناوەو بڵاویکردووەتەوە و کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی نوچەنێت نێردراوە، کە تێیدا ھاتووە، ژمارەی کوردانی ئێزدی 550 ھەزار کەسە و ژمارەی ئاوارەکانیش 360 ھەزار کەسە و150 ھەزار کەسیش گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و ژمارەی ئەوانەی شەھیدیش بوونە ھەزار و 393 شەھیدە و ژمارەی ئەوانەی دایک و باوکیان لە دەستداوە 2ھەزار و 745 و تا ئێستاش 82 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و بەدەیان گۆڕی تاکەکەسیش دۆزراوەتەوە و ئەو شوێنە ئاین و مەزارانەی تەقێندراونەتەوە 68 مەزارە و ئەوانەی بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە 100ھەزار کەسە.

بە پێی ئامارەکە ژمارەی ئەوانەی لەلایەن داعش ڕفێندراون، 6ھەزار و 417کەسە کە لەو ژمارەیە 3ھەزار و 548 ڕەگەزی مێ و 2 ھەزار 896 ڕەگەزی نێرە، ئەوانەی رزگارکراون ژمارەیان 3 ھەزار و 552 کەسە، کە ھەزار و 207 ئافرەت و 339 پیاو و ھەزار و 50 کچ و 956 کوڕ.

بەپێی ھەمان ئاماری نوسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی، لە دەستی داعش، ئەوانەی ڕفێندراون و شەھیدکراون و تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە، ژمارەیان 146 کەسە و ئەوانەی لە دەستی داعش ماون 2 ھەزار و 719 کەسە، کە ھەزار و 274 ڕەگەزی مێ و ھەزار و 445 ڕەگەزی نێرە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین