جان دۆست و گه‌ڕانه‌وه بۆ شیعر
عارف حه‌مزه
جان دۆست شاعیر و وه‌رگێڕ و رۆماننووسى سووریا، به ده‌ركردنى دوو كۆمه‌ڵه شیعر به زمانى كوردى، ده‌ستى به نووسین كردووه. وه‌ك شاعیرێك له‌نێو شاعیرانى كورد كه به كوردى ده‌نووسن دەرکەوت، نه‌وه‌ك عه‌ره‌بى، به‌م دوو كۆمه‌ڵه‌یه ناسرا، ئه‌مه‌یش ده‌گمه‌نه له‌نێو ئه‌و نووسه‌ره كوردانه‌ى سووریا، چونكه زۆربه‌یان شیعر به زمانى عه‌ره‌بى ده‌نووسن.
دواتر جان دۆست به وه‌رگێڕانى عه‌ره‌بى بۆ كوردى خه‌ریك بوو، هه‌ندێك له كاره‌كانى سه‌لیم به‌ره‌كات نووسه‌رى به‌ناوبانگى كورد، به‌در شاكر سه‌یاب شاعیرى عێراقى، كرده كوردى. هه‌روه‌ها له زمانى كوردییه‌وه بۆ زمانى عه‌ره‌بى كۆمه‌ڵێك كارى فۆلكلۆرى كوردى وه‌رگێڕا، له نموونه‌ى داستانى مهم و زین، چه‌ند فهرههنگێكیش به هه‌ر دوو زمان.
"ئه‌گه‌ر سه‌رپشكم بكه‌ن له‌نێوان نیشتمان و تاراوگه، ئه‌وا چاوه‌كانى تۆ هه‌ڵده‌بژێرم"
به‌ڵام جان دۆست كه له كۆبانێ له ساڵى 1965 له دایكبووه، له گۆڕه‌پانى عه‌ره‌بى به ده‌ركردنى ژماره‌یه‌ك رۆمان به زمانى عه‌ره‌بى ناسراوه، كه به رۆمانى "مه‌هاباد نیشتمانێك له ته‌م" ده‌ستیپێكرد، ئه‌وه‌یان له لایه‌ن خانه‌ى ساقى چاپكراوه، تا نوێترین رۆمانى به ناوى "سه‌ربوورده‌ى خه‌بات" كه ساڵى 2020 له لایه‌ن خانه‌ى فكرى دیمهشقى بڵاوكرایه‌وه.
له ساڵى 2014 وه كه یه‌كه‌م رۆمانى به زمانى عه‌ره‌بى بڵاوكراوه‌ته‌وه، تا ساڵى 2020 جان دۆست 12 رۆمانى به زمانى عه‌ره‌بى بڵاوكردووه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى هه‌ر ساڵێك دوو رۆمانى بڵاوكردبێته‌وه. ئه‌مه‌یش ئه‌وه ده‌گه‌ینێ كه پێشتر گه‌لێك رۆمانى ده‌ستنووسى هه‌بووه و دواتر له ساڵانى تر بڕیارى داوه بڵاویان بكاته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر دڵسۆزى ئه‌و بۆ نووسین به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه.
"ئه‌و قه‌سیدانه‌ى جه‌نگ له گیرفانى شاعیر له‌بیرى كرد" له لایه‌ن خانه‌ى زیفاف "دار ضفاف " بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌یان سێیه‌م كۆمه‌ڵه شیعر و نوێترین كۆمه‌ڵه‌ى جان دۆسته، به‌ڵام یه‌كه‌م كۆمهڵهیهتى كه به زمانى عه‌ره‌بى بڵاویان ده‌كاته‌وه، نه‌وه‌ك به كوردى كه دوو كۆمه‌ڵه‌كه‌ى تر به‌م زمانه بوون.
سه‌ربوورده‌ى شیعرى
ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه كه كه‌متر له 100 لاپه‌ڕه‌یه، به‌سه‌ر چوار به‌ش دابه‌ش ده‌بێت، به‌ر له‌وه‌ى بچینه سه‌ر قه‌سیده‌كانى كه له چوار بهشهكهن، ناونیشانێكى لاوه‌كى له سه‌ره‌تاى كتێبه‌كه ده‌بینن، نووسراوه، "سه‌ربوورده‌ى شیعرى" ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاماژه راسته‌وخۆیه‌ش نه‌بێت، خوێنه‌ر ده‌زانێ ئه‌مه سه‌ربوورده‌ى شیعرى جان دۆسته كه له ساڵى 2000 وه به یهكجاریى سووریاى جێهێشتووه و له ئه‌ڵمانیایه، ساڵانێكیشه ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌و وڵاته‌ى هه‌یه.
به پێچه‌وانه‌ى سه‌ربوورده‌ى ئاسایى ئه‌م گرووپه ناونیشانێ "لهبهردهرگهى تاراوگه" له‌خۆ ده‌گرێت، له‌وێ هاتووه، "به‌ر له ساڵانێكى زۆر فڕۆكه‌یه‌ك منى به‌ره‌و ئه‌وروپا فڕاند، وه‌ك راكردنێك له ده‌ستى پیاوى ئه‌من، كه له نیشتمان راوى ده‌نام، به‌ڵام كه ساڵانێك تێپه‌ڕى، ئاوریشمى تاراوگه جه‌سته‌مى ماندوو كرد، زانیم پیاوه سه‌گه‌كه‌ى ئه‌من براوه بوو، ئه‌و نیشتمانى له‌من دزى، وه‌ك دراوى كاغه‌زى پێنج لیرهیى لوولى دا و خستیه گیرفانییه‌وه".
یادوه‌رى جێهێشتنى نیشتمان زیاتر له ژیان له نیشتمان ناوى دێت. به درێژایى 20 ساڵ تا ئێستا كه جان له تاراوگه‌ى به‌سه‌ر بردووه، ئه‌م بیست ساڵه له یاده‌وه‌رى دووباره ده‌بێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك رابردوو و تاراوگه یه‌ك پاكێج بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌م دوو ده‌یه له نائاماده‌یى به‌رده‌وامبێت له ژیان له نائاماده‌ییدا. له‌میانه‌ى ئه‌وه "مشكى تاراوگه روحى نامۆم ههڵدهكڕێ وه‌ك ئه‌وه‌ى پارچه كێكی وشكبووهوه بێت".
له سه‌روبه‌ندى نائاماده‌یى ئه‌و له نیشتمان، شته‌كانیش په‌رته‌وازه ده‌بن، ئه‌و شتانه له نموونه‌ى دایك و باوك و گوند و دار زه‌یتوون و گۆڕه‌كان، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ په‌رته‌وازه‌یى ئه‌و له تاراوگه، ئه‌وانیش په‌رته‌وازه ده‌بن. ئه‌و له نائاماده‌یى ئه‌وان په‌رته‌وازه ده‌بێت، ئه‌وانیش له چاوه‌ڕوانى و نائاماده‌یى ئه‌و. "غه‌ریبى ماناى ئه‌وه نییه نیشتمان جێبهێڵێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه نیشتمان تۆ جێبهێڵێ و تۆیش ته‌واوى ئه‌و ته‌مه‌نه‌ى ماوته به‌دواى بگه‌ڕێیت"
دووباره بونیادنانه‌وه‌ى رابردوو
له میانه‌ى تێپه‌ڕبوونى به تاراوگه، ده‌بینین ئه‌مه كۆمه‌ڵێك وه‌سف و پێناسه و پلان ده‌نوێنێ، كه بارى سۆزه به‌رزه‌كه‌ى قووڕس ده‌كات. له‌و كاته‌دا جان دۆست به زیندووكردنه‌وه‌ى ئه‌م رابردووه‌وه سه‌رقاڵ كه له نیشتمان ژیاوه، ئه‌مه‌یش زه‌مه‌نێكه به 35 ساڵ درێژ بووه‌ته‌وه. به‌ڵام به هه‌ر حاڵ ئه‌مه زه‌مه‌نێكى خێرایه. هه‌میشه هه‌ر یه‌كێك له ئێمه ئه‌م زه‌مه‌نانه به خوێندن و خوێندنه‌وه و زانكۆ و بیرۆكه‌كان، براده‌ر و نووسین و دڵدارى به‌ڕێ ده‌كات. وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م ساڵانه‌ى له نیشتمانیش بووه وه‌ك تاراوگهیهكى تر بووه، مادهمهكى دوور بووه له خێزان و زێده‌كه‌ى.

ئه‌مه‌یش وامان لێده‌كات وا تێبگه‌ین كه جان دۆست، ورده‌كارى زیاتر له‌سه‌ر زێدى و خێزان و گونده‌كه‌ى خۆى له سێ به‌شه‌كه‌ى تر به ناوى "سه‌ربوورده‌ى پاشماوه‌كان" پێشكه‌ش بكات، له‌گه‌ڵ "ئه‌و قه‌سیدانه‌ى شاعیر له گیرفانى جه‌نگى له‌بیرى كردن" و "لاوانه‌وه‌یه‌ك بۆ كێڵگه‌ى زه‌یتوون". كه‌چى ورده‌كارییه‌كى كه‌م ده‌بینین، هه‌ندێك جاریش راگوزه‌رن، وه‌ك زانیارییه‌كان له باره‌ى باوك و كتێبه‌كانى و نوێژه‌كانى، گۆچانه‌كه‌ى كه به‌هۆى جه‌نگه‌وه ده‌بێت به دوو پارچه. زانیارییه‌كان له باره‌ى دایك و گوڵ و درهختهكانى، له‌باره‌ى چاوه‌ڕوانییه درێژه‌كه‌ى. هه‌روه‌ها شتێك نادۆزینه‌وه له‌باره‌ى تاكه‌كانى خێزان له خوشك و براكانییه‌وه، ته‌نیا كه‌مێك نه‌بێت له‌باره‌ى خوشكه ئاوارهكهى. هه‌روه‌ها شتێك نییه له‌سه‌ر ئه‌ڤین و تاراوگه كه كتێب و خوێندنه‌وه دروستى ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش وێناكردنێكى ره‌وایه له خوێندنه‌وه‌ى ناونیشانێكى وه‌ك "سه‌ربوورده‌ى شیعرى".
له برى ئه‌مه، به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى جان دۆست له سهربووردهكهى خۆى سڕیویه‌ته‌وه، ورده‌كارى زیاتر له باره‌ى ئه‌و جه‌نگه ده‌زانین كه گونده‌كه‌ى خاپوور كردووه، شارى خوێندنه‌كه‌ى كه حه‌له‌به، دواجاریش ته‌واوى وڵاته‌كه‌ى كاوڵ كردووه، هه‌ر چه‌نده ده‌زانین كه جان دۆست له ورده‌كارى ئه‌م جه‌نگه نه‌ژیاوه، له‌و ترس و تۆقاندن و نه‌دارى و ژیانه نه‌بووه كه هه‌موویان كه‌وتنه ژێر داڕمانه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا به‌شێكى زۆرى ئه‌م كۆمه‌ڵه شیعره‌ى بۆ ئه‌وه ته‌رخان كردووه كه تێیدا نه‌ژیاوه.
به هۆى ئه‌وه‌ى جان دۆست له‌م ورده‌كارییه نه‌ژیاوه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك باسى كردووه وه‌ك ئه‌وه‌ى تێیدا ژیا بێت، ئه‌مه‌یش به تێكه‌ڵكردنى ئه‌وه‌ى تێیدا ژیاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كه له غیابى ئه‌و روویداوه، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌وه ژیابێت كه له غیابى ئه‌و روویدا بێت. به واتایه‌كى تر به تێكه‌ڵكردنى رابردوویه‌كى كه تێیدا ژیاوه له‌گه‌ڵ ئێستایه‌ك كه جان دۆست تێیدا ئاماده نییه.
"له گه‌ڕه‌كه‌كه‌م، بۆمبه‌كان ده‌ته‌قنه‌وه، له رۆژێكدا چه‌ندان جار زایه‌ڵه‌یان دووباره ده‌بێته‌وه، وه‌ك بانگى نوێژ". یانیش ده‌ڵێ، "هه‌مان ده‌رگه، كه ساڵانێكى دوور، به ده‌ستێكى له‌رزۆك، هه‌ندێك جاریش به ده‌ستێكى تووڕه لێم ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ى دایك به زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كى شیرینه‌وه بیكاته‌وه، ئێستا هه‌مان ده‌رگه‌یه كه ساچمه‌ى بۆمبێكى ده‌به‌نگانه لێیدا، جا له‌سه‌ر ماڵێكدا ده‌كرێته‌وه كه بێده‌نگى و كاوڵكارى تێیدا نیشته‌جێن".
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به‌شى سێیه‌م كه ناونیشانى "ئه‌و قه‌سیدانه‌ى شاعیر له گیرفانى جه‌نگ له بیرى كردن" هه‌ڵده‌گرێت، جۆرێكه له ئاڵوگۆڕى له‌گه‌ڵ ناونیشانى كۆمه‌ڵه‌كه، "ئه‌و قه‌سیدانه‌ى جه‌نگ له گیرفانى شاعیر له بیرى كردن".وه‌ك ئه‌وه‌ى بكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌كه‌وه، له‌وانه‌شه باشترین شوێن بۆ ئه‌و به‌شى كۆتایى بووایه، چونكه چه‌ند قه‌سیده‌یه‌كى كورتى شێوه‌ى په‌خشان له‌خۆ ده‌گرێت، وه‌ك په‌ند و داویین ئیعترافن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا بارێكى قوڕسى سۆز له خۆده‌گرێت كه هه‌ر چوار به‌ش به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. "ئه‌گه‌ر سه‌رپشكم بكه‌ن له‌نێوان نیشتمان و تاراوگه، ئه‌وا چاوه‌كانى تۆ هه‌ڵده‌بژێرم" یان به یار ده‌ڵێ، "ئه‌و به‌رده‌ى تۆ ساتمهت لێ‌كرد، كاتێك به رێگه خۆڵه‌كه‌ى ئێمه تێده‌په‌ڕیت، هه‌موو به‌رده‌كانى تر‌ى گه‌ڕه‌ك ئیره‌ییان پێده‌برد، ته‌نانه‌ت به‌ردى میحرابى مزگه‌وته كۆنهكهشمان".
گه‌ڕانه‌وه بۆ شیعر
دواى 12 رۆمان و گه‌ڕانه‌وه بۆ شیعر، ئه‌مه وایلێكردین له جان دۆست بپرسین پاڵنه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌كه چى بوو؟
ئه‌ویش به جه‌زیره نێتى گوت، "له‌باره‌ى جه‌نگ و شۆڕش له سووریا چوار رۆمانم نووسى، ئه‌مه دواى چه‌ند رۆمانێكى تر‌ى به‌ر له جه‌نگ، سه‌ره‌ڕاى تۆمه‌تباركردنم له به‌كارهێنانى زمانێكى شیعرى بێئه‌ندازه له رۆمانه‌كانم، من هه‌ستم به‌وه كرد چڕكردنهوهیهك هه‌یه، زۆر پێویستم پێیه‌تى بۆ قسه‌كردن له سه‌ر حاڵه‌تى سووریا له‌ژێر سایه‌ى جه‌نگ و شۆڕش".
سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ده‌ڵێ، "چڕبوونه‌وه‌ى شیعرى له‌سه‌ر بنه‌ماى ورده‌كارى بچووكى رۆژانه‌وه وه‌ستاوه، كه له دوو توێى خۆى هه‌ڵچوونێكى زۆر له خۆ ده‌گرێت كه له رۆمان‌دا نییه".
جان دۆست له قسه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ، "گه‌ڕامه‌وه بۆ شیعر، تا ئامانجم له گرتنى ساته‌وه‌خته راكردووه‌كان به‌دیى بهێنم، كه رۆمان ناتوانێ دوایان بكه‌وێت، ته‌نیا شیعر ده‌توانێ چه‌ند بیرۆكه‌یه‌ك بخاته گوزارشتێكهوه. جه‌نگ و بێتوانییم له ده‌ربڕین له باره‌ى جه‌نگ له رۆمان‌دا، وایكرد په‌نا بۆ ئارامگه‌ى شیعر به‌رمه‌وه، ئه‌و ره‌شماڵى ئێمه‌یه كه له‌وێوه بۆ جیهانى رۆمان رۆیشتنین، كاتێكیش كوچه و كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌كانى رۆمانمان پێ ته‌نگ ده‌بێت ئه‌وا ده‌گه‌ڕێنه‌وه به‌ر ره‌شماڵه‌كه".
"ئه‌و قه‌سیدانه‌ى جه‌نگ له گیرفانى شاعیر له بیرى كردن" قه‌سیده‌ى په‌خشانى كورتن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌ستپێكراو و ناههستپێكراو تێكه‌ڵ به یه‌كتر بكات، هه‌روه‌ها تێكه‌ڵكردن له‌وه‌ى تێیدا ژیاوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له غیابى ئه‌ودا روویان داوه. ئه‌و قه‌سیدانه شێركۆ بێكهسمان (1940- 2013) بیرده‌خه‌نه‌وه، ته‌نانه‌ت نازم حیكمه‌تیش (1902-1963)بیر ده‌خه‌نه‌وه له نووسیندان، له‌باره‌ى ئه‌و دووركهوتنهوانهى كه له‌نێوان هاوواتاكان و ژیان، كه له‌میانه‌ى تاراوگه و ئازار و سۆز و به‌دحاڵیبوون له توندوتیژى، به‌دواى یه‌كتره‌وه دێن. قه‌سیده‌ى كورتن بۆ نه‌فه‌سى كورتهكانى ژێر سایه‌ى جه‌نگ، له‌باره‌ى كه‌س و شوێنه‌كان داڕماوه‌كان كه بیر ناچنه‌وه.
سه‌رچاوه : جه‌زیره نێت
وه‌رگێڕان: فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment