عێراق بەهۆی کورتهێنانەوە گرێبەستی کارەبا لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ دەکات کوردستانی

نوچە نێت:

بە گوێرەی کارنامەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارە لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا تاوتوێی هەناردەکردنی ماددەی کبریت و گرێبەستی کڕینی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و پەسندکردنی پڕۆژەیاسای دەستەی خۆراک و دەرمان بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (19/5/2026) ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێی عێراق دوای ئەوەی متمانەی لە پەرلەمان وەرگرت، دووەم کۆبوونەوەی ئاسایی و یەکەم کۆبوونەوەی کاری خۆی دەکات، وەک لە کارنامەکەیدا هاتووە (16) بڕگە لەخۆ دەگرێت، یەکێک لە بڕگەکان تاوتوێکردنی هەناردەی ملیۆنێک تۆن لە ماددەی کبریتە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ چین، وەک بەشێک لە پابەندییە داراییەکانی بۆ دانەوەی قەرزی وەبەرهێنانی وێستگەکانی کۆمپانیای کبریت و میسان.

بە گوێرەی زانیارییەکان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وەرزی هاویندا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەر لەم کۆبوونەوەیەدا سەبارەت بە گرێبەستی کڕینی کارەباش لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن، بە تایبەت لەبارەی ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای کار و تۆرەس ئینێرجی لە هەولێر و سلێمانی واژۆ کراوە، بۆ ماوەی چوار مانگ کە لە (15)ـی ئایار بۆ (15)ـی ئەیلوول هەژمار دەکرێت، لەسەر شێوازی وەرگرتن و پاشان پارەدان.

ئەو هەنگاوەی حکومەتی فیدراڵی لە کاتێکدایە کە بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی گاز لە ئێران و تەواونەبوونی پرۆژەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە  کارەبای وڵاتانی کەنداو، کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ نزیکەی (30) هەزار مێگاوات دابەزیوە، لە کاتێکدا پێویستییەکە زیاتر لە (50) هەزار مێگاواتە، هەروەها بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای دەستەی خۆراک و دەرمانە بۆ ئەوەی ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین