سەرۆک نێچیرڤان بارزانی: هێرشەکەی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیران پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەکات و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات جێبەجێ بکات. هەروەها ئەم هێرشانەی بە ڕەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسیدار ناوزەند دەکات.

ڕۆژی دووشەممە (2026/08/17) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی سەرۆکی ئاژانسی پاراستنیان کردە ئامانج". هاوکات ڕاشیگەیاند، "ئەم هێرشانە بە تەواوی ڕەتکراوە و پەرەسەندنی مەترسیدارن".

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە و دەڵێت، "داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین بەرپرسیاریەتی و پابەندیی دەستووری خۆی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات جێبەجێ بکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە، پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەرپرسیاریەتییەکی هاوبەشە و هەمووان دەبێ کار بۆ ئارامکردنەوە و نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.

جێگەی ئاماژەپێدانە، دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لە دیوی سنووری ئێرانەوە بە دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمام، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین