مەسرور بارزانی: کشاندنەوەی پاتریۆتەکانی ئەمریکا هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیێنێت، هەرێمی کوردستان پێویستیی بە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی لە ڕێگەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان دەکرێن. هەروەها تیشکی خستە سەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و سیستەمی بەرگریی پاتریۆت، هێرشە درۆنییەکان و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

ڕۆژی پێنجشەممە (2026/08/20) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەلمۆنیتۆر" ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێویستییەکی بەپەلەی بە بەهێزکردنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی لە ڕێگەی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان لەلایەن ئێران یان میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەکرێن.

مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ دروست نەکردووە و ڕایگەیاند، "ئەم هەوڵانە تەنیا بۆ ترساندنی هەرێمی کوردستانە و دەیانەوێت کوردستان ڕابکێشنە ناو ململاێکەوە کە لایەنی کوردی بە توندی دژایەتی دەکات، ئەوەی بۆچی هێرشمان دەکەن سەر، پرسیارێکە دەبێت لە دەسەڵاتدارانی ئێران بپرسرێت".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکۆنەی تەواوی ئەو هێرشە بێ بیانووانە دەکەن کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە (20)ـی شوباتەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیان (1000) هێرشی درۆنی بووە، گوتیشی، هێرشەکانی (17)ـی ئاب کە نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستنی کردبووە ئامانج، "هەڕەشەی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان".

هەروەها سەبارەت بە کشانەوەی سیستەمی پاتریۆت، مەسرور بارزانی، نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی مەشق و ڕاهێنانی ئەمریکا و گواستنەوەی ئەم سیستەمەی بەگریی ئاسمانیی پێش وادەی (30)ـی ئەیلوول دەربڕی و دەڵێت، "نەمانتوانیوە ئەو سیستەمە کاریگەرانە بەدەستبهێنین کە دەتوانن لەو هەڕەشانە بمانپارێزن، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن؛ کشانەوەی ئەم سیستەمانە دەمانخاتە مەترسییەوە و نامانەوێت بۆشایی ئەمنی بەجێبهێڵێت".

سەرۆکی حکومەت گوتیشی، هەرچەندە هاوکارانی ئەمریکی سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندنی زۆربەی مووشەک و درۆنەکان، بەڵام کوردستان مەترسی لەسەرە و مانەوەی هێرشەکانیش قبووڵ نییە، بۆیە داوای لە هەموو دۆستانی هەرێمی کوردستان کرد هاوکارییان بکەن تا ببنە خاوەنی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، سیستەمی دژەدرۆن و بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین