بە بەشداری (280) بازرگان گەورەترین کۆڕبەندی ئابووری لە هەولێر بەڕێوەدەچێت کوردستانی

نوچە نێت:

لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆڕبەندێکی ئابووری هاوبەش بە بەشداری دوو وڵات لە هەولێر بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێت لە ڕێگەیەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وشکانی هەرێم و ئازەربایجان زیاتر بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (1/9/2026) ئیبراهیم ئاغا گەردی، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر ڕایگەیاند، بڕیارە کۆڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئازەربایجان لە هەولێر بەڕێوەبچێت، کۆڕبەندەکە (20)ی ئەم مانگەی بۆ دەستنیشان کراوە و ئامانج لێی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی هەر سێ لایەنەکەیە، چونکە لە کۆڕبەندەکەدا (130) کەس لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان بەشدار دەبن، لەگەڵ نزیکەی (150) کەس لە بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکانی تورکیا و ئازەربایجان.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر گووتیشی، هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم کۆڕبەندەوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وشکانی لەگەڵ ئازەربایجان زیاتر بکات. چونکە، ڕێگەی وشکانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتە تەنیا حەوت کاتژمێرە و دەتواندرێت لە داهاتوودا پەرە بە بازرگانیی زیاتر بدرێت لە نێوان وڵاتی ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە ماوەی ڕابردوودا پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئازەربایجان بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان سەندووە، بە تایبەتی دوای چەندین سەردانی فەرمیی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ باکۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە. هاوکات تورکیاش وەک گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەمێنێتەوە و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانە دەگاتە چەندین ملیار دۆلار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین