وەزارەتی پێشمەرگە: پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ئەرکی بەغدایە و پێشمەرگەش ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ کوردستانی

نوچە نێت:

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا نیگەرانی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەبێ دابینکردنی سیستمی بەرگری دەربڕی و دەڵێت، "پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە و پێشمەرگەش ئامادەیە بۆ هەر پێشهاتێکی نوێ".

ڕۆژی دووشەممە (2026/09/28) وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ڕۆژی (30)ـی ئەیلوول هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە و ئەمەش دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانانە".

وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا کرد و ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەزار جار ڕووبەڕووی هێرشی درۆنی و مووشەکی بالیستی بووەتەوە و بەشێکیان لەسەر ناوچە مەدەنییەکان کەوتنە خوارەوە، بەهۆی ئەم هێرشانەشەوە چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون، شانبەشانی زیانی  گەورەی ماددی".

هەروەها لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، جێهێشتنی هەرێمی کوردستان لە لایەن ئەمریکاوە لە دۆخێکی ئاڵۆزی ناوچەییدا بەبێ دابینکردنی هیچ سیستمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە و لە هەمان کاتدا ئاسمانی هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە ئاسمانی عێراق، ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی فیدراڵییە و دەبێت بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی پێویستدا لە ئەستۆ بگرێت.

وەزارەتی پێشمەرگە جەختیش لەوە دەکاتەوە و دەڵێت، "وەک چۆن لە ڕابردوودا پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بوون، لە داهاتووشدا بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نوێ ئامادەن و دەتوانن لەگەڵ هەر بارودۆخێکی نەخوازراودا خۆیان بگونجێنن و ڕووبەڕووی مەترسییەکان ببنەوە، هەروەها سوپاسی ئەمریکا و هاوپەیمانانی کرد و ڕێزی لە هاوکاری و پشتیوانییەکانیان گرت لە ڕابردوودا پێشکەشی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەیان کردووە.

هاوکات لە ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، "‌هێزی پێشمەرگە وەک بەشی لە سیستمی بەرگریی عێراق، پەیوەندییەکی دەستووری و ئەمنی پتەوی لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە و لە کارکردنی هاوبەش و هەماهەنگی بەردەوام دەبن، دڵنیاییشی دایە خەڵکی کوردستان کە وڵاتەکەیان لە دەستێکی ئارام و ئاشتیخوازدایە.

جێگەی ئاماژەپێدانە، بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن، بڕیارە تاوەکوە کۆتایی مانگی ئەیلوولی (2026)، زۆربەی هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵێت، ئەم کشانەوەیەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت و لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە جەنگ لەنێوان ئەمریکا و ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران سەریهەڵداوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین