کوردبوون و ئیسلام بیروڕا

نوچەنێت:

لە مێژودا هەردوو کوردبون و ئیسلام دوو پایەی سەرەکی شوناس و داڕشتنی دونیابینی کورد بوون. ئێستا هەردوو ئەم دوانە لە قەیراندان، یان بە ووردی هەردوو بەرەو پەرتبون و هەڵوەشانەوە دەچن. ئەم دۆخە تایبەت و ترسناکە. ئێمە لێرەدا باس لە چیەتی ئەم دوو شوناسە ناکەین، بەڵکو زیاتر جەخت لە سەر هۆکارەکانی هەڵوەرانیان و کاریگەرییەکانیان دەکەین.

سەردار عەزیز

کوردبون یان کوردایەتی گەرچی لە ناو کوردی باشوردا هێندە لە ئاستی فیکریدا قسەی لە سەر نیە، بەڵام لە ناو لێکۆڵەوەراندا چەندین قوتابخانەی جیاواز بونیان هەیە بۆ ڕاڤە کردنیان. ئیدمۆنز لە هەر سەرەتاکانە لە داڕشتی قوتابخانەی پریمۆردیالە، کە بڕوای وەهایە لە کۆنەوە کورد بونیان هەبوە و نیشتەجێی خاکەکەیانن. قوتابخانەیەکی تر کە ڕەخنەی ئەم قوتابخانەیە دەکات قوتابخانەی ئیتنیە، کە لە ئاستی گشتیدا بیرمەندێکی وەک سمس تیایدا ناسراوە، بەڵام لە دۆخی کوردیدا ڤان برۆنسۆن. بە دیدی ئەم قوتابخانەیە کوردایەتی لە شۆرشی شێخ عوبەیداللەوە دەست پێدەکات لە سەدەی نۆزدە.

پاشان مۆدێرنەکان دێن، کە بڕوایان وەهایە بە ئاگابونەوەی کورد بە ئەویتر و خودی، پرۆسەیەکی مۆدێرنە و پاش جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات. یانی ڕوخانی ئیمپراتۆریەت و سەرهەڵدانی دەوڵەتی کۆلۆنیالی پاشان نەتەوەیی لە ناوچەکە، عەباسی وەلی و بۆزئەرسەلان لە بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیەن. هەروەها ناسیونالیزمی کوردی وەک کاری نوخبە، لای هەقان ئوزئۆغلۆ برەوی پێدراوە.

بێئاگایی خەڵکی لەم قوتابخانانە و ئەدەبیاتانە هۆکارێکە لە پشت هەژاری کوردایەتیەوە لە باشور. داڕوخان یان داڕوخاندنی کوردایەتی بە پلان و پرۆسەی ئەنجامدرا. ئیتلاعاتی ئێرانی ڕۆڵێکی کاریگەریی تیادابینی. دیارە ڕوداوەکانی وەک شەڕی ناوخۆ، پاشان نادادپەروەیی لە دابەشکردنی سامانی کوردستان، گەندەڵی، بێبەری بونی بڕێکی زۆر لە خەڵک لە داهات، هۆکارن، بەڵام ئەوەی سەیرە تەنها لە ناو کورددا قەیرانی ئابوری و ئیداری و حوکمڕانی دەبێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی خود. لە هەموو کونجێکی دونیا قەیرانی ئابوری هەیە، بەڵام نابێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی گشتی. یەمەنییەک، بەنگلادشییەک، ئەفغانییەک، لیبیەک، جەزائیرییەک نەفرەت لە شوناسی خۆی ناکات سەرباری تاڵی و خراپی ژیانی. ئەم پێکەوە گڕێدانە، ڕەگی لەو تێزە کۆلۆنیالییە قوڵەدا هەیە کە دەڵێت کورد ناتوانێت حوکمی خۆی بکات.

بەستنەوەی کوردایەتی بە حیزبەوە یارییەکی فێڵبازیانە بوو، کە لە هیچ کوێی دونیادا بونی نیە. حیزب هەمیشە نوێنەری بەشێک لە کۆمەڵگایە، نەک هەموی.

ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە شوناسی کوردبون یان کوردایەتی مایەی کۆبونەوەی کوردنیە، بەڵکو زیاتر مایەی پەرتبونیانە. ئەو شوناسەی تر کە گشتی بوو، ئیسلام بوو. ئیسلام ژیار و بەهاکانی دونیای کوردی دادەڕێژێت. ئیسلامی کوردی، ئیسلامێکی بیرلێنەکراوەیە. دەکرێت بوترێت زیاتر ئیسلامێکی پیادەکراوە. بەڵام بە هاتنی ئیسلامی سیاسی ئەم دۆخە گۆڕا.

هاتنی تیورەکان لە میسر و پاشان سعودیە، ڕودانی شۆرشی ئێرانی وەک روداوێک کە دەوڵەتی ئیسلامی کردە واقیع، هەبونی پارە و پلان لە سعودیە و قەتەرەوە، ئیسلامی سیاسی کردە پرۆژەیەکی گەشەکردوو لە کوردستان. سەرەتا هێزە ئیسلامیەکان وەک هێزی عەلمانی کاریان دەکرد. ململانێکانیان لە سەر بە دەستهێنانی کورسی و پێگە و کاریگەریی بوو. 

بە زۆربونی ئیسلامیەکان کۆمەڵێک دیاردەی سەرنجڕاکێش و کاریگەر ڕویاندا. دروستبونی ململانێ لە سەر شوناسی ئیسلام خۆی، چیەتی ئیسلام و ئیسلامی پاک و ئیسلامی لادەر هاتنە ئاراوە. لە هەمانکاتدا گۆڕانکارییەکی گەورە کە هاتە ئاراوە هێنانی ململانێکانی ناو کایەی ئیسلامە بۆ ناو دونیای کوردی. مرۆڤی کوردی ئاسایی بە ململانێی موعتەزیلە و زەنادیقە و خەواریج و ئەشعەری و پاشان جۆرە جیاوازەکانی سەلەفی و جیهادی و ئیخوانی و نەهزەویی و زۆری تر ئاشنانیە. بەشێکی زۆری ململانێکانی ناو ئیسلام توانای یەکلابونەوەیان نیە، بۆیە لە ئەنجامدا پەرتبونەکان هەمیشەیین.

ڕەهەندێکی تری ئەم دیاردەیە ڕۆڵ وەرگرتنی ئیسلامە لە بواری دەرەوەی دونیای خۆی. ئیسلام دەبێتە ئامرازی جیوپۆلەتیکی، ململانێی زلهێزەکان، سیاسەت، بە دەستهێنانی دەنگ و سۆزی جەماوەر، سەرکەوتنی شەخسی کەسەکان، کۆکردنەوەی سامان و خۆش ژیانی، کۆنترۆڵکردن و وروژانی کۆمەڵگا و زۆر بواری تر. هەموو ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لە سەر چۆنێتی مامەڵە و پەیوەندی لە گەڵ دیندا. لە زۆر ناوەندا، دین ڕۆڵی ڕۆحی و ناکۆتایی و هەمیشەیی لە دەست دەدات و دەبێت کاڵایەک یان شمەکێک لە دونیایەکی بەرخۆردا.

پەرتبونی دین، بەکاربردنی بۆ بواری تر، وەها لە دین دەکات کە پەرت بێت و خاوەنی یەک هەقایەت و دونیابینی نەبێت. لە ئەنجامدا گروپ و فیرقەی زۆری لێ پەیدا ببێت. ئەمەش وەها دەکات نەتوانێت ڕۆڵی چیمەنتۆی کۆمەڵایەتی ببینێت کە بیرمەندێکی وەک دۆرکهایم بە بیری دینی دەدات لە سەردەمی فیوداڵی فەرەنسیدا.

دەکرێت بوترێت کوردایەتی و ئاین جوت پارادایمی گەورەی دونیای کوردی بوون و هەردوکیان بە دەست پەرتەوازەیی و قەیرانەوە دەناڵێنن. دەکرێت ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی زۆر جیاوازەوە ببینرێت. هەروەها بەراوردکردنیان ڕەنگە سودمەندبێت. بۆ نمونە دەوترێت خەتای کوردایەتیە کە کورد دۆخی خراپە یان یەک نیە، بەڵام ئەوەی بە سەر کوردایەتیدا هات، بە هەمانشێوە بە سەر ئیسلامیشدا هات، کەواتە ڕەگی پەرت بوون وەک دیاردەیەک قوڵترە لە دونیای کوردیدا. 

لە ڕاستیدا پێکەوەبون لە شێوازەکانی وەک نەتەوە، دەوڵەت، کۆمەڵگا، هەروەها ئینتەرناسیونال، هەموو پارادایمی مۆدێرنەن. ڕەخنەکانی پۆستمۆدێرنە بە زۆری لە سەر ئەم پێکەوەبونانەن و دەخوازن پەرتیان بکەن. دروستکردنی پێکەوەبون لە ئاستی هاوبەشی، بەرژەوەندی، سود، و زۆر رەهەندی تر، نەبونەتە بەشێک لە ئاگایی سیاسی مرۆڤی کورد، هەروەها زۆربەی کۆمەڵگاکانی ناوچەکە.

دیاردەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی، یان نەمانی پێکەوەیی، دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی و ئاسایشیی و دەرونناسیدا زۆر کاری لە سەر کراوە. مرۆڤ لە کۆمەڵگای پەرتدا مرۆڤێکی دڵخۆش نیە، بە گشتی باوەڕی بە ئەویتر لاوازە، ڕۆژانە لە گەڵ ڕقێکی زۆردا مامەڵە دەکات، هەرگیز ناتوانێت دەزگا و هێز و سەقامگیری بهێنێتە کایەوە. 

بونیادنانی پێکەوەبون لە دونیای ئەمڕۆدا کارێکی ئێجگار سەختە. تەکنەلۆجیا یەکێکە لە هۆکارە ڕێگرەکان. کارەکانی ئەم دوایەی جۆناسان هایدت بە زەقی جەخت لە سەر پەیوەندی سۆشیال میدیا و باری دەرونی و داڕمانی دیموکراسی دەکەنەوە. هەروەها کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر کوالیتی خوێندن، جۆری گفتوگۆ. 

مرۆڤی سەردەمی سۆشیال میدیا پێستی زۆر تەنکە، توانای قبوڵکردنی رای جیاوازی نیە، برێکی زۆری پەیوەندی بە دونیاوە لە سەر سۆز ڕاوەستاوە نەک ژیریی. هەموو ئەمانە وەها دەکەن کە ئاسان بێت گروپی بچوک بچوک پەیدابێت لە سەر بنەمای شەخسی و دژایەتی یەکتر و درێژەپێدانی بۆ مەبەستی دەستکەوتی شەخسی.

یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە لە کاتێکدا کێشەکان زۆر دەبن، بیرمەند و بیری قوڵ و داڕشتنی ڕەوتی سێیەم یان سینتەتیز کە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی دژەکان و هاتنە ئارای نوێ بەرهەم دێت نامێنێت. هەموو بەرژەوەندی هەیە لە درێژەدان بە پەرتبون. لە ڕاستیدا خوێندنەوە و بیرکردنەوە دەبنە دیاردەی نامۆ و سەیر لە دونیای وەهادا.

یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام بەرەڕوم دەبێتەوە کە بە زمانێکی نوخبەوی دەنوسم. وروژانی ئەم پرسە نیشانەی ئەوەیە کە دەبێت بۆ وروژاندن و جوڵاندن و تەعبیئە و ئەو کارانە بنوسیت. ئەمەش خەسڵەتی کۆمەڵگای بیرنەکەرەوەیە. 

بە پوختی لە کاتێکدا ئێمە هەموو بنەما هاوبەشەکانمان لە دەست دەدەین، دۆخێک دێتە ئاراوە کە توانای ئەوەشمان لێدەسێنێتەوە کە بتوانین بیرێکی نوێ یان هاوبەشی نوێ بەرهەم بهێنین. سەردەمێک وەها دەبینرا کە هاتنی تەکنەلۆجیا نەک دەتوانیت لە بەشێک لە کوردستان بەڵکو دەتوانیت بە سەر سنورەکانیشدا زاڵ بێت، کەسێکی وەک ئەمیری حەسەنپور، چەمکی گەلی سەتەلایتی داهێنا لە ژێر کاریگەی مێدتیڤی ئەو سەردەمەدا. بەڵام ئێستا تەکنەلۆجیا لە هەموو شتێک زیاتر، نەک هەر ئێمە بەڵکو کۆمەڵگایەکی زەبەلاحی وەک ئەمریکای داغانکردوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین