ئەمەریکا بەرامبەر هەژموونى حوسییەکان لە یەمەن چۆن بیر دەکاتەوە؟ وەرگێڕان

نوچەنێت:

وەرگێڕانی: سنور یاسین

ئەگەرچی واشنتۆن لە دەریای سوور لە شەڕدایە، بەڵام شیکەرەوەیەک هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (یەمەن) ئاسان نابێت بۆ شکاندن.

دوای هێرشی هاوپەیمانێتیی عەرەبی بە سەرکردایەتی و پاڵپشتی ڕۆژئاوا، یەمەن لە (2015) وە وڵاتێکی ئاڵۆزە و جەنگ بوونی هەیە لەو وڵاتە. ئامانجی هێرشکردنە سەر یەمەن کۆتایی هێنان و نەمانی دەسەڵاتی حوسییەکان بوو کە بە فراوانی لە یەمەن بڵاوبوونەتەوە و پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ ئێراندا هەیە، ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمەریکا ئەمە بە مەترسی دادەنێت. هەرچەندە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە ئاگربەستێک کراوە لە نێوانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، بەڵام شەڕ لە یەمەن بەردەوامی هەیە.

لە بارەی هێرشەکەی (15)ی کانوونی یەکەمی (2023) کە هێرشکرایە سەر کەشتى ئەمەریکا و کاراکتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەلایەن حوسییەکانەوە. حوسێن ئەل بوخایتی، شیکەرەوەیەکی یەمەنییە و لە سەنعا نیشتەجێیە دەڵێت، ئەو هێرشانە پەیوەندیدارە بە گرژی و ئاڵۆزییەکان کە لەلایەن ئیسرائیل و هاوپەیمانییەتییەکانی لە ئارادایە. هێرشەکان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکان، ژێر دەریایی، و کەشتییە ئەمەریکی و بەریتانییەکانەوە ئەنجامدراون و ئامانجیان ژێرخانە گرنگ و پێوستییە سەربازییەکانی حوسییەکان بوون، ئەو گرووپە ئیسلامیانەی کە بەشێوەیەکی فراوان لە یەمەندا بڵاو بوونەتەوە، لایەنگری ئێرانن، هەروەها ئەمەریکا و ڕۆژئاوا بە گرووپە توندڕەوەکان ناویان دەبەن.

هێرشەکان بۆ سەر یەمەن دوای چەند مانگێک نانەوەی پشێوی دێت لە لایەن حوسییەکانەوە کە دەیانگرتە بەر بەرانبەر ئەو کەشتیانەی کە بە گەرووی باب ئەل مەندەب دا تێدەپەرین و دەریای سوور بە زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. بەهۆی هەراسانکردنی کەشتییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە دۆخی ئابووری و بازرگانی تێکچوو بوو لە ناوچەکەدا و کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بازرگانەکان ئامادە نەبوون بەو ڕێگایەدا هاتووچۆ بکەن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی بۆ سەر بازرگانی تا دەهات زیاتر دەبووەوە و نرخی کەلوپەل بەرزدەبووەوە. ئەمەریکاش مەبەستی بوو دۆخەکە ئەرێنی بێت و کاریگەرییە نەرێنییەکانی بازرگانی بگۆڕێت، بەڵام لە بەرانبەردا حوسێن ئەل بوخایتی، شیکەرەوە یەمەنییەکە دۆخی ئابووری وەک ئامانجی هێرشەکان ڕەتدەکاتەوە و پێی وایە ئەم هێرشانە بەلاڕێبردنی کوشتاری و کۆمەڵکوژییەکانی غەزەیە و ئەمەریکا دەیەوێت ئەو تاوانانەی ئیسرائیل دەیکات و بەردەوامە لە ئەنجامدانی بەو هێرشانە کاڵ بکاتەوە و تەرکیزی جیهان بگۆڕێت.

لە (7) ی تشرینی یەکەمی (2023) وە ئیسرائیل و غەزە لە جەنگدان و تەنیا هاووڵاتیانی سڤیل لەم شەڕەدا بوونەتە قوربانی. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لە ماوەی (100) ڕۆژی جەنگەکەدا ئیسرائیل چەندین بنکەی سەربازی لە فەڵەستین کردووتە ئامانج، کە مەبەست لێی نەهێشتنی سەربازانی حەماس و گرووپە ئیسلامییەکانن، ئیسرائیل زیاتر لە (9,000) سەربازی لە فەڵەستین کووشتووە، زیاتر لە (23,000) هاووڵاتی سڤیلی فەڵەستینی بەدەستى ئەوان بوونەتە قوربانى، هەروەها قەیرانی زۆر گەورەی دروست کردووە. وەک خەمڵێندراوە یەک لەسەر چوارى هاووڵاتییانی غەزە کە (2.2) ملیۆن لە دانیشتووان دەکات بە دەست برسییەتییەوە دەناڵێنن،  تەنیا (%4) دانیشتووان دەستیان دەگات بە ئاوی پاک کە شیاو بێت بۆ خواردنەوە و ئەوانی تر توانای دەستکەوتنی ئاوی پاک و شیاویان نییە بۆ خواردنەوە. ئەمە جگە لەوەی دەرمان، خزمەتگوزارییەکان، پێداویستییە سەرەکییەکان، و چەندین پێویستی تر هەر بوونی نییە. 

ئەل بوخایتی دەشڵێت، ناکرێت وڵاتان تەنیا سەیری تاوانکارییەکان بکەن کە ئیسرائیل بەرانبەر فەڵەستینییەکان دەیکات، بۆیە بڕیار درا لە پێناو گەلی فەڵەستین دەستێوەردان بکرێت و تەنیا تەماشاکەر نەبین. ئەو شیکەرەوەیە دەشڵێت خەڵکانێکی زۆر دەپرسن بۆ پێویستە دەستێوەردان بکرێت کاتێك فەڵەستین لە جوگرافیا دوورە لێتانەوە و سنووری جیاوازی هەیە پێویست ناکات ئێوە دەستێوەردان بکەن، بەڵام بە نموونەیەک وەڵامیان دەدەمەوە و دەڵێم ساڵی (1939) کاتێک ئەڵمانیای نازی پۆڵەندای داگیر کرد، بەریتانیا جەنگی ڕاگەیاند دژی ئەڵمانیا لەبەرانبەر داگیرکردنی پۆڵەندا، لە کاتێكدا وڵاتەکە چەندین میل دوور بوو لە لەندەنەوە، چونکە ئەوەی گرنگە بنەمای ڕەوشت و مرۆڤایەتییە دووری و نزیکی لە سنوور گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە ئێمە ناتوانین شکۆمەندیمان لە دەست بدەین و تەنیا سەیری وێرانکاری و کۆمەڵکوژییەکان بکەین کە ڕوو دەدەن.

ئەو دەستێوەردانە بە دڵنییاییەوە زیانی دەبێت بۆ حوسییەکان کە لە (2015) لە یەمەن بڵاوبوونەتەوە، وڵاتانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە و ئیمارات لە شەڕدان لەگەڵ حوسییەکان، چونکە بە لایەنگری توندڕەوی ئێرانی دەزانن و حوسییەکان بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی خۆیان هەژمار دەکەن. لە شەڕی (2015) وە تا (2021) شەڕی یەمەن و وڵاتانی عەرەبی زیاتر لە (150) هەزار کەس کوژراوە ، هەروەها بەهۆی برسییەتی و تینوو بوون، هەژاری، ئاوارەبوون، زیاتر لە (200) هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە. ئەگەرچی لە ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە چەک داندراوە و دەتواندرێت بگوترێت ئاگربەستێک لە ئارادایە، بەڵام ئەو هێرشانە ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی مەترسی نانەوەی پشێوی و سەرهەڵدانەوەی شەڕ. لە ئەگەری بەرپەرچنەدانەوەی ئەو هێرشانەش شێکەرەوەکە دڵنیایە لەوەی کە یەمەن ناوی دەچێتە ناو مێژوو، چونکە یەکەم وڵاتە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی کەشتی ئەمەریکی نقووم بکات یان زیانی پێبگەیەنێت. 

لە بارەی کاردانەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، دانی بە هێرشکردنەسەر کەشتی ئەمەریکی دانا و گووتی، بەڵێ هێرشکراوەتە سەر کەشتییەکان و دڵنیابن لە داهاتوو هەموو هێرش و پەلامارێک کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە، تەنیا کات بڕیار لەسەر جەنگ دەدات، بەڵام دڵنیا بن ئەمەریکا و بەریتانیا دۆڕاون و لەمەودوا بەردەوام یەمەن شوێنی وەڵامدانەوەی هەر پەلامار و هێرشێک دەبێت و دوژمنان جێگایان لە یەمەن نابێتەوە، وەک پێشتر نەیانتوانیوە بوونیان هەبێت لە یەمەندا. 

حوسێن ئەل بوخایتی، شیکەرەوە سیاسییە یەمەنییەکە پێیوایە بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییە کۆتاییان بێت و پەل نەهاوێژن بۆ وڵاتانی تری جیهان جەنگ کۆتایی بێت، پێویستە دوو خاڵی گرنگ و سەرەکی لەبەرچاو بگیرێت و بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت، یەکەم هەنگاو بریتییە لەوەی کە پێویستە ڕۆژئاوا واز لە دەستێوەردان دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکە بهێنێت، دووەمیان دەبێت هەرچی زووە ئیسرائیل کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ غەزە بهێنێت و ئەو کوشتاری و کارەساتە جەرگبڕانە ڕابگرێت. 

داواکاری هەموو جیهان، ڕێکخراوە ناحکومییەکان، هاووڵاتیانی سڤیل ئەوەیە کە گەماڕۆکان لەسەر غەزە هەڵبگیرێت و شەڕ کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن دەستیان بگات بە ئاوی خواردنەوە، خۆراک، دەرمان، خزمەتگوزارییەکان، پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بۆ ئەمەش پێویستە گوێ لەو داواکارییانە بگیرێت لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە و بە پاڵ داواکاری هاووڵاتیان بچن، لە ئەگەری گوێنەگرتن لەو داواکارییانە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکەونە ژێر پرسیاری گرنگ و سەرەکی ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەوان سەتەمکارن یان دیموکراسین؟ بێگومان تا ئەو داواکاری و مەرجانە جێبەجێنەکرێت یەمەن بێ دوودڵی بەردەوام دەبێت لە کاردانەوەکانی بەرانبەر هێرشەکان. 

نووسینی: ئێلیزابێس بلەید

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئاڕتى ڕووسى

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین