وڵاتێک لە یاسای قەدەغەکردنی خەتەنەی کچان پاشگەز دەبێتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

پەرلەمانتارانی گامبیا دەنگیان بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە، دا کە لە ساڵی 2015 دا پەسند کرابوو. لە ئەگەری تێپەڕاندنی خولی کۆتایی دەنگدان، گامبیا دەبێتە یەکەم وڵات، کە یاساکانی لە دژی خەتەنەی مێینە هەڵدەوەشێنێتەوە.

رۆژی دووشەممە (18/ئادار/2024) پەرلەمانی گامبیا،  بە 42 دەنگی بەڵێ و تەنیا 4 دەنگی نەخێر، دەنگیان بۆ پڕۆژە یاسای "هەڵوەشاندنەوەی قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە" داوە.

ئەم وڵاتە بچووکەی رۆژئاوای ئەفریقا، لە ساڵی 2015 سزای زیندانیکردنی بۆ ئەو کەسانە دیاریکرد، کە خەتەنەکردنی مێینە ئەنجام دەدەن، کە بە "ئێف جی ئێم" ناسراوە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا لە گامبیا، سەرەڕای هەڵمەتەکانی چالاکانی مافی ژنان، خەتەنەکردن لە زیادبووندایە.

گامبیا، وڵاتێکی زۆرینە موسوڵمانە، یەکێک لە ئیمامەکانی گروپێکی ئیسلامی، یەکەم کەس بوو خەڵکی لە دژی پێبژاردنی ئەم سزایە هاندا و بانگەشەی ئەوەی کرد، کە خەتەنەکردنی مێینە ئەرکێکی ئایینییە.

شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ، پارێزەران و چالاکانی مافی ژنان و کچان دەڵێن، هەڵگرتنی قەدەغەکردنەکە، دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی ئەو هەموو هەوڵانەی کە چەندین ساڵە بۆ کۆتاییهێنان بەو کارە، کە لەسەر کچانی تەمەن پێنج ساڵ و بچووکتر ئەنجام دەدرێت.

کۆبوونەوەی خۆپیشاندەرانی گامبیا لە دژی پڕۆژە یاسای لادانی قەدەغەی خەتەنەکردنی کچان، بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لە پڕۆژە یاساکە،  رەوانەی لیژنەیەک کرد. پێدەچێت لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بۆ دەنگدا بگەڕێتەوە ناو هۆڵی پەرلەمان.

ئەگەر دواجار پڕۆژە یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت ئاداما بارو، سەرۆک کۆماری گامبیا واژۆ بکات و ببێتە یاسا.

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، خەتەنەکردنی مێینە هیچ سوودێکی بۆ تەندروستی نییە و دەتوانێت ببێتە هۆی خوێنبەربوونی زۆر، شۆک، کێشەی دەروونی و تەنانەت مردنیش.

یونیسێف لەم مانگەدا رایگەیاند، کە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا نزیکەی 30 ملیۆن ژن لە جیهاندا خەتەنە کراون، کە زۆربەیان لە ئەفریقا و هەندێکیشیان لە ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین