ئەم بەهارە زۆرترین خواست لەسەر لەبەرکردنی جلی کوردی هەیە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

جلی کوردی ئەو جۆرە جلوبەرگەیە کە بەشێکی گرنگی کلتوری کوردییەو تایبەتە بە نەتەوەی کورد، ئاو و هەوا و جوگرافیا کاریگەری لەسەر شێواز و دیزاینی جلوبەرگەکە هەیە و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بە پێی جوگرافیا دیزاینیان جیاوازە.

سروwشتی کوردستان ڕەنگا و ڕەنگەو لە بەهاراندا بە تایبەت دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە، بەرگدروویەکی جلی کورەتان دەڵێت" ڕەنگاو ڕەنگی جلی کوردی لە سرووشتی کوردستانەوە وەرگیراوە".

هەڵاڵە محەمەد، خاوەنی پەیجێکی ئۆنلاینە بۆ فرۆشتنی جلی کوردی، لە بارەی خواستی کڕین و بەکارهێنانی جلی کوردی لە ئەمساڵدا بە گەرموگوڕ دەزانێت" هەستدەکەم بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەمساڵ زۆرترین خواست لەسەر جلی کوردی هەیە. لە مانگی یەکەوە ئەمساڵ ئامادەکاری بۆ کڕینی جلی کوردی بۆ بەهار کردووە".

پەیجی خاتوون، پەیجێکی ئۆنلاینەو خانمێک فرۆشیاری قوماشی جلی کوردییە لە سلێمانی، سارا، خاوەنی ئەم پەیجەیە و بە پێچەوانەی هەڵاڵە دەڵێت" ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو خواست لەسەر کڕینی قوماشی جلی کوردی کەمتربوو، ئەمەش بەهۆی بارودۆخی دارایی خەڵک و دواکەوتنی موچەوەیە".

لە بارەی ئەو پرسیارەی کە ئایا کام ڕەنگ لە ئەساڵدا زۆرترین کڕینی لەسەر بووە، هەڵاڵە گوتی"هەموو ڕەنگەکان دەفرۆشرێن، بەڵام زۆرترین ڕەنگی سوروزەرد لای من خواستی لەسەربوو، چونکە خەڵک ئێستا ڕەنگە زۆر زەق و جیاوازەکان پێکەوە دەگونجێنێنن".

سارا گوتی" خانمان زۆر خوازیاری ڕەنگی ڕەشن تەنانەت لە بۆنەکانیشدا، بەڵام ئەمساڵ ڕەنگەکانی شەرابی  وپەمەییش خواستیان زۆر لەسەربوو".

سەبارەت بە نرخی قوماشەکان، هەڵاڵە ڕوونیدەکاتەوە کە “ نرخ بە پێی داواکاری خانمانە، کراسمان هەیە لە پێنج هەزارەوە تا پێنج سەد هەزار دینار، هەموو قوماذشەکانیش جوانن و هەمووی کڕیاری خۆی هەیە”. سارا ڕونیدەکاتەوە"ئێمە ڕەچاوی دۆخی دارایی خەڵکمان کردووە بۆیە هەوڵمان داوە بە نرخی گونجاو کاربکەین و ئەو بابەتانە بخەینەڕوو کە نرخیان گونجاوە، کراسمان هەیە لە پێنج هەزار دینارەوە تا چل و پێنج هەزار دینار".

ساڵانە ڕۆژی10ی مارس، لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژی پۆشینی  پۆشاکی کوردی تەرخانکراوە. لەمڕۆژەدا لە سەرجەم فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان جلی کوردی دەپۆشرێت، شێلان ئەحمەد، بەرگدروویەکی ئافرەتانە سەبارەت بە خواستی دوورینی جلی کوردی دەڵێت" هەمیشە لە وەرزی بەهاردا جلی کوردی خواستی لەسەربووە، بەڵام لەوکاتەوە ڕۆژێک بۆ پۆشینی جلی کوردی تەرخانکراوە، ئەمساڵ لە نیوەی مانگی یەکەوە نۆرەی دوورینی جلی کوردی گیراوە تاکو فریای 10ی مانگ بکەوێت، دواتر بۆ جەژنی نەورۆز بە هەمان شێوە، ئێستا خەڵک بۆ زۆربەی بۆنەکان جلی کوردی دەدوورێت". لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە خواستی خەڵک زیاتر لەسەر کامە ڕەنگە گوتی " ئەمساڵ خەڵک جلی ڕەنگاو ڕەنگ پێكەوە لەبەردەکات، ئەم ڕەنگاوڕەنگییە لە سرووشتی جوانی کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە".

هەوار محەمەد، دیزاینەری جلی کوردی و خاوەن براندێكی جلی کوردی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "ئێمە کار بۆ زیندووڕاگرتنی پۆشاکی نەتەوەیی و ڕەسەن دەکەین، توانیومانە وابکەین کە خەڵك خواستنی لەبەرکردنی جلی کوردی بکات لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا یانیش لە ڕۆژانی ئاساییدا".

وەنەوشە عەلی، کچێكی گەنجە قۆناخی دووەمی زانکۆیە، ئەو دەڵێت" چەند ساڵێک خەڵک لە لەبەرکردنی جلی کوردی دوورکەوتبووەوە، بەڵام لە ئێستادا هەموان حەزدەکەن تەنانەت لە ڕۆژانی ئاسایشدا جلی کوردی لەبەربکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی پۆشاکی نەتەوەییمان".

جلی کوردی ئافرەتان، بریتییە لە کەوا، هێلەگ، سەڵتە، کراس، کەوا، کۆڵوانە و کڵاوولاگیرە.

جلی کوردی پیاوان، بریتییە لە شەرواڵ، کەوا و سەڵتە، فەقیانە، پشتێن، چۆغە و جەمەدانە.

جلی هەردووکیان بە پێی ناوچە جیاوازی بەسەردا دێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین