ساڵێک بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تێپەڕى کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

دوای ساڵێک تێپەڕ بوون بەسەر ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، ڕاگرتنەکە تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە و زیانی زۆری ماددی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە (24/ئادار/2024) ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاویکردەوە، "ساڵێکە بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس فرۆشتنى نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا، لە ئێستادا هیچ پێشهاتێکی نوێ نییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە کردنی نەوتەکە ئەگەرچی کاریگەری کردووەتە سەر خواست و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە بۆ هەرێم و عیراق".

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR) دەڵێت، "ڕاگرتنی هەناردە کردنی نەوتەکە بە نزیکەی (450) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێندرێت و ڕێگری کردن لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی لەدەستدانی نزیکەی (11-12) ملیار دۆلار بۆ عێراق.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (APIKUR) ڕاشیگەیاند، "بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەوە کاریگەری نەرێنی زۆر بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە هەرێم دا دروست بووە، زیاتر لە (1.5) ملیار دۆلار زیانمان پێگەیشتووە".

ئەگەرچی چەندین کۆبوونەوە و ڕێككەوتنیش کرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا نە کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، نە حکومەتی هەرێمی کوردستان، نە بەغداش لایان ڕوون نییە کەی هەناردە کردنەوەی نەوت دەستپێدەکاتەوە بەهۆی چەندین فاکتەرەوە لەوانە جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی، بۆچوونی ئاشکرای تورکیا سەبارەت بە بابەتەکە.

ڕۆژی (2023/3/25) دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی دا بۆ بەندەری جەیهان و دواتر گەیشتنی بە بازاڕەکانی جیهان، ئەنقەرە و بەغدا هەر زوو پابەند بوونی خۆیان بە بڕیارەکە دووپات کردەوە و هەناردە کردنی نەوت ڕاگیرا. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین