لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکدەهێنێت کوردستانی

نوچەنێت

لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لێژنەیەکی تەکنیکی پێکدەهێندرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.

ڕۆژی شەممە (27/نیسان/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، "محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕێنمایی داوە بۆ پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر". 

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕاشیگەیاند، "سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەین، پێمان وایە ئەم هێرشە زیان گەیاندنە بە ژێرخانە ئابوورییەکان و پێویستە تاوانباران سزا بدرێن. هێرشە درۆنییەکان مەترسین بۆ سەر پێشکەوتن و دەستکەوتەکان بۆیە پێویستە کۆتاییان پێنهێندرێت".

سەرۆک نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین وڵاتانی دەرەوە و یونامی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کرد.

جێگای ئاماژە پێدانە دوێنێ ئێوارە (26/4/2024) بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی شەهید بوون، هەروەها هێرشەکە بریندار بوونیشی لێکەوتەوە، زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوت و تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین