کۆبوونەوە مێژووییەکەى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و ئەردۆغان لە هەولێر لە میدیا تورکییەکاندا شیکاری

نوچەنێت

ئامادەكردنى دنيا ئەحمەد

رۆژى (22)ى مانگى رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەدوای سەردانەکەی بۆعێراق، سەردانی هەولێریشی کرد، کە لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بە رێوڕەسمێکی تایبەت پێشوازی كرا، دواتر  سەرۆک کۆمارى تورکیا لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى و مسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانى حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 

ماڵپەری (T24) لە ڕاپۆرتێکدا باس لە سەردانەکەی سەرۆکى تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمى کوردستان دەکات، لە ڕپۆرتەکەدا هاتووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا دوای (١٢) ساڵ جارێکی دیکە سەردانی عێراقی کردەوە، یەکەمجار سەردانی بەغداى کرد، پاشان گەیشتە هەولێر، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیى هەولێر بە ڕێوڕەسمێکی تایبەت لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانى حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.

لەکۆبوونەوەکەدا باس لەچی کراوە؟ 

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەکۆبوونەوەکەى هەولێر لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆک وەزیرانى حکومەتى هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، زۆر دڵخۆشە کە دەبینێ عێراق دووردەکەوێتەوە لە توندوتیژی، وە لێرە بدەواوە دەبێت پرسی پەکەکە لە بەرنامەی کار لاببردرێت و بەیەکەوە گرینگی بە شەڕی دژی تیرۆر بدەن، وەک خۆى ڕایگەیاندووە، "بۆ ئەمەش بڕیارمانداوە هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان بگەیننە ئاستێکی تر."

سەرۆکی تورکیا راشیگەیاندووە، کە چەندین دەقی یاسایی و یاداشتى لێکتێگەیشتنى فرەلايەنى لەگەڵ بەرپرسانی عێراق واژۆکردووە، ئەم لێکتێگەیشتانە ڕوانگەی هەرێمی کوردساتانیش دەگرێتەوە، لێرەدا بە هەموو جیهانمان راگەیاند، کە ڕێڕەوی گەشە کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆکراوە، سوودی بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، دەبێت هەردوولا بەبێ دەست تێوەردانی لایەنی سێیەم دانوستاندن ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بکەن.

سەرۆکی تورکیا لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە دەیانەوێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان باشتریان هەبێ، هەروەها پێویستە بە زووترین کات دەروازەی سنووری (ئۆڤاکۆ- بيشخاپوور) بکرێتەوە و رێگە بە تێپەربوونی ئۆتۆمبێل بدرێت لە دەروازەی دێریچیک – زێتی. 

بەپێى ڕاپۆرتەکەى ئەو ماڵپەڕە تورکیە لەدوای ئەم وتانە، کۆبوونەوەى سەرۆکى تورکیا لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەداخراوی ئەنجامدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ کراوە.

لەلایەکی تر ماڵپەری (DW) تورکی بڵاویکردەوە، لەکاتی سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پۆستێکی بەزمانی تورکی لە لاپەرەی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و سەردانەکەی بە مێژووی وەسف دەکات و رایگەیاند، "لە ئێستادا بەغدا و هەولێر لە قۆناغێکی هەستیاردان سەردانەکەی سەرۆک ئەردۆغانیش لەوکاتەدا سەردانێکی مێژووییە." 

سەرۆکی هەرێم لەپۆستەکەشیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، "پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری زۆرگرینگە، زۆر دڵخۆشم بەسەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بۆ هەولێر دەمانەوێت پرسەکانی ئاشتی و ئابووری و سەقامگیر و گەشەپێدان تاوتوێ بکەین." 

هەر سەبارەت بە سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ هەرێمى کوردستان، ماڵپەری (ahabar)ـى تورکى ئاماژە بەوە دەکات، دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەکانى سەرۆک کۆمارى تورکیا لە هەولێر، لەلایەن سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئێوارە خوانێکی تایبەت بۆ سەرۆکی تورکیا ئامادەکراوە و بۆ نانخواردنى ئێوارە میوانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى بووە.

هاوکات ماڵپەری (میللەت)ى توركى بڵاویکردۆتەوە، سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە تورکمانەکانیش ڕایگەیاندووە، پێموایە دەبێت پێگە و ماف و بەرژەوەندیی تورکمانان لە ناوچەکە، بەتایبەت لە نوێنەرایەتی سیاسی پارێزراو بێت. 

سەرۆکی تورکیا لەچوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک مسعود بارزانی کۆبووەوە، ئەو ماڵپەڕە دەڵێت، کۆبوونەوەى سەرۆک بارزانى و ئەردۆغانبە  داخراویی و دوور لەچاوی کامیراکان لە کۆشکی سەرۆکایەتی هەرێمى هەرێمى کوردستان ئەنجام دراوە. 

ماڵپەری (میللەت) سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆکی تورکیا لە کاتی گەرانەوەی بۆ تورکیا بۆ بڵاویکردەوە، ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، "لەدوای بەغدا سەردانی هەولێرمان کرد لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی حکوومەتى هەرێم کۆبوونەوەی زۆر بەرهەمدارمان ئەنجامدا، بەبۆنەی سەردانەکەمان بۆ هەولێر، زۆربەى شوێنەکانى ئەو شارە بە ئاڵای وڵاتەکەمان ڕازێنرابووەوە، بەراستی کاریگەریی لێکردین، بۆ جارێکیتر دەرفەتمان بۆ ڕەخسا دۆستایەتی و دڵسۆزی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان ببنین، ئیرادە و هاوکاری ئێمە بەردەوامە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لەو هەنگاوانە کرد، کە دەبێت بەرامبەر بە هەرەشەکانی پەکەکە بگرینەبەر، چونکە هەماهەنگییەکان دەبێتە هۆى سەرکەوتنێکی هەمیشەیی گرینگ بۆ ئاسایشی ناوچەکە، لەلایەکیتر تاوتوێى پرسى ئابووری و وزە وگواستنەوە و بازرگانی و وەبەرهێنانی تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین