توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: کوشتنی ئافرەتان پەیوەندی بە سەرلێشێواوی خێزانەکانەوە هەیە دیمانە و راپۆرت

لاڤین عومەر: نوچەنێت

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە 23 ئافرەت لە هەرێمی کوژراون، سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی ئافرەتان دەڵێت: پەروەردە و ژینگەی توندوتیژ رۆڵی هەیە، توێژەرێمی کۆمەڵایەتی رایوایە: ئێمە فەرهەنگی گفتوگۆمان لاوازە.

دکتۆرە ڤیان سلێمان، سەرۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بەزیادبوونی رێژەی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، دەڵێت " ئێمە بەشی راوێژکاری کۆمەڵایەتی خێزانیمان هەیە، یەکێک لە کارەکانیان ئەوەیە کە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیس  و تاوانانە خێزانیانە دەکەن کە بەرامبەر بە ئافرەتان دەکرێت. وەکو یەکێتی ئافرەتان ئەو تاوانانە ئیدانە دەکەین و قسە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، چونکە کار کردنی ئێمە ئەوەیە بەردەوام بین لەسەر بڵاو کردنەوەی هۆشیاری، هۆشیاری لەسەر ئەوەی کە ئەمە جیهانێکی هاوبەشە و نابێت توندوتیژی تێدا بکرێت توندوتیژی چارەسەر نییە، ئەو چەمکە هەڵانە دەبێت بگۆڕدرێن".

لەبارەی هۆکاری کێشەکان دکتۆرە ڤیان رایوایە" هۆکارەکە کێشەی کۆمەڵایەتییە و سیستەمی پیاو سالاریی بەسەر جومگەکانی تەواوی خێزانیدا زاڵە، ئەوە یەکێکە  لەو هۆکارە سەرەکیانە بەڕاستی بەبێ ئەوەی مرۆڤ سالاری هەبێت نەک پیاو سالاری و کێشەکەی تریش ئەوەیە کە هاوسەرەکان خۆیان بە موڵکی یەکتر دەزانن نەک هاوبەشی ژیانی یەکتر لێرەدا ئەو کێشانە سەر هەڵدەدات بۆیە دەبێت ئیشی لەسەر بکرێت، بەشێكیشی بۆ کەلتوور و بەشێکیشی بۆ پەروەردەی خودی تاکەکان دەگەڕێتەوە. واتە ئەمە چەند رەهەندییە خودی تاک کە دەڵێم خودی تاک هەردوو رەگەز دەگرێتەوە تێگەیشتی ئافرەت و پیاو بۆ چەمکەکانی خێزانی و بابەتی پەیوەندی هاوسەرێتی پەیوەندی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان، ئەو ژینگەیەش کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بیروباوەڕەکان، ئاین و کەلتور کە خۆی لە بەشێکی باڵا دەبینێتەوە بە دەستنیشانکردنی رۆڵەکانی ئافرەتان و پیاوان لە ژیانی هاوسەرێتیدا".

ڤیان سلێمان: ژینگەی تاوانباران رۆڵی هەیە

ڤیان سلێمان هەر لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ئافرەتانەوە دەڵێت" ئەو دەزگایانەی کە پەیوەستن  بە پەروەردەکردنی خەڵک و ئامادە کردنیان چونکە پەروەردە رۆڵێکی کاریگەری هەیە و رۆڵی راگەیاندنەکان لەم بابەتەدا زۆر گرنگە، لە بەرەنگار بوونەوەو بڵاوە پێکردنی بیروباوەڕەکان ئەمانە هەمووی لەگەڵ خودی هەڵسوکەوتی کەسەکەش گرنگە، کە ئەو کەسە ژینگەی تا چەند توندوتیژە ئەو چۆن پەروەردە بووە، بۆی هەیە ئەو کەسەی هاوسەرەکی خۆی دەکوژێت بەیانی و دووبەیانی بۆی بڕەخسێت لەدەرەوەی ماڵەکەی خۆشیدا لەگەڵ کەسێکدا دەمەقاڵێی بێت بۆی هەیە ئەویش بکوژێت، بەگشتی تاوان زیادی کردووە کە ئەمەش بەڕاستی چەند هۆکار دەگڕێتەوە، ناسەقامگیری سیاسی قەیرانەکانی یەک لەدوای یەک ئەو هێزو بارەی تاکەکانی کۆمەڵگا هەموو ئەوانە هۆکارن بۆ ئەوەی رێژەی تاوان زیاد بکات".

سەبارەت بە سزای بکوژانی ئافرەتان ڤیان سلێمان دەڵێت" ئێمە یاسای بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانیمان هەیە بۆ کوشتن بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان تاوانە و تاوانبار دەگیرێت و سزا دەدرێت لە راستیدا، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە دەزگا پەیوەندی دارەکان لە وەزارەتەکان بە ئەرکی خۆیان هەستاون تاوانبار دەسگیر دەکەن رادەستی یاساو دادگای دەکەن".

لانە ئامانج: سزای بکوژانی ئافرەت لە سێدارەدانە بەڵام جێبەجێناکرێت

لانە ئامانج پارێزەر، دەربارەی سزای یاسایی بکوژانی ئافرەتان گوتی "هەرکەسێک کە ئافرەت دەکوژێت بەپێی ماددەی (406) سزادەدریت، ئەو ماددەیە ئەوەیەکە کە پێشتر خۆی بۆ کوشتنی ئەو ئافرەتە ئامادە کردووەو کوشتویەتی سزاکەشی لە سێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سزای لە سێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، کەواتە سزای هەتا هەتایی بۆ دەردەچێت و لەسەری دەسەپێندرێت، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسوکاری ئافرەتەکە تەنازولیان بۆ کرد کەواتە سزاکەی کەم دەکرێتەوە و دەبێتە حکومێکی (15-20) ساڵ، ئەوە جگە لەوەی لێبوردنی گشتی نایان گرێتەوە".

هێمن رەفیق، نوسەرو توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ئافرەتان گوتی "بەبڕوای ئێمە ئەو گۆڕانکاریانەی رووی لە کۆمەڵگای ئێمە کردووە لە بواری ( ئابوری، تەکنەلۆژیا و سیاسی) هەموو ئەوانە وایکردووە جۆرێک لە ئاڵۆزی دروست ببێت، ئەو توڕەبوونە زۆرەی لە ناو خێزان هەیە وایکردووە کە ئێمە نەتوانین لە یەکتربگەین، کە ئێمە لەیەکتر نەگەین بەیەکتریش ناگەین، بۆیە ئەو کێشانەی کە لەناو خێزان دروست دەبن، بەشێکی ئەوەیە کە بڕوامان بە گفتوگۆ و یەکلاکردنەوەی کێشەکان نییە بەزمانی مرۆڤانە، خۆشەویستی، بۆیە کێشەکان دروست دەبن ئاڵۆز دەبن، بەداخەوە دیاردەی کوشتن بەرلەوەی دیاریدەیەکی کوردستانی بێت، دیاریدەیەکی جیهانییە و لە کۆمەڵگاو کەلتورەجیاوازەکان دەبینرێت و هەستی پێدەکریت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەم ماوەی دوایدا رووی لە زیاد بوون کردووەو ترسناکە، ئەوە زەنگێکی مەترسیدارە کە پێمان دەڵێت بەڕاستی بە هەموومان پارێزگاری لە شکۆی خێزان بکەین، چونکە ئەو کوشتنانەی کە بەناوی شەڕەف و بەناوی خێزان دەکرێت بەداخەوە هیچ ئەنجامێکی ناپێکێت، چونکە لە پشتی هەموو کوشتنێک پەشیمانی هەیە، چونکە سەر لێشێواوی و تێکچونی خێزان هەیە، زمانی کوشتن زمانی چارەسەر نییە، ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئاشتەوایی خێزانی و کۆمەڵایەتی، بۆ رێکخستنەوەی جارێکیتری پەیوەندییەکان".

خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەمیشە ئافرەت رەمزی شەڕەف بووە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ئەمە وایکردووە ئەم حاڵەتە بەجۆرێک لە جۆرەکان خراپ بشکێتەوە بەسەر ئافرەتدا، ئافرەتی کورد باجی هەڵەی پەروەردەی خێزان و پیاوەکان بدات، بۆیە بە بڕوای من ئەو ئافرەتانەی کە رووبەڕووی مەرگ و کوشتن دەبنەوە ئەگەر دیوێکی بابەتی شەڕەف بێت دیوێکی تری هەڵە بەکار هێنانی ئازادی و هەڵە تێگەیشتنە لە چەمکی ئازادی".

هێمن رەفیق: بۆی هەیە توندوتیژی روبکاتە هەرماڵێک بۆیە پێویستی بە چارەسەرکردنە

لەبارەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی ریژەی توندوتیژی، هێمن رەفیق دەڵێت"هیوادارم هەموو سێکتەرەکانی حکومی، راگەیاندن، دامودەزگا یاساییەکان بەجددی بێنە سەرخەت بۆ ئەو بابەتە، چونکە ئەمە هەڕەشەیەکی گەورەیە بەسەر کۆمەڵگای ئێمەوە، رەنگە ئەم کێشەیە بێتە ماڵی هەر تاکێک لە ئێمە بۆیە پێویستە زۆر بە وریا بین لەسەر هەڵەیەک لەسەر هەر نا تێگەیشتنێک ئێمە کۆی شکۆی بەرامبەرمان لەبەر چاو نەبێت، زەربی سفری نەکەین هەڵەو کهەڵەو کێشەکان شایانی چارەسەرکردنن، بەڵام پەنابردن بۆ کوشتن لە ژێر هەر پاساوێکدا بێت، زوڵمێکی گەورەیە لە روانگەی ئایین، لە روانگەی مرۆڤایەتی و کەلتوریشەوە، هیوادارم دامودەزگاکانیش ئیشی خۆیان بکەن، و راگەیاندن هوشیارتر مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا بکات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین